سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » فەرید ئەسەسەرد: پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستان پێویست بوو

فەرید ئەسەسەرد: پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستان پێویست بوو

سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستان پێویست بوو، بۆ ئەوەی بتوانین بە سەنگێكی قورستر بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا بكەین و ئەنجامێكی باشتر بەدەستبهێنین.

وتیشی: «دوای هەڵبژاردن، بەدڵنیاییەوە زەمینەیەكی رەخساو دەبێت بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان، ئێمە و گۆڕان دەتوانین زیاتر لەیەك تێبگەین و كاری هاوبەش بكەین، چونكە پێشینەیەكی هاوبەشمان هەیە لەكاری سیاسیدا و پێشتر لە چوارچێوەی یەك حزبدا بووین».

مافێكە دراوە بە هەموو لایەنە سیاسییەكان
لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (سەعات 12)ی دەنگی گەلی كوردستان، فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باسی لە پێویستیی پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستان لە نێوان یەكێتیی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان كرد و رایگەیاند، یەكەمجار نییە كە هاوپەیمانیی لەو جۆرە بۆ هەڵبژاردنەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا پێكبهێنرێت، بۆ نموونەی پێشتر گەورەترین هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەناوی «هاوپەیمانیی كوردستانی» پێكهێنرا كە توانرا لەو هەڵبژاردنەدا دەستكەوتێكی باش بەدەستبهێنرێت.

وتیشی: «یەكێتی و گۆڕان پێویستیان بەو هاوپەیمانییە بوو، بۆ ئەوەی بتوانین بە سەنگێكی قورستر بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بكەین، هاوكات بە ئەنجامێكی باشترەوە لێی دەربچین. وەكو یەكێتی بۆچوونمان وایە كە دەتوانین پێكەوە ئەنجامی باشتر بەدەستبهێنین، دەتوانین پێكەوە پەیوەندییەكانمان سەرلەنوێ رێكبخەینەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكەی عیراق، بەدڵنیاییەوە ئەم هاوپەیمانییەی نێوان یەكێتی و گۆڕان، زەمینەیەكی رەخساو دەبێت بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانمان.

فەرید ئەسەسەرد روونیشیكردەوە، پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستان، بریتییە نییە لە ترسی یەكێتی و گۆڕان بۆ ئەوەی بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردنی نوێنەراندا بكەن، بەڵكو پێكهێنانی ئەم جۆرە هاوپەیمانییە مافێكە دراوە بە هەموو لایەنە سیاسییەكان.

پێشینەیەكی سیاسی هاوبەشمان هەیە
ئەوەشی وت: «بۆ ئەم هەڵبژاردنەی نوێنەران، تەنیا یەكێتی و گۆڕان نییە كە هاوپەیمانێتییان پێكهێناوە، نزیكەی 20 بۆ 25 هاوپەیمانێتی لە كۆمسیۆن تۆماركراوە بۆ ئەوەی پێكەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن».

وتیشی: «ئێمە و بزوتنەوەی گۆڕان پێشینەیەكی سیاسی و حزبی هاوبەشمان هەیە، پێشتر لە چوارچێوەی یەك حزبدا بووین، بۆیە ئێستا ئاسانتر دەتوانین لێكتێگەیشتن لەگەڵ یەكتردا دروست بكەین و بەرنامە هاوبەشەكانمان یەكبخەین».

سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، باس لە هەنگاو و هەوڵەكان بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی گۆڕان دەكات و روونیدەكاتەوە، ئەوەی لە ساڵی 2012دا لەنێوان یەكێتی و گۆڕان كراو بە رێكەوتننامەی دەباشان ناونرا، رێكەوتن نەبوو، بەڵكو لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش بوو، كە رێگەخۆشكەر بوو بۆ ئەوەی ئێمە پەیوەندییەكانمان ئاسایی بكەینەوە، دواتر ئەوەی لەساڵی 2016دا هاتەئاراوە، رێكەوتنێكی سیاسی بوو لە نێوان هەردوولادا، ئەوەی ئێستاش هەیە رێكەوتنێكە كە پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە هەیە.

دەگاتە ئاستی یەكگرتنەوە؟
وتیشی: «لایەنە سیاسییەكان زۆربەی سیستمەكانی هەڵبژاردنیان تاقیكردۆتەوە، سیستمی یەكەمی هەڵبژاردن لە عیراق بریتی بوو لە سیستمی یەك بازنەیی بۆ سەرتاسەری عیراق، دواتر گۆڕدرا بۆ ئەوەی هەر پارێزگایەك بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، ئێستاش سیستمی فرە بازنەیی لە عیراقدا جێبەجێ دەكرێت، ئێمە بە گونجاومان زانی كە بۆ ئەم سیستمە، ئەم هاوپەیمانێتییە دروست بكەین، چونكە لە قازانجی هەردوولا دەبێت و دەرفەتێكیش دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە جگە لەم رێككەوتنە، بگەین بە هەندێك لێكتێگەیشتن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا».

