پسپۆڕی

دکتۆر شێرکۆ عه‌بدوڵڵا

کەوکوژیی ئەگەر بۆ قامووسە سیاسی و رێکخراوەییەکانی ئەم رۆژگارە دابنیشیت گەلێک وشە و زاراوە دێنە بەر لووتت کە داهێنان و دەستکردی کاک نەوشیروانی رەحمەتیین. کەچی هیچکام لە هاوسەنگەرەکانی ترمان، بە نقەنقیش نەیانتوانیوە یەک موستەڵەح بکەن بەفەرهەنگی کوردەواریدا. سەبەبەکەش، وەک باسی دەکەن لە دوو (شین) تێناپەڕێت؛ شینی شانس و شینی شارەزایی. شانسەکە بخەرە ئەولاوە چونکە ئەسڵ و ئەساسی نییە. وەرە بۆ شارەزاییەکە. بیگرە و بەری مەدە لەبەرئەوەی ماکی ئیختیصاص و مەکۆی جیاکەرەوەی ئەرک و فرمانەکانە، کە سەد حەیف و بیست و چوار مخابن ئێستا خراوەتە ناو باوەڵێکەوە، باوەڵەکە عەقدی نیکاحەکەی کاکە پەیڕەوی لە خاتوو پڕۆگرامیشی تێدایە. لێتان ناشارمەوە [چونکە زۆرزانن هەر ئەیدۆزنەوە] ئەم تڕۆکردنەی ئیختصاص کە بەرۆکی گرتووین، عیلکەتێکی تازەیە. دوای پاشەکەوت و پەناگیری و دووگسالاری برەوی پەیدا کرد. جاران پیری کۆکە هەبوو. تەنیا ئەو نەخۆشانەی دەبرایە سەر کە بەڵغەم و خیزەی سنگیان گەڕە کەماڵێکی خەبەر دەکردەوە. لەولاشەوە ئامێزی میری سوور هەر بۆ هاودەردەکانی قالە و ئەحەدۆڕانی ئاوەڵابوو. ئەگەر بیتویستایە سوێندی یەکێک بدەیت، تەنیا هەر لەسەر مەزارەکەی وەیس دڵت لێی پاک دەبووەوە. بەڵام ئێستا و شەوی ئێستا چۆن بەجۆش کەم؟ کابرا دبلۆمی قوڕگی هەیە کەچی مەڵحەمی ناوگەوڵ سووتانەوەش ئەنووسێ. شێخە و لە تیجارەتی نەوتیش ئەزانێ. موهەندیسە و بەدەمییەوە تووتنی نێرگەلەش هاوردە دەکات.

 459 جار بینراوە