سەرەکی » ئاراستە » سۆما دیزاینەری هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەکانە

سۆما دیزاینەری هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەکانە

ئا: لۆڤە

خانمێک بە دەستڕەنگینیەکەی دیزاینی هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەکان دەکات و دڵخۆشە بەوەی کە خێزانەکان لە کارەکەی ڕازین.
ئەو خانمەش سۆما محەمەد-ی تەمەن ٢٢ ساڵە کە خەڵکی سلێمانیە، لە دوای تەواوکردنی خوێندن دەستیکردوە بە کارکردن لە ئێستاشدا دیزاینەری بۆنە و ئاهەنگەکانە، ماوەی ٥ مانگە وەک دیزاینی بۆنەکان کاردەکەم بەس وەک کاری دیزاین بەگشتی ماوەی ساڵێک زیاترە.
لە بارەی بیرۆکەی کارەکەیەوە سۆما بۆ ژنۆرناڵ وتی:سەرەتای سەرچاوەگرتنی بیرۆکەی ئەم کارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پیشەیەم کە ماوەی ساڵێک تیایدا دیزانەری ناوماڵ بووم لە مۆبیلیاتێکدا و دواتر هەستم کرد ئەمە ئەو ئیشەیە کە دەمەوێت و دەتوانم سەربەخۆ بیکەم.
کارەکانی من دیزاینی ئاهەنگی هاوسەرگیری مارەکردن لەدایک بوون پێشوازی منداڵ و ئاهەنگ ئاهەنگی دەرچون ئامادەکردنی دیاری و ئاهەنگی خەنەبەندان لە ماڵ و لە هۆڵی ئاهەنگ و نەخۆشخانەکاندا.
لە دیزاینکردنی هۆڵێک بیرۆکە و داخوازی کەساکەن لەبەرچاو دەگرێت و سۆما دەڵێت: لە کارەکەمدا یەکەم شت لای من بۆچوونی ئەوکەسانەیە کە کارەکەیان بۆ دەکەم ڕای ئەوان گرنگترین شتە دەبێت بە هەموو جۆرێک ڕەنگ و ستایل بەدڵ بێت ئەوکات دەتوانین بۆیان ئامادە بکەین.
لە دیزاینکردنەکانیدا ڕەنگ و کەلوپەلی جیاواز بەکاردەهێنێت بەپێی بۆنەکان و بۆچونی کەسەکان دیزاینەکان دەگۆڕێت بۆ نمونە بۆ ئاهەنگی لەدایک بوونی کچێکی تەمەن 22 ساڵ زیاتر ڕەنگەکان کاڵ و ناسکن بەڵام بۆ کەسێکی پێگەشتوو ئەمە جیاوازە، وە ئاهەنگ و بۆنەی نیشانەکردنیش بەهەمان شێوە.
ئەو خاتونە دڵخۆشە بەوەی لە کارەکانی ڕازین و دەڵێت: هاوڵاتیان زۆریان پێخۆشە کە ژنێک هۆڵی بۆنەکانیان بۆ ڕێکبخات، چونکە دەتوانن زیاتر ڕای خۆیان بڵێن بێ دوودڵی.

سۆما دەشڵێت: کار تا کار جیاوازە ئاهەنگێکی سادە ئامادەکردنی دوو ڕۆژی دەوێت و جێبەجێکردنی بەس ئاهەنگی گەورە ماوەیەکی زۆرتری دەوێت.
کارەکانی سۆما لە ئێستادا لەسنوری سلێمانییە و دەڵێت: لە هەولێر، بارزان، دهۆک، کەرکوکە و داواکاری زۆری لەسەرە و کارم دەبێت لەو شوێنانەش.
باسی لەوەشکرد: مامەڵەی کۆمەڵگا تاڕادەیەک باشە هەرچەندە ئەم پیشەیە نوێیە هەندێک کەس هەر نازانن چییە، بەڵام وەک کچێک هەر بەربەست و ڕێگری هەن، ئەوانیش لەبەرئەوەی کۆمەڵگا ئەم بوارەی پێ تازەیە و زۆرکات ڕووبەڕووی ڕەخنە و قسەی خەڵک دەبیتەوە و زۆرێک قسەی ڕوخێنەر جگە لەوەی کە دەبێت بچیتە زۆر شوێن کار کە تایبەتە بە پیاوان و ڕەنگە بە جۆرێکی جیاواز سەیر بکرێی.
ئەم کارە بوەتە هۆی ئەوەی کە سۆما خاوەن ئابوری خۆی بێت و دەڵێت: بەم کارە توانیومە ببمە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆم داهاتی خۆمم هەبێت و کارێکی ئاسودەم هەبێت و خۆشترین شت ئەوەیە کە حەزم لە کارەکەمە و لە ئێستادا خەونی منە و پێوەی سەرقاڵم و دەمەوێت لە داهاتوودا سەنتەرێکی گەورەم هەبێت بۆ ئەم کارانە.

 1,624 جار بینراوە