سەرەکی » زانست » ئاشكراكردنی نهێنییەكانی سێگۆشەی بەرمۆدا

ئاشكراكردنی نهێنییەكانی سێگۆشەی بەرمۆدا

تارا شێخ عوسمان

دوای 76 ساڵ، زانایان لە ئاشكراكردنی نهێنییە سەرسورهێنەرەكەی سێگۆشەی بەرمۆدا نزیك بوونەتەوە.

سێگۆشەی بەرمۆدا لە باكوری ئۆقیانوسی ئەتڵەسی كە بە سێگۆشەی شەیتانیش ناسراوە، چەندین ساڵە بووەتە مایەی پرسیار و تێرامانی بەشێكی زۆری زانایان و تەنانەت كەسانی ئاسایی بەهۆی ئەوەی چەندین دەیەیە ژمارەیەكی زۆری فرۆكە و كەشتی لەو ناوچەیە تێكشكاون یان ون بوون، هەر بۆیە بەم دواییە تیمێكی زاناو شارەزای بواری لێكۆڵینەوەی قوڵایی دەریاوئۆقیانووسەكان توانیویانە لیكۆڵینەوەیەكی نوێ بكەن كە ماوەی ساڵیكی خایاندووە بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری ونبونی ئەو فرۆكە و كەشتیانە و هەندێك لە ئەنجامەكان لە زنجیرە بەرنامەیەكی دیكۆمێنتەرییدا بە ناوی (مەزنترین نهێنییەكانی مێژوو) لە(History Channel)ی ئەمریكییەوە پەخش دەكرێت دەخەنە روو بەمەش هەندێك لە نهێنییەكانی ئەو سێگۆشە نامۆیە ئاشكرا دەكەن.

سێگۆشەی بەرمۆدا زۆرتر لە چلەكانی سەدەی رابردودا نازناوی سێگۆشەی شەیتانی وەرگرت، كاتێك چەند رووداوێكی تەمومژاوی لەو ناوچەیە روویاندا كە دیارترینیان رووداوەكەی ساڵی (1945)و ونبوونی پێنج فرۆكەی بۆمبهاوێژی جۆری (Grumman TBF Avenger) بوو بە (12) فرۆكەوان و یاریدەری فڕۆكەوانەوە كە لە گەشتێكی مەشقكردندا بوون بەناوی گەشتی (19) و لە بنكەی ئاسمانی ویلایەتی فلۆریداوە هەڵفڕین و پاش گەیشتنیان بە سێگۆشەی بەرمۆدا پەیوەندییان بە بنكەی زەمینییەوە پچڕا و دیار نەمان، دواتر 13 كەسی تری سەرنشینی فرۆكەی سەر دەریایی جۆری(Martin PBM Mariner)ی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریكا كە بۆ گەران بە دوای ونبووەكانی گەشتی (19) دا رۆیشتن ئەوانیش بێ سەرو شوێن بوون.

لە دوای ئەو رووداوە ئیدی ئەو سێگۆشەیە بووە جێگەی نیگەرانی و ترسیی كەسانێكی زۆر، چونكە رووداوەكانی بێسەروشوێن بوون زیاتر بوون.

ئەو زنجیرە دیكۆمێنتەرییەی لەسەر سێگۆشەی بەرمۆداش كراوە بریارە بەم نزیكانە پەخش بكرێت، بریتییە لە ئەنجامی كاری ئەو تیمە كە لە كەنارەكانی ویلایەتی فلۆریداوە دەستی پێكردووە بۆ باشوری خۆرهەڵاتی پۆیرتۆریكۆ تا باكوری بەرمۆدا.

بەر لەخستنەرووی ئەو كارەش (مایك بارنیت) لێكۆڵەرەوەی دەریایی باسی لەوە كرد لەو شوێنەی كاری لیكۆڵینەوەكەیان دەستپێكردووە پارچەی تێكشكاوی چەند فرۆكەیەكیان دۆزیوەتەوە پرسیاری ئەوەیان لا دروست بووە كە داخۆ ئەوە پاشماوەی فرۆكە بۆمبهاوێژەكانی ساڵی 1945 بێت؟.

ئەو لێكۆلەرە دەڵێت» دوای راوێژ و لێكۆڵینەوەی ئەندامانی تیمەكە گەیشتینە ئەو وەڵامەی كە رەنگە ئەوە پاشماوەی ئەو فرۆكانە نەبێت، چونكە بەر لە ساڵی 1945 و دواتریش بە دەیان فرۆكە لە نزیك ئەو سێگۆشەیە و كەنارەكانی فلۆریداتیچكشكاون یان ون بوون».

بەپێی لێكۆڵینەوەكان كە تا ئێستا لەبارەی سێگۆشەی بەرمۆداوە كراوە لە ساڵی 1930ەوە زیاتر لە 325 فرۆكە و 1200 كەشتیی لە نزیك ئەو سێگۆشەیە كە رووبەرەكەی 700كیلۆمەتر چوارگۆشەیە یان ون بوون یان تێكشكاون.

نهێنی ئەم ون بوون و تێكشكانانەش بووەتە بابەتێكی سەروو سروشتیی و لای هەندێك لە میللەتان چەندین چیرۆك و تەنانەت ئەفسانەشی لەبارەوە دروستكراوە و بەپێی هەندێك لەو چیرۆك و ئەفسانانە دڕندەیەكی زەبەلاحی دەریایی لە ناو ئەو سێگۆشەیەدایە كە ئەو كەشتی و فرۆكانە لووش دەدات، بەڵام (مایك بارنیت) بە تەواوی ئەو ئەفسانانە رەتدەكاتەوە و بە بیركردنەوەی ناڕاست و نالۆژیكی لەقەڵەمیان دەدات.

سەرچاوە: RT

 202 جار بینراوە