سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئیتالیا زۆرترین ژمارەی ئەفغانییەكانی گواستۆتەوە

ئیتالیا زۆرترین ژمارەی ئەفغانییەكانی گواستۆتەوە

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی پڕۆسەی گواستنەوەی ئەو ئەفغانیانەی هاوكاری هێزە بیانییەكانی ناو وڵاتەكەیان بوون، ئیتالیا رایدەگەیەنێت كە لەسەر ئاستی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا، زۆرترین خەڵكیان لە ئەفغانستانەوە گواستۆتەوە.

زیكەی 5000 هەزار
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا رایگەیاندووە: وڵاتەكەی نزیكەی 5000 هەزار كەسی لە ئەفغانستانەوە گواستۆتەوە، ئەوەش لە نێو وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپای بەشدار لە پڕۆسەكەدا، زۆرترین ژمارەیە.

لویچی دی مایۆ وەزیری دەرەوەی ئیتالیا روونیكردۆتەوە: ئەوان یەكەم وڵاتی یەكێتیی ئەوروپان، كە زۆرترین ژمارەی ئەفغانییەكانیان گواستۆتەوە ‌و هێشتا ژمارەیەكی زۆریش ماون كە چاوەڕێ دەكەن لە ئەفغانستان بگوازرێنەوە. وتیشی: ئیدی ناتوانین لە رێی ئەو رایەڵە ئاسمانییەوە پڕۆسەكە درێژە پێبدەین، بەڵام ئامادەین لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان، كاربكەین بۆ گەرەنتیی گواستنەوەی ئەو كەسانەی ماوەی 20 ساڵی رابردوو لەو وڵاتە هاوكاری هێزەكانمان بوون ‌و دەیانەوێت وڵاتەكەیان جێبهێڵن.

قۆناغە سەختەكە
ئاماژەی بەوەشداوە: قۆناغی یەكەم كۆتاییهاتووە ‌و قۆناغە سەختەكە دەستپێدەكات ‌و پێویستە دەستبەرداری گەلی ئەفغانستان ‌و هەموو ئەو كەسانە نەبن، كە بە درێژایی ئەو 20 ساڵە، ئیرادەی زۆری پێشكەوتن ‌و گۆڕانكارییان هەبووە.

رۆژی شەممەی رابردووش، دوا فڕۆكەی ئەو وڵاتە بە 58 سەرنشینی ئەفغانییەوە گەیشتە ئیتالیا، بەوەش كۆی ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی لەماوەی چەند هەفتەیەكدا حكومەتی رۆما گواستوویەتییەوە، گەیشتە 4900 كەس، سەرلەبەیانی هەمان رۆژیش، ئەو ئەندامانەی وەكو تیمی دیپلۆماسی ‌و ئەمنیی ئیتالیا لە كابوڵ مابوونەوە، گەیەنرانەوە وڵاتی خۆیان.

حكومەتی رۆما خوازیارە بە هاوئاهەنگیی نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و رێكخراوە ناحكومییەكان ‌و وڵاتانی ناوچەكە، هاووڵاتیانی دیكەی ئەفغانی بگوازێتەوە.

لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تالیبان ‌و پاڵپشتیی حكومەتی كابوڵ، ئیتالیا شانبەشانی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ‌و توركیا ‌و بەریتانیا ‌و ئەڵمانیا لە ئەفغانستان نێردەی هەبوو، بەڵام لە كۆتایی مانگی تەمموزی رابردوودا دوا كەتیبەی ئەو وڵاتە كە لە دەیان سەرباز پێكهاتبوو، لە شاری هیرات لە خۆرئاوای ئەفغانستان كشایەوە.

دوا كاروانی هێزەكانی بەریتانیا
لەلایەكی دیكەوە، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاندووە: دوای 15 رۆژ لە دەستپێكردنی خێرای پڕۆسەی گواستنەوە و دەرچوون لە ئەفغانستان، ئێوارەی شەممە دوا كاروانی هێزەكانیان كابوڵی پایتەخت ئەفغانستانیان بەجێهێشتووە.

هێزەكانی بەریتانیا لە ساڵی 2001ەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەشداریی لە شەڕی دژ بە تالیبان كردووە.

رۆژی هەینی رابردوو، حكومەتی لەندەن رایگەیاند: ئەركی چۆڵكردنەكەی ئەفغانستان لە ماوەی چەند سەعاتێكدا كۆتایی دێت و سوپای بەریتانیا دەتوانێت هەر هاووڵاتییەكی ئەفغانی بگوازێتەوە، كە لەو 20 ساڵەی مانەوەیان لەو وڵاتە، هاوكاریی هێزەكانیان كردوون.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 351 جار بینراوە