سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » چارەسەری پرسی كەركوك لە دەستی خودی كەركوكییەكاندایەپەڕە 27

د. سدیق عومەر رەسوڵ كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

چارەسەری پرسی كەركوك لە دەستی خودی كەركوكییەكاندایە

دیداری: سۆران داودی

دكتور سدیق عومەر رەسول كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەشاری كەركوك، كەسایەتییەكی دیاری شارەكەیە و پێشتر بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك بووە، لەم دیدارە چەندین تەوەری لەگەڵدا باس دەكەین، پەیوەست بە خزمەتگوزارییەكان لە کەرکوک و هەروەها بارودۆخی شارەکە لەرووی سیاسییەوە.

ئێمە بە قەیرانێكی پەتاییدا تێپەڕدەبین

* پێش ئەوەی باس لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و بابەتی خۆكاندیدكردن بكەین، ئێوە پێشتر بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك بوون، دەمانەوێ بپرسین بارودۆخی تەندروستی ئێستا لە كەركوك چۆنە؟
– بەداخەوە بارودۆخی تەندروستی لە كەركوك هیچ ئاماژەیەكی ئەرێنی پێوە نابینرێت، ئێستا ئێمە بە قەیرانێكی پەتاییدا تێپەڕ دەبین كە ئەویش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، خراپی بارودۆخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لەم پارێزگایەدا رەنگدانەوەی خراپی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانە لە هەموو عیراق و رەنگە لە بەشێك لەوڵاتانی هەرێمایەتیشدا. ئەوەش لە دەرئەنجامی ئەو بارودخە سیاسی و ئابوورییەیە كە ئەو وڵاتانەی پێدا تێپەڕبووە.

ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە، بۆ ساڵانی حەفتاكان یان بۆ كۆتایی ساڵانی شەستەكان، بارودۆخی عیراق زۆر جیاوازتربوو لەو كاتەدا، باس لە سەردەمی سەرەتای وەرگرتنم دەكەم لە كۆلێژی پزیشكی لە 1972 كە لەو كاتە شاری پزیشكی لە بەغدا یەكێك بوو لە پێشكەوتووترین سەنتەری پزیشكی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەڵكانێكی زۆر لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ نەشتەرگەری یان بۆ پشكنینی پزیشكیی یاخود بۆ چارەسەركردن روویان تێدەكرد، بەڵام بەتێپەڕبوونی كات، بەتایبەتیش لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی عیراق ئێران، هەروەها بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابورییانەی بەدوایدا هات، هەموو ئەمانە بوونە هۆی خراپبوونی بارودۆخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە پارێزگای كەركوك و عیراق، ئەو ئاماژانەی باسی لێوە ئەكەن، هەموویان ئاماژەی نێودەوڵەتین و ئێمە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی تەندروستی وڵات پشتی پێ دەبەستین، زیادبوونی رێژەی مردنی منداڵان و مردنی دایكان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان و بەتایبەتیش نەخۆشییە گوازراوەكانی وەك پەتاكان، هەموو ئەو ئاماژانە پێمان دەڵێن بارودۆخی تەندروستی لەعیراق زۆر خراپە.

خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە هەرێم زۆر باشترە لە عیراق

* لە ساڵانی حەفتاكاندا پارێزگای كەركوك وەك ئەو بارودۆخەی ساڵانی حەفتاكانی بەغدا بوو، لە رووی تەندروستییەوە، كەركوك ببووە سەنتەرێكی پزیشكی بۆ پێشوازیكردن لە نەخۆشەكان، لەو سەردەمەدا نەخۆش لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و پارێزگای سەڵاحەدین و تەنانەت لە دیالەشەوە دەهاتن بۆ كەركوك، بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشكی وەربگرن، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە پێچەوانە بۆتەوە؟

 

– خەڵكی كەركوك سەردانی دەرەوەی وڵات دەكەن بۆ چارەسەری بە هۆی خراپبوونی بارودۆخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە عیراق، كە كاریگەری لەسەر خراپبوونی بارودۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستانیش هەبووە، بەڵام ئەگەر بەوردی بەراوردێك لەنێوانیان بكەین، دەبینین كە بارودۆخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر باشترە لەوەی عیراق، هۆكارەكانمان باسكرد، بەڵام خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە كە دەمەوێ هەڵوەستەی لەسەر بكەم ئەویش ئەو سیستمە تەندروستییەیە كە لە عیراق كاری پێ دەكرێت كە سیستمێكی زۆر كۆنی سەردەمی سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقە، كە لە دوو سیستمی تەندروستیدا كورتكراوەتەوە كە ئەویش سیستمی تەندروستی كەرتی گشتی و سیستمی تەندروستی كەرتی تایبەتە.

