سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » دۆخی ئەفغانستان بەرەو کوێ؟

دۆخی ئەفغانستان بەرەو کوێ؟

دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ‌و ناتۆ لە ئەفغانستان لە مانگی رابردوودا، شەڕ لە نێوان بزوتنەوەی تالیبان ‌و هێزەكانی حكومەتی ئەو وڵاتە دەستیپێكردەوە ‌و لەماوەیەكی كەمدا چەكدارانی تالیبان زۆرێك لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتیان كۆنترۆڵكرد ‌و شارە گەورەكانی ئەفغانستانیش یەك لەدوای یەك كەوتن ‌و هێزەكانی دەوڵەت شكستیانهێنا، چەكدارانی تالیبانیش لە دەوروبەری شاری كابولی پایتەخت وەستان ‌و داوای بەدەستەوەدانی ئەو شارە دەكەن بەبێ شەڕ ‌و بەشێوەیەكی ئاشتییانە.

رۆیشتنی سەرۆكی ئەفغانستان بۆ تاجیكستان
لە بەیاننامەیەكدا، تالیبان داوای لە چەكدارەكانی كرد تا لە دەوروبەری كابول بمێننەوە ‌و پێشڕەوی نەكەن، بۆئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتییانە دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام دوێنێ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رۆیشتنی ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان بۆ تاجیكستان، بزوتنەوەی تالیبان رایگەیاند: لێپرسراوانی حكومەت ‌و هێزە ئەمنییەكان، كابولیان جێهێشتووە، ئەوەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ‌و ئارامیی دۆخی شارەکە، بۆیە فەرمانیان كردووە بە چەكدارەكانیان، بەرەو كابول پێشڕەوی بكەن.

تەسلیمكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی ئاشتییانە
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند: هۆشدارییان بە تالیبان داوە، كە لە ئەگەری هەر هێرش ‌و پەلامارێك بۆ سەر ئەمریكییەكان، ئەوا بە خێراترین ‌و توندترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە. وەزیری ناوخۆی ئەفغانستانیش رایگەیاندبوو، كە شەڕ لە كابول روونادات ‌و بەشێوەیەكی ئاشتییانە دەسەڵات تەسلیم بە تالیبان دەكرێت. وتەبێژی بزوتنەوەكەش هەمان هەواڵی راگەیاند ‌و وتی: بە مەبەستی تەسلیمكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی ئاشتییانە، دانوستان لەگەڵ حكومەت بەردەوامە.
هاوكات بە مەبەستی دیالۆگ ‌و دانوستان سەبارەت بە دۆخی وڵاتەكەیان لەگەڵ نوێنەرانی بزوتنەوەكە، وەفدێكی باڵای حكومەتی ئەفغانستان گەیشتۆتە پاكستان ‌و وەفدێكی باڵای دیكەش دەچنە دەوحەی پایتەختی قەتەر ‌و نوێنەرانی تالیبانیش بۆ هەمان مەبەست چوونەتە كابول.

ناردنی پێنج هەزار سەربازی ئەمریكی
وڵاتانی ئەوروپا ‌و ئەمریكاش لە خەمی پاراستنی گیانی نێردە ‌و دیپلۆماتكار ‌و هاووڵاتییەكانیانن لە ئەفغانستان ‌و هەرچەند پێشتر بڕیاربوو ئەمریكا سێ هەزار سەرباز بنێرێت، بەڵام جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان فەرمانی دا بە ناردنی پێنج هەزار سەرباز، لەپێناوی مسۆگەركردنی گواستنەوەی نێردە ‌و دیپلۆماتكار ‌و ئەو ئەفغانییانەی لەماوەی 20 ساڵی مانەوەیان لەو وڵاتە، هاوكاریی هێزەكانیان كردوون. وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاندبوو كە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەكەیان لە كابولەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی شارەكە گواستۆتەوە ‌و بە وتەی بەرپرسێكی واشنتۆن، تا كۆتاییهاتنی پڕۆسەكە، سەربازەكانیان فڕۆكەخانەكە دەپارێزن.

ئەڵمانیا ‌و روسیا ‌و فەرەنسا ‌و هۆڵەندا ‌و كەنەدا
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەكردبوو، كە سەرجەم كارمەند ‌و فەرمانبەران ‌و دیپلۆماتكارانی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە كابولەوە بۆ فڕۆكەخانەی شارەكە گواستۆتەوە.
لەهەمانكاتدا مۆسكۆ پلان دادەنێت بۆ كۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئەفغانستان.
سەرۆكایەتیی فەرەنساش رایگەیاندووە، كە حكومەتی پاریس هەموو هەوڵێكی خستۆتەگەڕ، لەپێناوی پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانەی تائێستا لە ئەفغانستان ماون.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەنداش ئاشكرایكرد: ئەو هاووڵاتیانەی هۆڵەندا كە لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە ئەفغانستان كاریانكردووە، بۆ نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی كابول گوازراونەتەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا-ش، باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە ئەفغانستان بەشێوەیەكی كاتی داخستووە ‌و هەموو كارمەندەكانیشیان گواستۆتەوە.

دوای 20 ساڵ لە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، سەرۆكی ئەمریكا فەرمانی كرد بە كشانەوەی هێزەكانیان لەو وڵاتە ‌و هاوكاتیش پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) هێزەكانی كشاندەوە، ئەوەش بووە هۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنیی ئەو وڵاتە ‌و سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە نێوان تالیبان ‌و حكومەتدا.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 274 جار بینراوە