سەرەکی » دۆسێ » حكومەت ״خزمەتی ئاڵا״ پەسەند دەكاتپەڕە 27

حكومەت ״خزمەتی ئاڵا״ پەسەند دەكات

بەرپرسە عیراقییەكان دان بە قورسی تێپەڕاندنی یاسای «سەربازیی زۆرملێ‌«دا دەنێن لە پەرلەمان، دوای ئەوەی حكومەت توانی لە 31ی ئابدا دەنگی لەسەر بدات، لە هەنگاوێكدا كە لێوەی دەیەوێت هاوسەنگی بۆ دامەزراوەی سەربازیی بگێڕێتەوە، لەكاتێكدا پێشبینی دەكرێت لەلایەن هێزە دەستڕۆیشتووەكانی پەرلەمانەوە رەتبكرێتەوە.

یاساكە كە لە ساڵی 2003وە لەگەڕخراوە، «دەكرێت ساڵانە دەیان هەزار سەرباز بۆ دامەزراوەی سەربازی عیراق زیادبكات، بەو پێیەی تەنیا پشت بە پرەنسیپی تەمەن و خوێندن دەبەستێت، بەبێ‌ پشتبەستن بە هیچ پێوەرێكی تری پەیوەست بە لایەنی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی، ئەمەش هاوسەنگییەكی سروشتی بۆ دامەزراوەكە دەگێڕێتەوە»، وەك هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی بەرگری لە بڕیارەكە دەكەن، باسی دەكەن.

وەزارەتی بەرگری عیراق لەم ماوەیەی دواییدا راپۆرتێكی تەواوی پێشكەش بە حكومەت كرد لەبارەی یاساكە و تێچووی پێویستی دارایی بۆ خستنەوەگەڕی، بەڵام عەبدولئەمیر عەللاوی وەزیری بەرگری، لە لێدوانەكانی پێشوویدا رایگەیاندبوو، راوبۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی پرۆژەكەوە كە پێویستی بە 150 ملیار دیناری عیراقی هەیە بۆ جێبەجێكردنی، حكومەتیش چاوی بڕیوەتە هەڵوێستی رەوت و حزبە سیاسییەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ تێپەڕاندنی.

لە 31ی ئابی 2021، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق یاساكەی پەسەندكرد كە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی شورای دەوڵەتەوە وردبینی كرابوو، تەئكیدیش لەسەر رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان كرایەوە بە پشتبەستن بە ئەحكامەكانی دەستوری عیراقی.

ماوەی سەربازیی زۆرملێ‌ لەنێوان 9 بۆ 18 مانگدایە بەپێی بڕوانامەكانی خوێندن كە خزمەتی ئاڵای پێدەوترێت و خزمەتێكی زۆرەملێیە بۆ هەموو ئەوانەی تەمەنییان دەگاتە 18 ساڵ تا 35 ساڵ.

نەهێشتنی تایەفەگەریی
بەرپرسان تەئكید لەسەر گرنگی پەسەندكردنی یاساكە دەكەنەوە، بەو پێیەی پشكداریی تایەفەگەریی ناهێڵێت لە پێكهێنانی سوپای عیراق لە دوای ساڵی 2003وە.

نایف شەممەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەو بارەیەوە دەڵێت»یاسای سەربازیی زۆرەملێ‌ یان خزمەتی ئاڵا، لە یاسا نیشتمانییە گرنگەكانە كە پێداگرییەكی زۆری لەسەرە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە بۆ داڕشتن و جێبەجێكردنی بە زووترین كات، یاساكەش گەر پەسەند بكرێت، ئاكامی ئەرێنی دەبێت بۆ نەهێشتنی تایەفەگەریی و پشكداریی».

بە وتەی شەممەری»دەكرێت یاساكە تا ئەندازەیەكی زۆر تایەفەگەریی لە عیراقدا نەهێڵێت، لاوان بەبێ‌ رەچاوكردنی تایەفە و نەتەوە لە هەموو پارێزگاكانەوە روو لە دامەزراوەی سەربازیی دەكەن، هەموو پێكەوە خزمەتی دامەزراوەی سەربازی عیراقی دەكەن، بەشێوەیەكی باش ئامادە دەكرێن لەڕێی مەشقێكی دروستەوە».

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت»یاساكە كار بۆ هێنانەدی هاوسەنگی دەكات لەنێوان هەموو پێكهاتەكان و هیچ لایەنێك ناتوانێت باس لە پشك یان رێژەی خۆی بكات لەنێو دامەزراوەی سەربازی، بەو پێیەی داوای ساڵانی لەدایكبووی دیاریكراو دەكات لە چوارچێوەی مەرجی دیاریی كراو و بۆ ماوەیەكی روون، بەچاوپۆشین لە پێكهاتەكان و ناوەكانی تر، لەگەڵ ئەمەشدا توێژینەوەیەكی تەواو ئامادەكراوە لەلایەن شارەزایانی دامەزراوەی سەربازی لەبارەی بوونی دامەزراوەكانی مەشق و هۆڵەكانی لەخۆگرتنی رۆڵەكانی گەلی عیراق لە چوارچێوەی ئەو تەمەنانەی دەبێت پەیوەندی بە دامەزراوەی سەربازییەوە بكەن».