لە عیراق جۆرە تێكەڵ كردنێك لە نێوان ئەو دوو سیستمە تەندروستییەدا كراوە، ئەتوانم بەو تێكەڵكردنە بڵێم تێكەڵكردنێكی مشەخۆرانە، چونكە سیستمی تەندروستی كەرتی تایبەت بۆتە مشەخۆر بەسەر سیستمی تەندروستی كەرتی گشتییەوە، ئەو مشەخۆرییەش بۆتە هۆی دروستكردنی كێشە لەبەردەم پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان بۆ هاووڵاتیان، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەی ئەوەی ئێستا كە هەیە كار بكەین، بەواتا كاركردن بە سیستمی جیاكردنەوەی سیستمی تەندروستی و كاركردن بەهەردوو سیستمەكە بە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتەوە، ئەوكات ئەو جیاكردنەوەیەی نێوان دوو سیستمەكە دەبێتە مایەی دروستكردنی جۆرێك لە كێبڕكێ لە رووی باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە هەردوو كەرتەكەدا، ئەو كێبڕكێ كردنەش بارودۆخێكی ئەرێنی دروست ئەكات لە رووی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری لەنێوان هەردوو كەرتەكەدا.

ئەو كەسەی لە كەرتی گشتیدا كار دەكات نابێ ئەو مافەی پێ بدرێت نۆڕینگەیەكی تایبەت بەخۆی هەبێ یان نەخۆشخانەیەكی تایبەت بكاتەوە، هەروەها سەبارەت بەوانەش كە لەنەخۆشخانە تایبەتەكاندا كار دەكەن، یاخود نۆرینگەی تایبەت بەخۆیان هەیە، نابێ لەكەرتی گشتیدا كاربكەن یان هەر جۆرە دەسەڵاتێكیان هەبێت.

پێویستە دڵنیایی تەندروستی بهێنینە نێو سیستمی تەندروستییەوە

*سەبارەت بەوەی لەبارەی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتییەوە باستكرد، لە هەندێك وڵاتدا ئەڵقەیەكی بەستنەوە لە نێوان هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتدا هەیە، كە ئەویش بیمەی تەندروستییە، كاتێك لە كەرتی گشتیدا ناتوانرێت چارەسەری هاووڵاتییەك بكرێت، روو لە كەرتی تایبەت دەكات بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام حكومەت یاخود بەو بیمە تەندروستییەی لێی دەبڕن، خەرجی چارەسەركردنەكەی لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت بۆ خەرج ئەكەن، بەڵام لەعیراق ئەم جۆرە سیستمە نییە.

– وەك باستانكرد بیمەی تەندروستی، یاخود دڵنیایی تەندروستی، لەدایكبووی سیستمی جیاكردنەوەی نێوان هەردوو سیستمی تەندروستی كەرتی حكومی و كەرتی تایبەتە، لەبارەی بوونی دڵنیایی تەندروستی با باسی نموونەیەكت بۆ بكەم، وەك ئەو ئەزموونەی لە ئوردن هەیە و كاری پێ دەكرێت، من سەرسام بووم بەوەی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت لە عەممانی پایتەخت كە قەرەباڵەغییەكی زۆر لە هۆبەكانی فریاكەوتنی خێرا هەبوون، پرسیارمكرد و وتم هاووڵاتیانی ئوردن هێندە باری داراییان باش نییە تا بەو ژمارە زۆرە لە نەخۆشخانە تایبەتەكان چارەسەری نەخۆشییەكانیان وەربگرن، دواتر پێیان وتم ئەو هاووڵاتییە ئوردنیانە سیستمی دڵنیایی تەندروستی دەیانگرێتەوە، كە سیستمێكی زۆر باشە، بە بۆچوونی خۆم ئەگەر كار بە سیستمی جیاكردنەوەی هەردوو سیستمی تەندروستی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بكەین، هەروەها دڵنیایی تەندروستی بهێنینە نێوان ئەو دوو سیستمە تەندروستییەی هەردوو كەرتەكەوە، ئەوا دەتوانین باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بكەین.

دەمەوێت شتێك بڵێم، كاتێك بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای كەركوك بووم، وەفدێكی وەزارەتی تەندروستی توركیا سەردانیان كردم، كاتێك پرسیارم لێكردن لەبارەی چۆنێتی بەرەوپێشچوونی بواری پزیشكیی لە توركیا بەم دواییانە، لەوڵامدا وتیان لەرێی جیاكردنەوەی هەردوو سیستمی تەندروستی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و دانانی دڵنیایی تەندروستی بوو بۆ هاووڵاتیان.

