سەرەکی » دۆسێ » چڕبوونەوەی هێرشەكان بۆسەر هێزەكانی ئەمریكاپەڕە 26

عەین ئەسەد و فڕۆكەخانەی هەولێر ئامانجن

چڕبوونەوەی هێرشەكان بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا

هێشتا دیار نییە کە ئاخۆ چەقبەستنی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاكان لەسەر تاران، پەیوەستە بە هێرشەكان بۆسەر بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عیراق بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك کە بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانەش لەلایەن «دەستەی هاوئاهەنگی مقاوەمەی عیراقی» كە چەند گروپێكی وەك «عەسایب و كەتیبەكانی حزبوڵڵا و نوجەبا و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا» لەخۆ دەگرێت، لەئەستۆدەگیرێن؟

بەڵام قەیس خەزعەلی سەركردەی میلیشیای «ئەهل الحق» لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو:» هێزەكانی مقاوەمە باڵیۆزخانەی ئەمریكایان نەخۆستۆتە هاوكێشەی وەڵامدانەوەی واشنتۆن»، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ بێبەریكردنی هێزە چەكدارە شیعەكان لەو هێرشانەی كرانە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا.

بە وتەی خەزعەلی»گەر مقاوەمە باڵیۆزخانەی ئەمریكا بخاتە (چوارچێوەی هاوكێشەی وەڵامدانەوە) ئەوا مووشەكی كاتیۆشا كە بەوە ناسراوە ئامانجەكانی بە وردی ناپێكێت و لە دەورووبەری ناوچەكانی جێنیشتەجێی هاووڵاتیان دەكەنەوە خوارەوە بەكارناهێنێت، بە تایبەت لەگەڵ بوونی ئەو چەكانەی بە وردی ئامانجەكان دەپێكن، وەك چۆن لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییەدا سەلمێنرا».

قەیس خەزعەلی دەڵێت»تۆڵسەندنەوە بۆ خوێنی شەهیدان ئەمانەتێكە و لە ئەستۆیاندایە، تەنیا بە چوونەدەرەوەی هێزە داگیركارەكان سازشی لەسەر دەكەن».

بەئامانجگرتنی عەین ئەسەد و فڕۆكەخانەی هەولێر
لە 7ی تەمموزی 2021، بە 14 مووشەك بنكەی عەین ئەسەد كرایە ئامانج كە سەربازەكانی ئەمریكای تێدایە لە پارێزگای ئەنباری خۆرئاوای عیراق، لە هێرشەكەدا دوو كەس بەسوكی برینداربوون، ئەمەش بە وتەی كۆڵۆنێل واین ماروتۆ وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

هێرشەكەی سەر عەین ئەسەد دوای ئەو هێرشە بوو كە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو كرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كە نزیكە لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، بەبێ‌ ئەوەی كەس ببێتە قوربانی و زیانی ماددی لێبكەوێتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم وایان وت.

پێشێلكردنی سەروەری عیراق
لای خۆیەوە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاندبوو، بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی هەولێر و بنكەی عەین ئەسەد، پێشێلكارییەكی ئاشكران بۆ هەموو یاساكان، و دەستدرێژیین بۆسەر شكۆی دەوڵەت و پابەندبوونی نێودەوڵەتی.

یەحیا رەسوڵ لە بەیاننایەكدا رایگەیاند»حكومەتی عیراقی تەئكید لەسەر راوەدونانی لەیاسادەرچووان دەكات، رەتیشیدەكاتەوە رێگە بدات خاكی عیراق و ئاسایشی هاووڵاتیانی بكرێنە گۆڕەپان بۆ كاردانەوەكان، رێگەچارەی ئاشتی و جەنگیش تەنیا لە دەستی دەوڵەتدان».

حكومەتی عیراق ناسنامەی ئەوانەی ئاشكرا نەكردبوو كە لە پشت هێرشەكانی پێشووی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز، و بنكەی ئاسمانی بەلەد لە سەڵاحەدین، و بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدا، و بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبارەوە بوون، وێڕای راگەیاندنی بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو هێرشانە، لە هەمان كاتدا چەند گروپێكی چەكدار لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بەو هێرشانەی دەربڕی و وەك تۆڵەكردنەوەش بۆ كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بۆردومانێكی ئەمریكایی لە سەرەتای ساڵی 2020، وەسفیان كرد.

لای خۆیەوە بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووتری سەرۆك وەزیران لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو»بەردەوامبوون لەسەر بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عیراق، لەلایەن هەندێك لە گروپە چەكدارەكان لەكاتی بەڕێوەچوونی دانوستانە حكومییەكان بۆ پاشەكشەكردنی هێزە بیانییەكان، وامان لێدەكات هەزار نیشانەی سەرسوڕمان دابنێین و بگەینە ئەو ئاكامەی: ئەوانەی هێرشەكان دەكەن، نایانەوێت هێزە ئەمریكاییەكان لە وڵاتدا بچنەدەرەوە !».

هەندێك لە لایەنە شیعەكان ئاستی داواكارییەكانیان لەم ماوەیەی دواییدا بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا بەرزكردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتۆن لە 28ی حوزەیرانی رابردوو رایگەیاند»هێرشی ئاسمانی كردۆتە سەر میلیشیا چەكدارەكان لە عیراق و سوریا، وەك وەڵامێك بۆ ئەو هێرشانەی بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كرانە سەر هێز و دامەزراوە ئەمریكاییەكان لە عیراق».