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەم هاوپەیمانێتییە دەگاتە ئاستی یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی یەك حزبدا؟، فەرید ئەسەسەرد وتی: «ئێستا ئێمە پابەندین بەو كاغەزەی كە هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕاندا ئیمزایان كرد، لەو كاغەزەدا باس لە پرسی یەكگرتنەوە نەكراوە، بەڵكو باس لە هاوكاری یەكتری دەكات بۆ هەڵبژاردنەكەی عیراق».

وتیشی: «پێموایە پرسی یەكگرتنەوە، پەیوەندیی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەوە هەیە، ئەگەر ئێمە بە كردەوە ببینین كە بەهۆی ئەم هاوپەیمانێتییەوە دەنگێكی باشمان بەدەستهێناوە، ئەوكات پێدەچێت پێداگیری لەسەر درێژەدان بەم هاوپەیمانییە بكەین. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە كە پێكەوە دەتوانین بەهێزتر بین و ئەنجامی باشتر بەدەستبهێنین».

ئەم هاوپەیمانێتییە لەسەر بنەمایەكی بەهێز و دروست پێكهێنراوە
بەوتەی فەرید ئەسەسەرد، دروستبوونی ئەم هاوپەیمانێتییە بەڵگەی ئەوەیە كە متمانە لە نێوان یەكێتی و گۆڕاندا دروست بۆتەوە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە كە ئەو متمانەیە تا چەند كاریگەری دەبێت لەسەر ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان. ئەمەش پەیوەندیی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە. ئەم هاوپەیمانێتییە لەسەر بنەمایەكی بەهێز و دروست پێكهێنراوە و بە بەراورد لەگەڵ پێشتردا، ئێستا پەیوەندییەكی بەهێزتر لە نێوانماندا هەیە و هەلومەرجەكەش گونجاوە بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندییەكانمان بدەین.

لەبارەی كاریگەری ئەم هاوپەیمانییە لەسەر ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، فەرید ئەسەسەرد وتی: «ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی پەیوەستن بە یەكەوە و جودا نین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاشتەوایی سیاسی بنچینەیە، كاتێك كە پەیوەندیی دوو لایەنی سیاسی گەشە دەكات، لە رووی بەرقەراربوونی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیشەوە رەنگدانەوەی دەبێت. بۆ نموونە ئێمە و پارتی كە دژی یەكتر بووین، دابەشبوونی كۆمەڵایەتیش لەنێوان هەردوولاماندا هەبوو، بەڵام كاتێك كە هاوپەیمانیی كوردستانیمان دروستكرد، رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر ئاستی بەهێزبوونی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی».

ئەوە ئێمە نین كە مەترسی دروست دەكەین
سەبارەت بەوەی ئایا ئەم هاوپەیمانێتییە نابێتە مەترسی بۆ سەر لایەنەكانی دیكە، سكرتێری ئەنجومەنی سەكردایەتی یەكێتی روونیكردەوە، «هەر لایەنێك بۆچوونی وابێت كە ئەم هاوپەیمانێتییە لە دژی ئەو پێكهێنراوە، ئەوە بە هەڵەدا چووە، چونكە ئێمە ئەگەر هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ گۆڕاندا نەكردایە، هەر كێبڕكێی هەڵبژاردنمان دەكرد لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا، بەڵام بەم هاوپەیمانێتییە ئاستی ئەو كێبڕكێیەمان كەمكردۆتەوە، بۆیە هیچ مەترسییەكی نییە بۆ لایەنە سیاسییەكانی دیكە. ئەو لایەنەشی كە ئەم هاوپەیمانێتییە بە مەترسی دەزانێت، خۆی مەترسییەكە دروست دەكات، ئەوە ئێمە نین كە مەترسی دروست دەكەین. ئەویش با هاوپەیمانێتی دروستبكردایە».

لەبارەی دواین سەردانی وەفدی باڵای یەكێتی بۆ بەغدا و هەنگاوە دیبلۆماسییەكانی، فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەدا، سەردانی وەفدی باڵای یەكێتی بۆ بەغدا و كۆبوونەوە و دیدارەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا، پەیوەندیی بە دروستكردنی هاوپەیمانێتییەوە نەبوو، هێندە پەیوەندیی بە نوێكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و هەروەها یەكێتی و لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا هەبوو.

ماوەیەكی زۆر بوو بەغدامان پشتگوێخستبوو، كە زیانی بۆ هەرێمی كوردستان و یەكێتی و لایەنە سیاسییە عەرەبییەكانیش هەبوو. هەڵەیەك بوو كردمان و ئەمجارە بەو سەردانە توانیمان قەرەبووی بكەینەوە.

وتیشی: «بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەوەیە كە دەبێت لەمەولا پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا نەبچڕێت و بەردەوام لە بەغدا بین، هەندێك دامو دەزگاشمان هەبێت، كە نوێنەرایەتی یەكێتی بكات لە بەغدا و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا بەهێز بكەینەوە».

 

 

دیداری فەرید ئەسەسەرد لە دەنگی گەلی كوردستان

 213 جار بینراوە