سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » هه‌ڵبژاردنی عیراق له ‌نێوان به‌شداربوان و به‌شدار نه‌بووانداپەڕە 27

پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی‌ سه‌در له ‌به‌شداری نه‌كردن

هه‌ڵبژاردنی عیراق له ‌نێوان به‌شداربوان و به‌شدار نه‌بوواندا

دوای مشتومڕێكی زۆری نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق له‌سه‌ر به‌شداری یان به‌شداری نه‌كردن له ‌هەڵبژاردنی مانگی 10ی‌ ئه‌مساڵ، كاریگه‌ریی به‌شداری نه‌كردنی لیسته‌ گه‌وره‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، به‌تایبه‌ت ره‌وتی سه‌در، دواجار مه‌سه‌له‌كه‌ یه‌كلایی بۆوه‌، دوای راگه‌یاندنی موقته‌دا سه‌در به‌وه‌ی‌ ره‌وته‌كه‌ی‌ به‌به‌هێزی به‌شداری هەڵبژاردن ده‌كات، به‌وه‌ش مه‌سه‌له‌ی‌ دواخستنی‌ هەڵبژاردن و نه‌كردنی ته‌واو پێچه‌وانه‌ بۆوه‌.

پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ به‌شداری نه‌كردن
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی هه‌واڵی عیراقی رۆژی هه‌ینی 27-8-20121، موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در به‌شداری هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوو ده‌كات، به‌پێی ئاژانسه‌كه‌ سه‌در وتوویه‌تی‌، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وا ده‌خوازی به‌شداری هەڵبژاردن بكه‌ین.

سه‌رۆكی‌ ره‌وتی سه‌در هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، پاكێجێكی چاكسازی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌ به‌پێی هیواو داخوازییه‌كانی ئێمه‌یه‌، ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ناو په‌رله‌مان كار بۆ جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی ئه‌و پاكێجه‌ بكه‌ن بۆ چاكسازی.

سه‌در ته‌ئكیدی له‌وه‌شكرده‌وه‌، كه‌ به‌شداری هەڵبژاردن ده‌كه‌ن به‌ته‌واوی هێزیانه‌وه‌، داواشی له‌ شوێنكه‌وتووانی كرد، به‌شدارییه‌كی‌ فراوان و ملیۆنی بكه‌ن له ‌هەڵبژاردندا.

پێشتر و له‌مانگی رابردوودا، موقته‌دی سه‌در سه‌رۆكی‌ ره‌وتی سه‌در، رایگه‌یاندبوو به‌شداری هەڵبژاردن ناكه‌ن و خودی خۆشی پاڵپشتی له‌هیچ حزبێكی به‌شداربوو ناكات، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردبوو، به‌شداری نه‌كردنی بۆ پارێزگاریكردنه‌ له‌وه‌ی‌ ماوه‌ له‌عیراق.

سه‌درییه‌كان پێگه‌یه‌كی‌ به‌هێزیان له‌ناو شه‌قامی شیعی له‌عیراق هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌كانی باشور و هه‌روه‌ها نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، زۆرجاریش توانیویانه‌ پشێوی بۆ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌عیراق دروستبكه‌ن، كاتێك له‌ ئۆپۆزسیۆن بوون و هه‌روه‌ها كاتێك له‌ ناو پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا بوون، له ‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 دا، كوتله‌ی‌ سائیرونی سه‌ر به‌ره‌وتی سه‌در توانی (54) كورسی په‌رله‌مانی عیراق به‌ده‌ستبهێنێت، كه‌ ئه‌وه‌ش رێژه‌یه‌كی‌ زۆره‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكانی په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی‌ توانی چه‌ندین وه‌زیری هه‌بێت له‌حكومه‌تدا.

كازمی پێشوازی لێده‌كات
مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، كه‌ هه‌وڵێكی زۆر ده‌دات بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هەڵبژاردن له‌واده‌ی‌ خۆیدا له‌مانگی 10ی‌ ئه‌مساڵ، پێشوازی له‌هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ سه‌در كرد بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌به‌شداری نه‌كردن له‌هەڵبژاردن، داواشی كرد، هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی‌ تر كه‌ بایكۆتی هەڵبژاردنیان راگه‌یاندووه‌، هه‌مان هه‌ڵوێستی سه‌درییه‌كانیان هه‌بێت و به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

كازمی وتی، ناتوانرێت ته‌سه‌وری هەڵبژاردن بكرێت به‌بێ بوونی ره‌وتی سه‌دری تێیدا، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، كه‌ عیراق پێویستی به‌پێكه‌وه‌كاركردنی هه‌مووانه‌، گه‌ل و هێزه‌ سیاسییه‌كانی به‌شداربوو له‌هەڵبژاردن له‌رێگه‌ی‌ ركابه‌ری شه‌ریفانه‌ و بێ په‌راوێزخستنی هیچ لایه‌نێكی سیاسی و پێكهاته‌یه‌ك.

