سەرەکی » راپۆرت » به‌خشینی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ له‌ كوردستان نه‌بووه‌ته‌ باو

به‌خشینی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ له‌ كوردستان نه‌بووه‌ته‌ باو

زانیار محه‌مه‌د حەسەن

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دا‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك نییه‌ تایبه‌ت بێت به‌گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ جه‌سته‌ له‌ مرۆڤێكه‌وه‌ بۆ مرۆڤێكی دیكه‌. به‌ڵام وه‌ك به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ر كردن‌ له‌ چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌دا نه‌شته‌رگه‌ریی گواستنه‌وه‌ و چاندنی ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ ئه‌نجام دراوه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ له‌ كوردستان ئاسان نییه‌.
ماوەی زیاتر لە چوار ساڵه‌ رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان دامەزراوە و سەرۆکی رێکخراوەکەش باس لەوە دەکات ئامانج له‌ دروست بوونی‌ ئه‌م رێكخراوه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ زۆر بوونی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ پێویستیان به‌ ئه‌ندامانی‌ جه‌سته‌ی‌ كه‌سانی‌ ترە. ئەمەش لە ئیستادا ڕوو لە زیاد بوونەوە بەهۆی زۆربوونی رووداوه‌كانی‌ هاتووچۆ و نه‌خۆشییه‌كانەوە و باس لەوەش دەکات کە به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك نییه‌ تایبه‌ت به‌گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ جه‌سته‌ بێت نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست له‌و رووه‌وه‌ هه‌نگاو بنرێت. هه‌رچه‌نده‌ له‌سلێمانی‌ به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ 100 ته‌ختی‌ دانرا، كه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ جه‌سته‌ ده‌بوو، به‌ڵام‌ به‌ هۆی‌ ئه‌م قه‌یرانی دارایی هه‌رێمه‌وه‌ ته‌واونه‌كرا و كاره‌كانی راگیراوه‌.
فەرهاد قادر محەمەد، سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ-ی هه‌فته‌ وتیشی: به‌گشتی‌ هاوڵاتیان گیانی‌ مرۆڤ دۆستانه‌ و به‌خشینیان زۆره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ گرفته‌ ئێمه‌ وه‌ك رێكخراوه‌كه‌مان مه‌رجمان بۆ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌بنه‌ ئه‌ندام ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت له‌كاتی‌ پڕ كردنه‌وه‌ی‌ فۆرمی‌ به‌ئه‌ندام بوون فۆرمی‌ دووه‌م كه‌ مه‌رجه‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی (باوك و دایك و براو خوشك و هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی) ره‌زامه‌ند بن كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ ئه‌ندامانی‌ جه‌سته‌ی‌ ده‌به‌خشێت، بۆیه‌ نزیك به‌ ٣٠٠٠ فۆرم دراوه‌ به‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌ندامانی‌ جه‌سته‌یان ببه‌خشن دوای‌ مردن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ خێزانه‌كانیان رازی‌ بوون تەنها نزیکەی ٤٠٠ خێزان بوون. له‌رێگه‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ ئێمه‌وه‌ لەمن ماوەیەدا به‌سوپاسه‌وه‌ توانرا خۆبه‌خشێك گورچیله‌یه‌كی‌ ببه‌خشێته‌ خانمێك كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌
پێشمه‌رگه‌ بوو.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئەگەر کەسێک بیەوێت بەشێکی جەستەی ببەخشێت ئێوە چۆن هاوکاری دەبن؟
سه‌رۆكی رێكخراوی جه‌سته‌ به‌خشان ده‌ڵێ: ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌بنه‌ ئه‌ندام راسته‌وخۆ له‌دوای‌ مردنی‌ یان له‌كاتێك بیه‌وتێ‌ له‌ژیاندا بێت له‌ریگه‌ی‌ رێكحراوه‌كه‌ی‌ ئێمه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ ته‌واو له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌یه‌ و كاره‌كه‌ ده‌كرێت.
ده‌رباره‌ی هه‌ماهه‌نگیی رێكخراوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دانه‌زراوه‌ حكومییه‌كان، فه‌رهاد قادر باس له‌وه‌ ده‌كات له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ رێكخراوه‌كه‌یاندا راسته‌خۆ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و یه‌كێتی‌ زانایان و لیژنه‌ی‌ فتووا كۆبوونه‌ته‌وه‌‌ و به‌نووسراوی‌ فه‌رمی‌ وه‌ڵامان دراوه‌ته‌وه‌‌ كه‌ «له‌ ئاینی ئیسلامدا كاری به‌خشینی ئه‌ندامی جه‌سته‌‌ پیرۆزه‌ و شیاوه‌، به‌و مه‌رجه‌ی‌ جه‌سته‌ی‌ مردووه‌كه‌ نه‌شێوێنرێت و خۆی‌ پێش مردن رازی‌ بووبێت»، به‌ڵام به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌ندامی خێزانی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێ دوای مردنیان ئه‌ندامی جه‌سته‌یان ببه‌خشنه‌ كه‌سانی تر، خێزانه‌كان واده‌زانن كه‌سه‌ ئازیزه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت ناوی‌ تۆمار بكات یان وه‌سیه‌ت بكات دوای‌ مردنی‌ ئه‌ندامانی‌ جه‌سته‌ی‌ ببخشێت ده‌ترسن وا ده‌زانن ئێتر ئازیزه‌كه‌یان ده‌مرێت و نابێت وه‌سیه‌تی‌ وا بكات.
سه‌رۆكی رێكخراوی جه‌سته‌ به‌خشان ئاماژه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی دارایی رێكخراوه‌كه‌یان و هاوكاره‌كانیان ده‌كات و ده‌ڵێ: به‌داخه‌وه‌ هاوكاریییه‌كان له‌ ئاستی پێویست نین. خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ماوه‌ی‌ دوو مانگ كرێ‌ باره‌گای‌ بۆ دابین کردین و چه‌ند كۆمپانیایه‌ك له‌كاتی‌ بۆنه‌كانمان ده‌بنه‌ سپۆنسه‌رمان كه‌ بریتین له‌ كۆمپانیای‌ پایۆنێر بۆ پیشه‌سازی‌ ده‌رمان و گروپی‌ كۆمپانیاكانی‌ هێمن ئه‌بوبه‌كر كه‌ هه‌مووان جێگای ستایش و سوپاسن له‌ پای هاوكارییه‌كانیان.

print

 303 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*