دابینكردنی بودجەیەكی باش بۆ كەرتی تەندروستی
* لەرێی وتەكانی بەڕێزتەوە گەیشتمە ئەو دەرەنجامەی یەكەمین لایەن حكومەتە كە بایەخ بەو بابەتە نادات، هەروەها دەوڵەتیش وەك سیستم، ئێستا حكومەت و دەوڵەت ئەوان بەرپرسیارن لەو خراپییەی لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستیدا هەیە؟

– گومانی تێدا نییە، دابینكردنی بودجەیەكی باش بۆ كەرتی تەندروستی وەك ئەوەی لە وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتە پێشكەوتووەكان و وڵاتە ئەوروپییەكان هەیە، چارەسەر بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە عیراق دەكات، ئەگەر بەرواوردێك لەنێوان ئەو بڕەی بۆ تاكێكی عیراقی دیاریكراوە بە دۆلاری ئەمریكی بكەین، بەرامبەر سەد و شەست دۆلاری ئەمریكییە، بەڵام لە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتیش لە ئوردن، بڕەكە لە سێ سەد دۆلار زیاترە، هەربۆیە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە رووی دابینكردنی بودجە لە ناو پرۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات بۆ كەرتی تەندروستی لەگەڵ ئەو بودجەیەی لەوڵاتانی دراوسێ بۆ كەرتی تەندروستی دابین ئەكرێت.

تێڕوانینی شۆفێنییانە لە عیراقدا بەرامبەر بە كورد بەردەوامە
*با بچینە سەر بابەتی سیاسی، جەنابت وەك كەسایەتییەكی سیاسی پارێزگای كەركوك، چۆن لە بارودۆخی كورد دەڕوانن لە چوارچێوەی ئەو دیمەنە سیاسییەی ئێستا لە كەركوكدا هەیە ؟ هەروەها چ شتێك لەسەر سەركردایەتی كورد پێویستە بۆ كەركوكی بكات؟ چ كارێك بكەن بۆ ئەوەی بارودۆخی كورد لەو پارێزگایە بەرەو باشتر بڕوات؟

– بارودۆخی كورد لە كەركوك هاوشێوەی بارودۆخی كەرتی تەندروستییە لە پارێزگاكەدا، بارودۆخەكە ناسەقامگیرە، هەروەها ئەگەر بمانەوێ كەمێك بگەڕێینەوە دواوە بۆ پێكهێنانی دەوڵەتی عیراق، ئەو تێڕوانینە شۆفێنییانەی هەر لەو سەردەمەوە هەبووە، تائێستا بەردەوامە و هەمان تێڕوانینی شۆڤێنی هەیە، سەرباری ئەوەی چەندین گۆڕانكاریش لە ژێرخانی سیاسی و ئابووری لە عیراق كراوە، بەڵام ئەو تێڕوانینە شۆفێنییە بەرامبەر بە هاووڵاتی كورد هێشتا هەرماوە، هەرچەندە عیراق لە ئەمڕۆدا پەنا بۆ دەستوور دەبات و كار بەدەستووری هەمیشەیی ئەكات، بەڵام جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە ئێستا وەك پێویست نییە، هەربۆیە ئەبینین كە هاووڵاتییەكی كورد وەك هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ ئەكرێت، بەتایبەت لەناو پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تر، ئەمەش شتێكی مەترسیدارە و پێویستە سەركردایەتی كورد كار بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخە بكەن، بۆ بارودۆخێكی باشتر لەكەش و هەوایەكی دیموكراسی كە تیایدا فرەیی لەخۆبگرێت و بەچاوی هاووڵاتی پلە یەكەوە لەهەموو تاكەكانی پێكهاتەكانی تر بڕوانرێت و پێكەوە هەمووان كار بكەن بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخە خراپەی ئێستا هەیە.

هەڵەیەكی گەورە لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە كە رەنگە بە تێروانینێكی شۆڤێنییانەی مەترسیدار ناوی ببەین

*دكتۆر وەك باستكرد، سەردەمی سەپاندنی چارەسەرەكان بە هێز بەسەرچووە، یاخود پەنابردن بۆ چەك بۆ بەدەستهێنانی شایستە نەتەوەییەكان، ئایا هاووڵاتیانی كەركوك دەبێ چی بكەن بۆ ئەوەی مافە نەتەوەییەكانی خۆیان بەدەستبهێنن؟

– شایستە نەتەوەییەكان بەرئەنجامی ئەوەیە كە روویداوە، لەرووی خراپبوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری وەك ئەوەی ئێستا لە كەركوك هەیە، بەڕێزتان باسی شایستەییەكانتان كرد، ئەگەر شایستەین ئەی بۆ نادرێن؟ كەواتە هەڵەیەكی گەورە لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە كە رەنگە بە تێروانینێكی شۆڤێنییانەی مەترسیدار ناوی ببەین، هەروەها چەندین ئەجێندا هەن كار لەسەر دروستكردنی زەمینەسازی بۆ مەبەستی دروستكردنی درز و كەلێن لەنێوان پێكهاتەكانی عیراق و بە تایبەتیش لەناو پارێزگای كەركوك.

