سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » شەڕی سیبرانی شای شەڕەکان

شەڕی سیبرانی شای شەڕەکان

جاران ئەگەر کێشەیەک لە کۆمپیوتەرەکەمان دروست دەبوو دەمان وت هاک کراوین، هاک کەوتە سەرزار و دواتر لامان روون بووە کە ئەمە کەسێک یان لایەک دەیکات، بەمەبەستی تێکدانی بەرنامەکانی بەرامبەر یان راگرتنی یان دزینی زانیاریی.

هاکی ئەوکات بووەتە سیبرانی ئێستا، سیبرانی بەو هێرشانە دەوترێت کە دەکرێتە سەر تۆڕەکانی کەمپیوتەر بە ئامانجی دزینی زانیاری و گۆڕینەوەی لە بەرامبەر پارە، یان تێکدان و سەر لێشێواندنی بەکارهێنەرەکەی، یان گۆڕینی زانیارییەکان و چەواشەکردنی و تێکدانی ژمارەکان و راگرتنی پرۆژە بازرگانییەکان.

سیبرانی پێدەچێت هیچی کەمتر نەبێت لە کاریگەریی هەرە پێشکەوتووترین چەکە سەربازییەکان، چونکە دەتوانێت هەموو نهێنییەکان ئاشکرا بکات، ئەگەر هەر لایەنێکیش زانیارییەکانی نەیارەکەی خۆی بە ئاسانی بەدەست هێنا ئەوە دەتوانێت شێوازی بەرەنگار بوونەوەی بۆ دابنێت بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت. سیبرانی بەئاسانی سەرچاوەی بکەرەکەی ئاشکرا نابێت، تۆمەتبارکردنی هەر لایەکیش تەنها لە گومانەوە دێت.

ئاسایشی سیبرانی
سیبرانی خێر و بەرەکەت نییە تا بە یەکسانی بەسەر وڵاتاندا دابەش بکرێت و سوودی لێوەربگرن، بەڵکو دەبێت بە هەموان لە روویدا بوەستنەوە و نەهێڵن بە مەبەستی خراپ بەکاربهێندرێت، لەبەر ئەمەیە وڵاتان بە چڕی لە هەوڵی ئەوەدان ئاسایشی سیبرانی بەهێز بکەن، ئەمە پێکدێت لە کۆمەڵێک شێواز بۆ سنووردارکردنی ئەو هێرشانە کە دەکرێنە سەر دەزگای ژمێریاری و تۆڕ و بەرنامەکان.

ئاسایشی سیبرانی ئەو هێرشانە سنووردار دەکات و ڤایروسەکان ئاشکرا دەکات روبەڕوویان دەبێتەوە و پەیوەندییە جفرەدارەکان ئاشکرا دەکات، ئەگەر چی تا ئێستا بەلای هیچ کام لە زیانپێکەوتووەکانەوە روون نەبووەتەوە سەرچاوەکەی کوێیە.

جفرە بەشێکە لە تاکتیکی سەربازی، پێشمەرگەش لە شۆڕشەکانی کورد دا لە دژی دوژمنانی بەکاری هێناوە، جفرە ئەو زمانەیە کە لەسەری پێکدێن و لە رێگەی بێسیم و تەلەفۆن و نامەوە بەکار دەهێندرێت و پیتە بەرامبەرەکانی لای هەردوولا هەیە و بەراورد دەکرێت تا تێکستی مەبەست دەردەکەوێت.

زمانی جفرە ئێستاش بۆ پەیوەندییە سەربازییەکان بەکاردێن، سیبرانی دەیەوێت ئەو زمانانەش ئاشکرا بکات، ئەگەر ئەو زمانی جفرەیە لە ناو تۆڕی کۆمپیوتەردا تۆمار بکرێت و بنێردرێت، ئەوە ئاسانە بۆ سیبرانی تا پەی پێببات، سیبرانی هەوڵی دۆزینەوەی جفرەکانیش دەدات، ئاسایشی سیبرانیش دەیەوێت رووبەڕووی ئەمەش ببێتەوە.

لە دوا لووتکەی کۆبوونەوەی جۆ بایدن و ڤلادیمیر پوتین لە جنیف ئەم بابەتە یەکێک بوو لە خاڵە گرنگەکانی باسکردنی نێوانیان، هێندەی پێشبڕکێی خۆپڕچەک کردنی مووشەک و چەکی ئەتۆمی باسی لێوە کراوە، کەچی نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، ئەوان شک و گومانیان لە یەکترە، بەڵام پێناچێت وەک دەسەڵات یان دەزگای هەواڵگریی خۆیان ئەم هێرشانە بکرێت، بەڵگەش بۆ ئەمە پۆتین لە بەرنامە ساڵانەکەیدا لە رێگەی ئۆنلایینەوە و وەرگرتنی سکاڵاو پێشنیارەکانی خەڵک، لەو کاتەدا مۆبایلەکەی خۆی کەوتە ژێر ئەو هێرشەوە و نەشیانتوانی بیدۆزنەوە.

ئەگەر ئەم هێرشانە لەدەرەوەی دەسەڵاتە جیهانییەکان( زلهێزەکان) بێت، ئەوە دەتوانین بڵێین مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداریی لە رێگەی تەکنۆلۆژیاوە بەڕێوەیە و دەبێت روبەڕووی ببنەوە، ئیدی چیدی سەرمایەداریی جیهانی ناتوانێت لەرێگەی هێزەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و ئارام بێت، هێزێکی دیکەی نادیار هەیە کە لە بەرژەوەندییەکانی بدات، هێرشەکانیش بۆسەر شوێنە بەهادارەکان دەکرێت تا هەرچی زیاتر دەستکەوتی تیادا بێت، ئەمەش سەرکوت بکرێت شتێکی دیکەی هاوچەشن تەنگ بە سەرمایەداریی هەڵدەچنێت، ئێمەش لەم نێوەندەدا هێندەی دیکە نهێنییەکانمان ئاشکرا دەبێت و پەیوەندییەکانیش کۆنتڕۆڵ دەکرێن، بۆئەوەی زانیارییە گرنگەکان بگۆڕدرێتەوە بەرامبەر بە پارە، لەم ناوچەیەشدا سەرمایەداری خەیاڵی و تۆڕی پەیوەندیی نهێنی زۆرن کە بکرێنە ئامانج، ئەوکات بە چۆکپێدادانی سیاسی یان ملکەچ بوون بە پارەدان دەگۆڕدرێتەوە.

 91 جار بینراوە