سەرەکی » راپۆرت » لە تونس چی روویدا و بارودۆخ بەرەو كوێ‌ دەڕوات؟پەڕە 2

لە تونس چی روویدا و بارودۆخ بەرەو كوێ‌ دەڕوات؟

ئا: یادگار عەلی

شەوی 25/7/2021 قەیس سەعید سەرۆك كۆماری تونس دوای گوشاری زۆری خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە كارەكانی پەرلەمانی وڵاتەكەی سڕكرد و كابینەی حكومەتیشی هەڵوەشاندەوە. باس لەوەش دەكات: هەركەسێك گولـلەیەك بەرووی هێزە ئەمنییەكاندا بتەقێنێت، بەهەمان شێوە وەڵام دەدرێتەوە. ئەم رووداوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە.

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت
لە پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەكانی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان قەیس سەعید سەرۆك كۆماری تونس، پشتبەست بە بەندی (80) لە دەستووری هەمیشەیی وڵاتەکەی و لەپێناوی (پاراستنی ئاسایش و سەروەریی و سەربەخۆیی تونس)، كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد. هەروەها بەپێی بڕیارەكان (هیشام مەشیشی) سەرۆكی حكومەتی تونسی لە كارەكەی دوورخستەوە و كارەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی (30) رۆژ سڕكرد لەگەڵ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سەرجەم ئەندامانی نوێنەرانی گەل و گواستنەوەی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن بە یارمەتیی سەرۆك وەزیران كە سەرۆك كۆمار دایدەمەزرێنێت بۆ سەرۆك كۆمار.

هەروەها سەرۆك كۆمار دەسەڵاتەكانی داواكاری گشتی وڵات پیادە دەكات و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو تاوانانە دەكات کە بەرامبەر گەلی تونس کراون.

سەرۆك كۆمار باس لەوەش دەکات کە بڕیارەكان مانای راگرتنی دەستوور نییە، بەڵكو بەپێی بەندی (80) لە دەستوور و لەپێناوی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی و سەربەخۆیی وڵاتدا دەركراون.

کاردانەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە
دوای دەركردنی ئەو چەردە بڕیارە لەلایەن سەرۆكی تونسەوە، هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە كە بۆ خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایی لە دژی خراپیی دۆخی ئابووری رژابوونە سەر شەقامەكان ‌و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ‌و گۆڕینی سیستمی وڵاتیان دەكرد ‌و خراپیی دۆخی تەندروستی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و ئابووریی تونسیان خستە ئەستۆی بەرپرسانی وڵاتەكەیان، كەوتنە خۆشی دەربڕین ‌و ئاهەنگگێڕان ‌و پێشوازییان لە بڕیارەكانی سەرۆكی وڵاتەكەیان كرد.

كاردانەوەی ناوخۆیی
بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی تونس پشتیوانییان بۆ بڕیارەكانی سەرۆكی وڵاتەكەیان دەربڕی ‌و پێیانوایە تونس لە قەیرانەكان رزگار دەكات ‌و كۆڵەكەكانی سەقامگیریی لە وڵاتەكەیان دەچەسپینێت.

لەو بارەیەوە، حزبی هاوپەیمانی لەپێناوی تونس، پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو بڕیارەكانی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەربڕی، لە نێویشیاندا دوورخستنەوەی سەرۆكی حكومەت لە پۆستەكەی ‌و هەڵپەساردنی كارەكانی پەرلەمان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.

لای خۆشیەوە، بزووتنەوەی گەلی تونس رایگەیاند: سەرۆك كۆمار لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتدا هەڵسوكەوتی كردووە ‌و لە دەستوور لای نەداوە. هەروەك پشتیوانیی خۆشی بۆ بڕیارەكانی سەرۆك كۆمار دەربڕی ‌و بە رێگەیەكی راست وەسفیكرد بۆ راستكردنەوەی رەوتی ئەو شۆڕشەی کۆتایی بە حوکمی بن عەلی هێنا.

هەروەها ئەمینداری گشتیی حزبی رەوتی گەل رایگەیاند: حزبەكەیان پشتیوانی لە هەموو بڕیارەكانی سەرۆك كۆمار دەكات ‌و داوایكرد لەو چوارچێوەیەدا نەخشەڕێگەیەكی ئاشكرا بچەسپێنرێت.

بە پێچەوانەوە، حزبی رەوتی دیموكراتی، پشتیوانی لە بڕیارەكانی سەرۆكی تونس ناكات ‌و بە لادان لە دەستووری وڵات وەسفی دەكات.

ئەو حزبە داوای لە قەیس سەعید ‌و هەموو هێزە دیموكرات ‌و مەدەنی ‌و رێكخراوە نیشتمانییەكانی تونس كرد، هەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ رزگاركردنی وڵات لەو تەنگژەیەی تێیكەوتووە ‌و رێز بۆ دیموكراسی ‌و مافی مرۆڤ بگەڕێننەوە ‌و بەرەنگاری گەندەڵیی سیاسی ببنەوە.

