سەرەکی » راپۆرت » رۆڵی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی لە چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەرزدەنرخێنرێتپەڕە 27

رۆڵی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی لە چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەرزدەنرخێنرێت

״لەم مانگەوە مووچە بە بێ لێبڕین دابەشدەكرێت״

راپۆرتی، تەها عەبدوڵڵا و جێگر خدر

لە كۆبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی كوردستاندا، بڕیاردرا كە مووچە بەبێ لێبڕین دابەشبكرێت، ئەمەش دوای ئەوەدێت لە چەند رۆژی رابردوودا لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق لە یاسای بودجەی 2021دا، یەكەمین بڕە پارە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە كە بڕی 200 ملیار دینارە خرایە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و چاودێرانی سیاسی رۆڵی وەفدی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لە بەغدا بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی لە چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەرزدەنرخێنن.

״هەڵدانەوەی لاپەڕە‌یەكی نوێ״
لە ماوەی رابردوودا، وەفدی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق، 20 جار چوونەتە بەغدا و زیاتر لە 50 رۆژ لەوێ ماونەتەوە، لەبارەی ئەنجامی ئەو سەردانانەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەمیانی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم، رایگەیاند: لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، گفتوگۆی زۆرمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەبووە و ئەنجامەكەشی پەسەندكردنی ‌یاسای بودجەی 2021 بوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، كە ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیوادارین ببێتە مایەی هەڵدانەوەی لاپەڕە‌ی نوێ لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵیدا.

״مووچە بە بێ لێبڕین دابەشدەكرێت״
لەلایەكی دیكەوە، سەمیر هەورامی سكرتێری رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە: ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێم كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەبارەی بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان كرد، «لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا مووچە بە بێ لێبڕین دابەشبكرێت»، وتیشی: ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێم پاش ئەوەدێت كە حكومەتی عیراق لەسەر بنەمای یاسای بودجەی 2021ی عیراق بڕی 200 ملیار دیناری وەك سلفەی دارایی بۆ هەرێم ناردووە، هەروەها رێكخستنەوە و زیادبوونی داهاتەكانی ناوخۆش هۆكارێكی ترن بۆ دابەشكردنی مووچە بەبێ لێبڕین.

جێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا
هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند: یەكەمین بڕە پارە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عیراقەوە كە بڕی 200 ملیار دینارە خرایە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەدابوو: لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراقدا، یەكەمین بڕە پارە لەلایەن حكومەتی فیدراڵیی عیراقەوە، كە بڕی 200 ملیار دینارە، خرایە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

״ئەنجامی سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمە بۆ بەغدا״
هەرلەوبارەویەوە، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئێستا ئەنجامی سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا بەكۆتاهێنانی لێبڕینی مووچە دەردەكەوێت كە بەهۆی رێكەوتنی وەفدەكە و هاتنی پارە لە بەغداوە توانرا مووچەخۆران كە چەند ساڵێكە بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە مووچە وەردەگرن، ژیانیان باشتر بكرێت و لەم مانگەوە مووچەی تەواو وەربگرن.

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هەوڵەكانی وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا و رێكەوتن لەسەر یاسای بودجە و ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە كە بووە هۆی كۆتایهێنان بە لێبڕینی مووچە، رایگەیاندووە: لەماوەی رابردوودا گرنگترین سەرچاوەی داهات لە هەرێمی كوردستان پشكی هەرێم بووە لە بودجەی عیراق پارێزراو بووە و هاتووە و كێشەی مووچە لە هەرێم نەبووە، بەڵام لە چەند قۆناغێكی جیاجیا كێشەی بۆ دروستبووە، بەتایبەت كێشەی سیاسی، بۆیە هەوڵەكان لەساڵی 2019وە چڕكرابوونەوە تا هەرێم لەگەڵ بەغدا بگاتە رێكەوتن، تیمی حكومەتی هەرێمیش بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران چەندینجار سەردانی بەغدای كرد و تا ئەمساڵ لەكاتی پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2021ی عیراقدا توانیان پشكی هەرێم لە یاساكەدا جێگیر بكەن.

وەفدی هەرێم لە بەغدا بە شێوەیەكی فراوان گفتوگۆكانی كرد
ئارەزوو مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ناردنی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی ئەمساڵ لەلایەن حكومەتی عیراق و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ لێبڕین، لە ئەنجامی گفتوگۆ و رێكەوتنی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ هاتەكایەوە، بە تایبەتی ئەمجارە وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی بە شێوەیەكی فراوانتر گفتوگۆكانی كرد و ماوەیەكی زیاتر لە بەغدا مایەوە، ئاماژەی بەوەشدا «چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەنگاوێكی باش دەبێت بە ئاراستەی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی دیكە كە تا ئێستا لە نێوان هەرێم و بەغدا ماون، لەوانە مادەی 140 و پرسی پێشمەرگە ‌و سەرجەم مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، بۆیە هەر كاتێك كێشەی ئابووری چارەسەر بێت، بە دڵنیاییەوە دۆخێكی ئارامتر بۆ گفتوگۆ دەڕەخسێت».

رۆڵی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم
لای خۆیەوە، عەبدولناسر ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هەمیشە لەگەڵ ئەوەین بە گفتوگۆ كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن، وتیشی: چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی بڕێك پارە لە بەغداوە، لە ئەنجامی سەردانەكانی وەفدی هەرێم بووە بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كە رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە نزیكبوونەوەی هەردوولا.

پەیوەست بەو بابەتە، د.نادر نانەكەلی مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: نەمانی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مایەی دڵخۆشی خەڵكی كوردستانە، بە تایبەتی مووچەخۆران و فەرمانبەران، لێرەشەوە دەبێ ئاماژە بەوەبكەین ئەو بڕیارە لە ئەنجامی هەوڵ و كۆششی وەفدی حكومەتی هەرێم و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكومەتی عیراق دێت.

وتیشی: لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و زیادبوونی گرژییەكانی نێوان هەردوولا، جۆرێك لە بێهیوایی بۆ چارەسەری كێشەكان دروستببوو، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە پرسی دارایی و مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، بەڵام خۆشبەختانە وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی بەردەوام بوو لە هەوڵەكانی بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا و بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، سەرئەنجام توانرا ئەنجامێكی باش لەو گفتوگۆیانە بەدەستبهێنرێت، كە ئەمڕۆ بەرهەمەكەی دەبینین.

 200 جار بینراوە