لای خۆیه‌وه‌ «هاوپه‌یمانی نه‌سڕ» پێشوازی له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ره‌وتی سه‌در بۆ هەڵبژاردن كرد و رایگه‌یاند، گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ره‌وته‌كه‌ هێزێكی گه‌وره‌ به‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌دات و ده‌بێته‌ هۆی‌ به‌شدارییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هاووڵاتیان له‌هەڵبژاردندا.

هاوپه‌یمانی نه‌سڕ داواشی له‌هاووڵاتیان كرد، به‌شدارییه‌كی‌ فراوانی هەڵبژاردن بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانرێت چاكسازی و گۆڕانكاری له‌وڵاتدا بكرێت.

لایه‌نه‌ به‌شدارنه‌بووه‌كان
تا ئێستا چه‌ندین لایه‌نی سیاسی بایكۆت و به‌شداری نه‌كردن له‌ هەڵبژاردنیان راگه‌یاندووه‌، كه‌ دواترینیان «مینبه‌ری عیراق»ی به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق، له‌و رووه‌وه‌ وائیل عه‌بدوله‌تیف جێگری سه‌رۆكی مینبه‌ری عیراقی له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی له‌به‌غدا چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوو رایگه‌یاند، وه‌كو مینبه‌ری عیراقی كشانه‌وه‌ و بایكۆتی هەڵبژاردن ده‌كه‌ین، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ كشانه‌وه‌كه‌یان به‌هۆی‌ نه‌مانی چانسی كردنی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگرد دێت به‌هۆی‌ بارودۆخی خراپ و وێرانی وڵاته‌وه‌.

پێشتریش «جه‌بهه‌ی‌ حیواری وه‌ته‌نی» به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ساڵح موتڵه‌گ و هه‌روه‌ها حزبی شیوعی عیراقی، به‌شداری نه‌كردنی خۆیان له‌هەڵبژاردن راگه‌یاندبوو.

وابڕیاره‌ له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوودا، هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی عیراق له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان بكرێت، به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، به‌ به‌شداری زۆرێك له‌ كوتله‌ و پێكهاته‌ و لایه‌نه‌ سیاسیییه‌كانی عیراق.

جێی ئاماژه‌یه‌ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن له‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزی رابردوودا بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ 3 هه‌زار و 243 كاندید كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ 44 هاوپه‌یمانی و 267 حزبی سیاسی ده‌كه‌ن، به‌شداری هەڵبژاردن ده‌كه‌ن، بۆ ركابه‌ری كردن له‌ سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مانی داهاتووی عیراق.

بڕیاربوو خولی په‌رله‌مانی عیراق له‌ 2022 كۆتایی پێ بهاتایه‌، به‌ڵام حزبه‌ سیاسییه‌كانی عیراق، بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یان دا به‌هۆی‌ ئه‌و ناره‌زایه‌تییانه‌ی‌ بوونه‌ هۆی‌ رووخانی حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هه‌دی له‌ كۆتایی ساڵی 2019دا، حكومه‌تێكی نوێ هاته‌ سه‌ر كار به ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مسته‌فا كازمی له‌ مانگی ئایاری 2020 بۆ ئیداره‌دانی قۆناغی گواستنه‌وه‌ تا كاتی هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوو.

ده‌مێنێته‌وه‌ بڵێین له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ دژ به‌یه‌كی كردن یان نه‌كردنی هەڵبژاردن، هاووڵاتی عیراقی ته‌نها زه‌ره‌رمه‌نده‌ له‌ بارودۆخی خراپی وڵات و نه‌بوونی حكومه‌تێكی هه‌ڵبژێردراو، به‌هۆی‌ نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌كو ئاو و كاره‌با، كه‌ ساڵانه‌ و به‌پێی وه‌رزه‌كان به‌رۆكی هاووڵاتی ده‌گرێت.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێی چوست و چالاك و خاوه‌ن بڕیار، پێویسته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی عیراق، به‌كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش، به‌ڕێوه‌چوونی هەڵبژاردن جارێكی تر پێگه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ سیاسی وڵات ده‌رده‌خات، بۆ هه‌رێمی كوردستانیش پێویسته‌ به‌تایبه‌تتر له ‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان، كه‌ ئێستا هاووڵاتی كورد به‌ده‌ست كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان و هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌ی‌ شۆفێنیانه‌ی‌ هه‌ندێك لایه‌نی سیاسییه‌وه‌ ده‌ناڵێینن، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ بۆ كورد هێنده‌ی‌ عه‌ره‌ب پێویسته‌ و ده‌بێت هێزه‌ كوردییه‌كان هه‌وڵه‌كانی خۆیان یه‌ك بخه‌ن بۆ نه‌فه‌وتانی ده‌نگی كورد له ‌ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم و بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی تر پێگه‌ی‌ كورد به‌هێزبكرێته‌وه‌ هه‌م له‌و ناوچانه‌ و هه‌م له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عیراق.

 

 255 جار بینراوە