کودەتا کراوە
بزوتنەوەی نەهزە-ش كە هێزی دەسەڵاتداری وڵات بوو، بڕیارەكانی سەرۆكی وڵاتی بە كودەتا وەسفكرد.

دوابەدوای راگەیاندنی بڕیارەكان (راشد ئەلغەنوشی) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی تونس، رایگەیاند: سەرۆك كۆمار كودەتای كردووە بەسەر شۆڕش و دەستووردا. بەرەبەیانی هەمان رۆژیش لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران روویان لە باڵەخانەی پەرلەمان كرد، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگرییان لێكرا.

سەرۆكی پەرلەمانی تونس لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمان داوایكرد، سەرۆك كۆمار لە بڕیارەكانی پاشگەز ببێتەوە، چونكە ئەو بڕیارانە گەلی تونس رووبەڕووی ستەمكاریی دەكاتەوە و بەپێی دەستوور دەبێت پەرلەمان حكومەت لەكار بخات. باسی لەوەشكرد: گەلی تونس جارێکی تر حوكمی تاكڕەویی قبوڵ ناكات. داوا لە گشت لایەنە سیاسیی و مەدەنیەكان دەكەین، لە پاڵ گەلی تونس و لەپێناوی بەرگرییكردن لە ئازادیی رابووەستن، لەبەرئەوەی ئازادی لەبەردەم هەڕەشەدایە و ژیان مانایەكی نییە.

تەنگژەیەكی سیاسیی توند
چەند هەفتەیەكە تەنگژەیەكی سیاسیی توند لە نێوان سەرۆك كۆمار، لەگەڵ پەرلەمان كە ئیسلامییەكانی سەربە بزووتنەوەی (نەهزە) بەسەرکردایەتی راشد ئەلغەنوشی سەرۆكی پەرلەمان هاتووەتە ئاراوە. بەو هۆیەشەوە خۆپیشاندانی بەرفراوان، زۆرێك لە شارەكانی تونسی گرتۆتەوە و ئۆپۆزسیۆنیش پشتگیریی لە داواكاری خەڵكی ناڕازی دەكات.

لە سیستمی پەرلەمانیدا، رێگەپێدراو نییە هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی تەنها كەسێكدا كۆببێتەوە، ئەمەیە كە جێگەی مەترسییە، ئێستا دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان بەتایبەتی كە سەرۆك دەسەڵاتی داواكاری گشتی بۆ خۆی گواستۆتەوە، لەلای تەنها كەسێك قەتیس بووە، لەلایەكی تریشەوە دامەزراوەی سەربازیی پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەكان دەربڕیووە، ئەوەش مانای ئەوەیە كە دەسەڵاتی سەربازیش كەوتۆتە دەست سەرۆك كۆمارەوە.

بەندی 80 ی دەستووری تونس
بەپێی بەندی (80) لە دەستووری تونس بێت، لە حاڵەتی هەبوونی مەترسی زۆر لەسەر دامەزراوەكانی گەل و سەربەخۆییان و دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی كارەكانیان، دەشێت سەرۆك كۆمار پاش راوێژ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی دادگای دەستووری، رێكاری جیاواز بگرێتەبەر، بەمەرجێك رێكارەكان بۆماوەی (30) رۆژ بێت و پەرلەمانیش كۆبوونەوە بەردەوامەكانی خۆی لەو ماوەیەدا بکات.

ئەوەش ئەو خاڵەیە كە سەرۆك كۆماری تونس دەستی بۆ بردووە و جەخت دەكاتەوە کە رێكارەكانی راگرتنی كاركردن بە دەستوور نییە و بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەریی وڵات دەستیان بۆ براوە.

مەترسیی گەورە
ئەوەی مەترسی ئەو رێكار و بڕیارانەی زیادكردووە، لە كاتێكدایە تونس لەناو شەپۆلێكی سەخت و دژواری كۆرۆنادایە و یەكگرتنی سەرۆك قەیس سەعیدیش لەگەڵ هەندێك لایەنی تری سیاسیی لەدژی لایەنە ئیسلامییەكان لە حكومەت و پەرلەمان توندوتیژییەكانی لەگەڵ بەرەی بەهەڵستكار بەرەو مەترسی گەورە بردووە.

ئەو پێشهاتەی ئێستای تونس مەترسی بوونی رەهەندی جیۆسیاسیی تری لێدەكرێت، چونكە وڵاتانی هاوسنوور لەگەڵ تونس، لە ململانێی ئایدۆلۆژیدان بەتایبەتی لەدوای هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی، ئەمەش وایكردووە پێشبینی ئەوە بكرێت دەستی تر تێكەڵ بەو بارودۆخە نوێیە بووبێت.