بە هەمان شێوە گاتع رەكابی پەرلەمانتاریش پێیوایە،» یاساكە هەنگاوێكە بەرەو نوێكردنەوەی دامەزراوەی سەربازیی و نەوەیەكی لاو فەراهەم دەكات لە سایەی بەساڵاچوونی زۆرێك لە كارمەندانی سەر بە هێزە ئەمنییەكان، چونكە پرۆسەی نوێكردنەوەی دەزگا ئەمنییەكان بۆ چەند ساڵێكە راوەستاوە بەهۆی راوەستانی دامەزراندن».

رەكابی دەڵێت»مەبەست لە داڕشتنی یاساكە، هێنانی خوێنی نوێیە بۆ نێو هێزە ئەمنییەكان، هەروەها راكێشانی چینێكی فراوانتری لاوانە لەپێناو دوورخستنەوەیان لە هەڵخەڵەتاندن و لەخشتەبردن لەلایەن ئەو لایەن و كەسێتیانەی دەیانەوێت بەرەو هەڵدێر و تێكدانی وڵاتیان ببەن».

ئاستەنگە گەورەكان
بەرپرسێكی حكومەت ئاماژە بە بوونی ئاستەنگی گەورە دەكات كە رێگرە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەران و زۆربەی ئەو ئاستەنگانەش سیاسین، بەرپرسەكە كە داوای كردبوو ناوی ئاشكرا نەكرێت، بە میدیا عەرەبییەكانی راگەیاندووە»زۆربەی ئەو لایەنە سیاسیانەی لە میدیاكاندا خواستی خۆیان بۆ تێپەڕاندنی یاساكە دەردەبڕن، لە راستیدا هەر ئەوانن لەماوەی ساڵانی رابردوو تێپەڕاندنەكەیان لەگەڕخستووە».

بەرپرسەكە دەڵێت»هێزە گەورەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران وەك هاوپەیمانییەكانی فەتح (نوێنەری حەشدی شەعبی) و دەوڵەتی یاسا (بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی) و هەندێك لە هێزەكانی سەر بەو دوو لایەنە، پێشتر یاساكەیان رەتكردۆتەوە و لەئێستاشدا تێپەڕاندنی رەتدەكەنەوە، ئەو هێزانە لەماوەی ساڵانی رابردوودا دزەیان كردۆتە نێو دامەزراوەكانی دەوڵەت و سوپاوە، بۆیە بنەمای هێنانەدی هاوسەنگی لە هەموو دامەزراوەكاندا رەتدەكەنەوە، چونكە هاوسەنگی هەڕەشە لەسەر هەژموونیان دروست دەكات، هەر بۆیە هێز و تواناكانیان لەنێو پەرلەماندا بۆ لەگەڕخستنی هەموو ئەو هەنگاوانەی بەرەو ئەو ئاراستەیە هەڵدەنرێن، دەخەنەگەڕ».

بە بۆچوونی ئەو بەرپرسە»ناكرێت لەم پەرلەمانەی ئێستادا یاساكە تێبپەڕێنرێت، بە هەمان شێوە لە پەرلەمانی داهاتووش گەر گۆڕانكارییەكی سیاسی لەڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە روونەدات، و وڵات لە چنگی ئەو هێزە تەقلیدیانە قوتار نەكرێت كە دەستییان بەسەر بڕیاریی سیاسیدا گرتووە».

بەدرێژایی خولە پەرلەمانییەكانی پێشوو، یاسای بەسەربازكردنی زۆرملێ‌ لە عیراق مشتومڕێكی فراوانی دروستكردووە، بە تایبەت كە هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان رێگرییان لە پەسەندكردنی كردووە، بەهۆی ئەو ئەجێندای سیاسیانەی رەتیدەكەنەوە هاوسەنگی لە وڵاتدا بێتەدی.

یاساكە لەلایەن پەرلەمانی پێشووەوە بۆ حكومەت رەوانەكرا كە ئەویش لای خۆیەوە رەوانەی ئەنجومەنی شورای دەوڵەتی كردبوو، تا هەندێك دەستكاریی تێدا بكات.

ئەو حزبانەی حكومەتە یەك لەدوایەكەكانیان پێكهێناوە لەدوای ساڵی 2003، هەژموونی خۆیان لەنێو دامەزراوەی سەربازیدا بەكارهێناوە، ئەمەش بۆتە مایەی دروستبوونی دامەزراوەیەك كە وابەستەبوونی حزبی و نانیشتمانی تێدا بەرجەستە ببێت و كاریگەریی نەرێنی لەسەر تواناكانی دامەزراوەكە دروستبكات، لەو رێگەیەشەوە بوار بۆ رێكخراوی داعش خۆش بوو، تا لە هاوینی 2014دا دەست بەسەر ژمارەیەك پارێزگادا بگرێت و بوار بە میلیشیاكان بڕەخسێت، تا هەژموون و هێزییان لە هەژموون و هێزی سوپا زیاتر بێت.

 245 جار بینراوە