سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » سوپای تورکیا لە ئەفغانستان چی بەسەر دێت؟

سوپای تورکیا لە ئەفغانستان چی بەسەر دێت؟

هیوا محەمەد

تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ لەگەڵ ئەمریکا خۆی خزاندە ناو ئەفغانستان بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی تالیبان، لەماوەی مانەوەیدا لەو وڵاتە هاوشێوەی لیبیا و هەرێمی کوردستان، هەمیشە لە هەوڵی چەسپاندنی هەژموونی خۆیدا بووە، چ لە رێگەی ئایینییەوە وەک (قەڵای عوسمانیی سوننەگەر) چ وەک هێزێکی گەورەی ناوچەکە.

تورکیا لەو ماوەیەدا توانیویەتی هەزاران کەسی خەڵکی ئەفغانستان بکاتە هەواداری خۆی و کاریگەرییان لەسەر دابنێت، هەروا زۆریشی گواستۆتەوە بۆ ناو تورکیا و خولی راهێنان و تیوریی بە (شێوازی هێڵی ئیسلامگەرایی خۆیان) بۆ کردونەتەوە.

تورکیا بە نیازی کشانەوەیە لە ئەفغانستان؟
ئێستا ئەوانە هەریەکەیان بوونەتە کادرێک و بە نوێنەرایەتی میتەکان لەناو خەڵکی ئەفغانستاندا کار دەکەن، ئەمەش وای کردووە کە ئەنقەرە بڕیاری کشانەوە نەدات لەو وڵاتە، ئەگەرچی ئەمریکا و ناتۆش هەموویان دەکشێنەوە.

تورکیا بە بیانووی پاراستنی فڕۆکەخانەی کابول خۆی دەهێڵێتەوە، ئەمە رەنگە بۆ حکومەتی ئەفغانستان جێی خۆشحاڵی و پێشوازیی بێت، بەڵام یەکەمین چرای سووریان لای تالیبانەوە بۆ داگیرسێندرا و داوایان لێکرا کە وەک ئەمریکییەکان وڵاتەکەیان چۆڵ بکەن، ئەگەرنا هێرشیان دەکەنە سەر.

ئەفغانستانی دوای وەدەرنانی سوپای سووری سۆڤێت، ئەوەی لێکەوتەوە کە دیتمان و بووە سەرچاوەی دوو شتی مەرسیدار و هەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەویش تیرۆر و توندڕەوی بوو، کە گەورەترین چالاکییان لە 11 ی سێپتەمبەر بوو لە ئەمریکا و هێنانی سوپای ناتۆی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ ئەفغانستان، ئەوەی دیکەشیان بڵاوبوونەوەی فراوانی مادە هۆشبەرەکان بوو بە جیهاندا کە لەم وڵاتەدا بەرهەم دەهێندرا.

دەیان گروپی توندڕەوی
تێدا دروست بووە
ماوەی پێش و پاش سەرهەڵدانی تالیبان، دەیان گروپی گەورە و بچووکی ئیسلامی لەم وڵاتەدا دروست ببوون کە هەریەکەیان سەر بە تیرە و تایەفەیەک بوون، هەموو ئەمانە بەپێی ناوچەی جوگرافیایی و تائیفی دابەش بوون و تیاشیاندا بەدەگمەن دوانیان لەگەڵ یەکدا هاوڕا دەبوون و دەکەوتنە یەک سەنگەرەوە، ئەگەر بشبوایە ئەوە زۆر کاتی بوو.

لەناوەڕاستی حەفتاکانەوە شەڕ و کۆدەتا و هاتنی هێزی دەرەکی و داگیرکاریی رووی لەم وڵاتە کردووە، هێندەیان خوێنی یەکتر رشتووە چاویان سوور بووە، چەند ملیۆنێکیان لێ ئاوارە بووە بە هەموو جیهاندا، لەسەر ئاستی جیهانیش لە پێشەوەی هەژاری و دواکەوتوویی دان.