کاردانەوەی نێودەوڵەتیی
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دڵەڕاوكێی ئەوەدایە و دەترسێت بارودۆخی تونس بۆ بارودۆخی یەمەن و سوریا و ئەوانی تر سەربكێشێت، چونكە هەر لەدوای بڕیارەكانی سەرۆك كۆمارەوە سەرباری بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، شەپۆلێكی توندی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە تونس دەستیپێكردووە و هەزاران هاووڵاتی رژاونەتە سەر شەقامەكان و لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنیەكانیشەوە كە پشتگیریی بڕیارەكانن، بەتوندی بەرەنگاریان بوونەتەوە، سەرۆك كۆمار لەوتارەكەیدا، ئاماژەی بەوەكرد، هەر كەسێك گولـلەیەك بەرەو رووی هێزە ئەمنییەكان و رەمزەكانی دەوڵەت بتەقێنێت، بەهەمان شێوە و بە دەستڕێژی گولـلە رووبەڕووی دەبنەوە.

ئەو رێكارانەی سەرۆك كۆماری تونس دەستی بۆ بردوون بەتایبەتی لەكارخستنی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت، دواجار كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار دەكات داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تونس بكەن، گەلی تونسیش لە ترسی ئەوەی نەكەونە نێو رۆژگارێكی رەشەوە بەرەو پیری پرۆسەكە دەچن.

مەترسی جدی ئێستا ئەوەیە: وڵاتە هەرێمایەتییەكانی كەنداو و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵ بدەن پشتگیری لایەك لە لاكان كە خۆیان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی دەیانەوێت، لەبەرامبەر لایەكانی تردا بكەن، ئەوەش تەنگژەكە بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەبات.

تورکیا و قەتەر و ئیمارات
قەتەر و توركیا و هەندێك لایەنی تری ئیسلامی رووداوەكە بە كودەتا ناو دەبەن، بەڵام هەرچی ئیمارات و ئەو وڵات و لایەنانەن کە پشتیوانی لە بەرەنگاریی حوكمی ئیسلامیی سیاسی دەکەن، پێشوازیی لەو هەنگاوە نوێیە دەكەن، چونكە دواجار دەبێتە هۆی لەقاڵبدانی حوكمی كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لە تونس.

یەكێتیی ئەوروپا
سەبارەت بە بڕیارەكانی سەرۆكی تونس، یەكێتیی ئەوروپا داوای لە لایەنە سیاسییە كاراكانی ئەو وڵاتە كردووە، رێز لە دەستووری وڵاتەكەیان بگرن ‌و رێگە بگرن لە خزانی تونس بەرەو توندوتیژی.

وتەبێژێكیش بەناوی كۆمسیۆنی ئەوروپاوە رایگەیاندووە: بە وردی چاودێریی نوێترین پێشهاتەكانی تونس دەكەن ‌و داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە كرد تا رێز لە دەستووی تونس ‌و دامەزراوەكانی حكومەت ‌و سەروەریی یاسا بگرن. دەشڵێت: «لەپێناوی سەقامگیریی وڵات، داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەین، دان بەخۆیاندا بگرن ‌و پەنا بۆ توندوتیژیی نەبەن».

میدیای جیهانی
لەناو میدیاکانی جیهانیشدا، ئەم رووداوەی تونس کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا.

رۆژنامەی (لۆمۆند)ـی فەرەنسی
رۆژنامەی (لۆمۆند)ی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا بڵاویكردۆتەوە: یەكێكی تر لەو تەنگژانەی دروست دەبێت تایبەتە بەو دەسەڵاتانەی دەسەڵاتی یاسادانان كە سەرۆك كۆمار بەخۆی بەخشییوە، ئەگەر دەسەڵاتەكانی داوكاری گشتی جێبەجێ بكات و لێپرسینەوە لە ئەندامانی پەرلەمان لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكان بكات، دەبێت چی رووبدات؟ چۆن ئەو ئەركە جێبەجێ بكرێت؟

رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ـی ئەمریكایی
رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكاییش لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە، ئەوەی ئێستا لە تونس روودەدات، مەترسیدارە و لە ساڵی (2013)ەوە هاوشێوەی نەبووە، چونكە تونس خەریكە لەناو شەپۆلی ڤایرۆسی كۆرۆنادا نوقم دەبێت، خەڵكی ناڕەزایی زۆری بەرامبەر بە حكومەت هەیە و بارودۆخی ئابووریش بەتەواوی داتەپیووە.

دەرئەنجام
لە كۆتاییدا چەند پرسیارێك سەرهەڵدەدات: ئایا سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی عورفی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی رادەگەیەنێت یاخود پشت بە هێزە ئەمنییەكان بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكان دەبەستێت؟
جێی وەبیرهێنانەوەیە سوپای تونس لەكاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی تونس دا لە (2010 – 2011) بێلایەنی و سەربەخۆیی خۆی پاراست و نەبوو بە بەشێك لە كێشە و تەنگژە سیاسییەكانی سەردەمی (زەینەلعابدین بن عەلی ) سەرۆك كۆماری پێشووتری تونس، هەر ئەو سوپایەش بووە فاکتەری زوو دەستبەرداربوونی بن عەلی لە دەسەڵات و کۆتایی هاتنی کۆی سیستمە سیاسییەکەی.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 262 جار بینراوە