پێویستە پێكەوە دەست لە ناودەست خزمەتی كەركوك بكەین

* پێتان وانییە ئەركی سەر شانی نوێنەرانی كەركوك یاخود بڵێین نوێنەرانی كورد بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عیراق بە پلەی یەكەم وەك ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی، كاركردن دەبێ لەسەر ئەو پرسە نەتەوەییە، چونكە كێشەی نەتەوایەتی كێشەیەكی نیشتمانییە و كاریگەری لەسەر هەموو ناوچەكانی عیراق دروست دەكات؟

– هەمیشە گوێمان لەوەیە كە ئەوترێت كەركوك عیراقێكی بچووككراوەیە، بەڕاستیش كەركوك، عیراقێكی بچووككراوەیە و هەموو پێكهاتەكانی تێدا دەژی. لێرەدا ئێمە وەك كاندیدان، یاخود بەپشتیوانی خودا ببینە پەرلەمانتارانی داهاتوو، دەبێ لەژێر چەتری پەرلەمانی عیراق كار لەپێناو كەركوكدا بكەین نەك كار بۆ بەرژەوەندی پێكهاتەكان یان حزبەكان بكەین، بەرژەوەندی كەركوك بۆ هەمووان گرنگە، دەتوانین لەكەركوكدا پێكەوە بژین، هەروەك چۆن رەوانشاد سەرۆك مام جەلال ئەیفەرموو كەركوك شاری ئاشتی و پێكەوەژیان و شاری چەپكە گوڵەكەیە، هەربۆیە پێویستە پێكەوە دەست لەناودەست و بەوپەڕی توانامانەوە لەپێناو خزمەتكردنی ئەم شارە كاربكەین.

چارەسەری پرسی كەركوك لە دەستی خودی كەركوكییەكان خۆیاندایە

* چەند پێشنیازێك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەركوك یاخود سەبارەت بە پرسی كەركوك خراونەتەڕوو، توركمانەكان چەند پێشنیازێكیان خستۆتەڕوو، هەروەها عەرەب، توركمانەكان پێشنیازی ئەوەیان كردووە كەركوك بكرێتە هەرێمێكی تایبەت، هەرچی عەرەبەكانن داوا دەكەن كەركوك بارودۆخێكی تایبەتی هەبێ نەك هەرێمێكی تایبەت بێت، وەك كاندیدێكی هاوپەیمانی كوردستانی، پێتانوایە چ چارەسەرێك بۆ پرسی كەركوك باشە؟
– لەسەرەتادا دەمەوێ ئەوە بڵێم كە چارەسەری پرسی كەركوك هەر لەدەستی خودی كەركوكییەكان خۆیانە، بە دیالۆگ و پەنابردن بۆ دەستووری هەمیشەیی عیراق، دەتوانن واقیعێكی نوێ لەم شارەدا دروست بكەن، ئێستا كاتی ئەوەیە لەهەموو كاتێكیتر زیاتر كەركوكییەكان بیر لە بەرژەوەندی باڵای شارەكەیان بكەنەوە، رۆژەكان تێدەپەڕن و كەركوكیش لەهەموو رووەكانەوە هەر پەراوێزخراوە، خزمەتگوزارییە گشتییەكان لەم شارەدا زۆر خراپن، هەر لە خزمەتگوزاریی شارەوانییەوە تا خزمەتگوزارییەكانی تری وەك ئاو و كارەبا و ژینگە، هەموو ئەوانە پێویستان بە چەند دەستێكی متمانەپێكراو و خاوێن و لە هەمان كاتدا بەهێزیشە بۆ ئەوەی لەژێر چەتری پەرلەمان بەرگریی لەم شارە بكەن و لەناو پەرلەمان بتوانین كارێكی باش بۆ كەسوكار و هاووڵاتیانی خۆمان لەم شارە بكەین.

كار دەکەین بۆ لێكنزیكردنەوەی پێكهاتەكانی كەركوك

* ئەگەر بوویتە پەرلەمانتاری داهاتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، چ بەڵێنێك بە دەنگدەری كەركوك بە گشتی و دەنگدەری كورد بەتایبەتی دەدەیت؟
– من كاتێك چووم بۆ پەرلەمانی داهاتووی عیراق، دوو پەیامم لە هەگبەكەمدا پێیە، پەیامێك بۆ عیراق و پەیامێكیش بۆ كوردستان، بەشێوەیەكی زۆر تایبەتیش بۆ شاری كەركوك، بەڵێن دەدەم بەوپەڕی توانا و دڵسۆزیمەوە كاربكەم بۆ لێك نزیكردنەوەی نێوانی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك، كاری پێكەوەیی بكەین، چونكە كاری پێكەوەیی دەستكەوتی باشی بۆ كەركوك ئەبێت.

 380 جار بینراوە