خۆسەلماندن
دكتۆر ئیحسان شەممەری سەرۆكی سەنتەری بیركردنەوەی سیاسی پێیوایە، بەرزبوونەوەی ئاستی هێرشەكان بۆسەر بنكەكانی ئەمریكا، هەوڵێكن بۆ خۆسەلماندن بەرامبەر بە جەماوەرەكانیان، ئاماژەی بە وەڵامدانەوەی چاوەڕوانی ئەمریكاش كرد لەبەرامبەر ئەو هێرشانە.

شەممەری دەڵێت»ئەو هێرشانە هەوڵێكن لەلایەن گروپە چەكدارەكان، تا لێدانەكانی ئەمریكا بێ‌ بەها بكەن، لە هەمان كاتدا وەك گوشار بەكاردەهێنرێن دژ بە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە دانوستانە چاوەڕوانكراوەكانی لەگەڵ ئێران».

بە بۆچوونی شەممەری»ئەو گروپانە لەبەردەم شایستەی سیاسی داهاتوودان، و پێویستییان بەو جۆرە هێرشانەیە بۆ خۆسەلماندن بەرامبەر بە جەماوەرەكانیان، و بۆ شەرمەزاركردنی حكومەتی عیراقە لەبەردەم هاوبەش و دۆستەكان و پرۆژەكانی كرانەوە بەڕووی عەرەب و ئەوروپا، لە هەمان كاتدا خستنەڕووی وێنانەیەكە بۆ شەقامی عیراقی لەڕووی بێتوانایی حكومەت لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی بێخەوش لەسایەی پشێوی و پاشاگەردانی لە وڵاتدا».

سەرۆكی سەنتەری بیركردنەوەی سیاسی پێشبینی دەكات، وەڵامی ئەمریكایی بە دوو ئاراستە بێت، یەكێكیان سیاسی لەڕێی مێزی دانوستان لە «ڤییەنا»، بە دانانی مەرج لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ تاران، تا چی دی یارمەتی گروپە چەكدارەكان نەدات، ئەوی تر سەربازییە لەڕێی هێرشی سەربازیی جۆری و لێدانی گورچڕكبڕ.

ئاماژە بە داواكاریی كۆمەڵی نێودەوڵەتیش دەكات لە حكومەتی عیراق، تا بەرپەرچی ئەو هێرشانە بداتەوە كە دەبنە مایەی پاشەكشەكردنی لە بەڵێنی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكان.

كاریگەرنیین
موئەیەد جحێشی، سەرۆكی پەیمانگەی عیراقی بۆ فیدراڵی پێیوایە، هێرش و پەلاماریی گروپە چەكدارەكان لەدژی بنكە ئەمریكاییەكان كاریگەر نەبوون و هێزە مرۆییەكانیان نەكردۆتە ئامانج، ململانێكەشی بە ململانێی ئەمریكایی و ئێرانی وەسف كرد.

جحێشی دەڵێت»ئەو هێرشانە تەنیا گوشارێكن بۆسەر وڵاتانی (5+1) و دانوستانەكانی (ڤییەنا)، تا لایەنەكانی سەر بە ئێران لە گۆڕەپانی عیراقیدا بۆ ئایندە بەهێزتر بكەن، هەروەها تا بڵێن، لێدانەكانی ئەوان ئەمریكاییەكانی دەركرد، بۆ ئەوەی لە دواییدا پۆست و پێگە وەربگرن».

بە بۆچوونی جحێشی، پاشەكشەكردنی ئەمریكا دەبێتە مایەی رادەستكردنی عیراق بە گروپە چەكدارەكان.

لێدانەكانی ئەمریكا سنوردارن
غازی فەیسەڵ، سەرۆكی سەنتەری عیراق بۆ توێژینەوەی ستراتیژی پێیوایە، وەڵامدانەوەكانی ئەمریكا چەند خاڵێكی سنوردار دەكەنە ئامانج، هەرچەندە كەتیبە چەكدارەكان زیاتر لە 300 هێرشیان كردۆتە سەر ئەو ناوچانەی ئەمریكاییەكانی تێدا لە عیراق.

فەیسەڵ دەڵێت»وەڵامدانەوەی ئەمریكایی هەندێك خاڵ دەكاتە ئامانج كە بنكەكان و عەمبارەكانی چەك ستراتیژییە گرنگەكانی ئێران یان كەتیبە چەكدارەكانی سەر بە سوپای پاسداران لەخۆدەگرن لە چوارچێوەی مافی شیاوی بەگریكردن لەخۆ»، ئەو وەڵامدانەوەیەش بە تەكتیكی دادەنێت.

سەرۆكی سەنتەری عیراق بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، ئاماژە بە بوونی زیاتر لە 33 رێكخراو دەكات كە»پەیوەستن بە سوپای پاسدارانی ئێرانی و خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دادەنێن و پەیوەەندییان لەگەڵ عەلی خامنەیی هەیە، لە سایەی ستراتیژی ئێرانی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكاتە ئامانج، بۆیە ئێمە رووبەڕووی كێشەیەكی عەقائیدی ئاینی و مەزهەبی بوینەتەتەوە و ئەو چوارچێوەش زۆرێك لە رێكخراوە چەكدارەكان لەخۆدەگرێت».

غازی فەیسەڵ، جەخت لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی دەكات بۆ ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی «ناكرێت جەنگەكان بەمشێوەیە لە ناوچەكەدا بەردەوامبن».

 219 جار بینراوە