ئەم شەڕانەش ناکۆکییەکان و دوژمنایەتییەکانی نێوانیانی قووڵتر کردوەتەوە، ئەوانەی لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا سەریان داخستبوو، بەهۆی بوونی هێزەکانی ناتۆ لەوێدا، ئێستا لەدوای کشانەوەی ئەوان، وێڕای تالیبان سەرهەڵدەدەنەوە و بە چەکە قورسەکانیانەوە دێنەوە مەیدانی یەکلاکەرەوە بۆ سەندنەوەی پشکەکانی خۆیان.

شەڕەکان درێژەیان دەبێت
شەڕەکان هەروەک سەرەتا چۆنیان دەست پێکرد ئاواش بەهەمان میتۆد درێژەی دەبێت، هەرچی گروپە ئیسلامییەکانە (کە پێدەچێت نزیکەی 3 هەزار کەسیان لە باکووری ئەم وڵاتەدا هەبێت و پێشتر لەلایەن تورکیاوە گواستراونەتەوە بۆ ئەوێ) ئامادەن بۆ شەڕی یەکلاکەرەوە. ئەمان لەگەڵ تالیبان دانوویان ناکوڵێت و زۆر دژی یەکن، بەجۆرێک کاتێک یەکتر بە دیل دەگرن یەکسەر دەیانکوژن، بەشێکیش لە هۆزەکان لە دژی تالیبان وەستاونەتەوە لە خوارووی ئەفغانستان و بەشێکیش لە باکوور و رۆژهەڵاتی ئەفغانستان.

بەم پێیە شەڕێکی گەورە و فراوان لەنێوان ئەم هەموو هێزانەدا روودەدەن و هێزی نوێی وەک داعش و هەروەها گروپی چەکداری نزیک لە تورکیا، دەڵێین تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ 20 ساڵی رابردوودا جیاوازە، لەوەی کاتێک وەک ناتۆ چووە ئەو وڵاتەوە، ئێستا گروپی چەکداریی بابەتی داعش هەن کە تورکیا لە دژیان نییە، ئەوانەش هەن کە لەو ماوەیەدا تورکیا دروستی کردوون، ئەمە سەرباری ئەوەی هەموو ئەو گروپە ناکۆکانەش ماون کە لەدوای کشانەوەی سۆڤێت سەریان هەڵدا.

سەرۆکی تورکیا دەڵێت ( گرنگترین پێگەی تورکیا لە سەرکەوتنەکانیدایە لە گۆڕەپانی سەربازیدا، هەروا دەڵێت: کاردەکەین لە پێناوی هاوپشتیکردنی براکانمان لەوانەی پێیان خۆشە هاوشانی ئێمە هەنگاو بنێن، لەهەر ناوچەیەکی ئەم جیهانە بن. ئەم وتانە لە چالاکییەکدا لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانی لە ئیستانبوڵ رۆژی هەینی رابردوو باسی لێوەکردووە، بەگوێرەی سەرچاوە سایتی روسیا الیوم. ئەم وتانەی ئەردۆغان لەم ساتەدا کە کێشەی ئەفغانستان گەیشتووەتە ئەم دۆخە، پەیامێکی روونە و وەک چۆن لەسەر داوای بەشێکی حکومەتی لیبیا هێزیان ناردە ئەو وڵاتە، ئێستاش بوونەتە گرفت بۆیان، ئاواش بەئاسانی لە ئەفغانستان ناکشێنەوە، چونکە ئەوە بەشێکە لە ئەجێندای تورکیا و لە ماوەی ئەو 20 ساڵەی رابردووەدا کاریان بۆ کردووە و نایانەوێت بێ بەدیهاتنی ئامانج ئەگەر کاتییش بێت دەستبەرداری ببن.

ئەمریکا بەکشانەوەی چەند نیشانەیەک دەپێکێت
هەرچی ئەمریکاشە بە کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە ئەفغانستان چەند نیشانەیەک دەپێکێت یەکێک لەوانە، بریتییە لە نانەوەی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا کە دەبێتە هۆی کوشتاری و هەرکەسیش بکوژرێت سەر بەو رێکخراوانەیە کە بە لای ئەمریکاوە نەیار و لە بەرەی تیرۆریزمدان.

 215 جار بینراوە