سەرەکی » هەواڵ » ״بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا״

״بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا״

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و گفتوگۆیانكرد لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابووریی وڵات. هاوكات سەرۆك وەزیران كورتەباسێكی لەبارەی ئەنجامی سەردانە رەسمییەكەی بۆ ئەمریكا و دەرئەنجامەكانی دیالۆگی ستراتیژیی، خستەڕوو.

لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، ئەنجامی دیالۆگی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریكا و هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران و وەفدی حكومەت بەرزنرخاند و بەگرنگییشەوە باسی لە یەكخستنی هەوڵەكانی هێزە نیشتمانییەكان كرد لەپێناوی بەدیهێنانی سەقامگیری و بەهێزكردنی سەروەریی عیراق و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات.

هەر لە دیدارەكەدا، جەختكرایەوە لەسەر «گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتیان و ریشەكێشكردنی پاشماوەكانی داعش كە لە هەوڵدان سەقامگیری و ئارامیی هەندێك ناوچە و شار تێك بدەن»، «رێگرتن لە هەوڵە تاوانكارییەكان كە ئاسایشی هاووڵاتیان دەكاتە ئامانج و پێشكەشكردنی هەموو پشتیوانییەك لە هێزە ئەمنییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان».

لە تەوەرێكی دیكەدا، باس لە گرنگیی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كرا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا دووپاتكرایەوە، هەروەها دابینكردنی گشت پێداویستییەكان، تا هەڵبژاردن بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لە قۆناغە جیاجیاكانیدا بەڕێوەبچێت دوور لە ساختەكاری و فرتۆفێڵ، هێنانەدیی خواستی راستەقینەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان و زامنكردنی بەشداریی بەرفراوانی خەڵك، تەئكیدی لەسەر كرایەوە.

دیداری سەرۆك كۆمار و وەزیری رۆشنبیری
لەمیانی پێشوازیشی لە حەسەن نازم وەزیری رۆشنبیریی عیراق، سەرۆك كۆمار هەوڵەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و دامەزراوە حكومییەكانی بەرزنرخاند بۆ گەڕاندنەوەی 17 هەزار شوێنەوار، ئاماژەشیكرد بە گرنگیی پاراستن و گرنگیدان بە شوێنەوار و شوێنە كەلتوورییەكان وەك سەرمایەیەكی گرنگی وڵات و پاراستنی پێگەی وڵات لەنێو شارستانییەكاندا.

كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان
لەلایەكی دیكەوە و لەمیانی دیداری سەرۆك كۆمار و عەلی موئەیەد سەرۆكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق. سەرۆك كۆمار، پێویستیی بڵاوكردنەوەی چەمكە دیموكراسییەكان و بەهێزكردنی ئازادیی بیروڕا و رادەربڕینی بەپێی دەستوور، دووپاتكردەوە. جەختیشی لەسەر راگەیاندنی پیشەیی و بێلایەنانە كردەوە بەشێوەیەك یەكبگرێتەوە لەگەڵ كەلتووری پێكەوەژیانی ئاشتیانە و دووركەوتنەوە و روبەڕوبوونەوەی وتاری رقوكینە.

 171 جار بینراوە