سەرەکی » راپۆرت » قوباد تاڵەبانی، بێ پشوودان کار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانیی کوردستان دەکات

قوباد تاڵەبانی، بێ پشوودان کار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانیی کوردستان دەکات

راپۆرتی: جێگر خدر

شار بە شار، بێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون بکات شانی داوەتە بەر ئەرکێکی قورس. بەیانییەکەی لە سلێمانییە، بۆ ئێوارە دەچێتە هەولێر و رۆژی دواتر لەناو فڕۆکەدا وێنەیەک بڵاو دەکاتەوە و بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەوێت. ئەم کارەی هەڵمەتەکانی دوو هەڵبژاردنی رابردوومان بیر دەخاتەوە، کە شوێن نەما، دروشم و گوتاری داهاتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێ نەگەیەنێت. ئەو قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستانە.

سەلمە فاتیح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دیاریکردنی قوباد تاڵەبانی وەکو سەرۆکی هاوپەیمانیی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ، باس لەوە دەکات، قوباد تاڵەبانی خاوەنی ئەزموونێکی تاقیکراوەی سەرکەوتووە، پێشتر سەرۆکایەتی لیستی یەکێتی کردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر کورسی بۆ یەکێتی بەدەست بهێنێت، توانا و کارامەییەکی زۆری هەیە و کوڕی سەرۆک مام جەلالە و قبوڵکراوی گشت لایەکە. هەروەها وتیشی: پەیوەندییەکانی سەرۆکی هاوپەیمانیی کوردستان لەگەڵ بەغدادا زۆر باشە و لە ماوەکانی رابردوودا، بە هەوڵەکانی ئەو توانرا کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم تا ئاستێکی باش چارەسەر بکرێت و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێردرێت و لێبڕینی مووچەش هەڵبگیرێت.

تێپەڕاندنی تەنگەژە سیاسییەکان
دکتۆر ئاراز رەمەزان، مامۆستای زانکۆ، بۆ کوردستانی نوێ ئاماژە بەوە دەکات، کە لە دوای ساڵی 2014 و هاتنی داعش و قووڵبوونەوەی ململانێ سیاسییەکان لە عیراقدا، هەرێمی کوردستانی دووچاری قەیرانی دارایی سەخت کرد، گرفتی نەگونجانی لایەنە سیاسییەکان بە پێکهاتە جیاجیاکانی سەراپای عیراقەوە هاتە کایەوە، ئاسان نەبوو دوای رووداوەکانی ساڵی 2017، هەرێم بەغدا رازیبکات بە ناردنی شایستە داراییەکان و رێکەوتنی سیاسی، بەڵام کورد ژیرانە، سیاسییەکی کارامەی هەڵبژارد بۆ سەرۆکایەتی کردنی ئەو مەلەفە چارەنووسسازە، ئەویش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بوو، کە بە پشوودرێژیی خۆی توانی لایەنە دژەکان، ئەوانەی مافەکانی هەرێمیان قبوڵ نەبوو، رازییان بکات و دواجاریش رێکەوتنی هەردوولای لێکەوتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکی هاوپەیمانیی کوردستان، ئەوە دەخوێندرێتەوە، کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، دەیانەوێت برەو بە سەرکەوتنەکان بدەن و هەرێم لە قەیرانەکان رزگار بکەن و تیمێکی بەهێزی داکۆکیکار بنێرنە بەغدا، تاوەکو ماف و ئیمتیازاتی خەڵکی کوردستان نەکەوێتە مەترسییەوە.

یەکدەنگیی کورد لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکاندا
ئارەزوو مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەبارەت بە دروستکردنی بەرەیەکی گەورەی هەڵبژاردن رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان و پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستان، بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە چەند ساڵی رابردوودا، بەپێی ئەو ئەزموونەی ئێمە لە ئەنجومەنی نوێنەران هەمان بووە، هەرکاتێک کورد یەکدەنگ نەبووبێت، نەمانتوانیوە دەستکەوتی باش بەدەست بهێنین و سەرکەوتووبین لە پێکانی ئامانجە نەتەوەییەکانماندا. بە پێچەوانەوەش بە یەکدەنگیی و یەکگرتوویی هەمیشە سەرکەوتووبووین، ئێستاش کە هاوپەیمانیی کوردستان لە نێوان یەکێتی و گۆڕان پێکهێندراوە، جێگەی ئومێدە بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە دەتوانرێت لە رێگەی ئەو دوو هێزە کاریگەرەوە، کوتلەیەکی سیاسی بەهێز دروستبکرێت، کە دەکرێ لە داهاتوودا هێزی دیکەش بێنە پاڵ ئەوان و هاوشێوەی «هاوپەیمانیی کوردستانی»ی رابردوو فراکسیۆنێکی گەورەی کاریگەری کوردستانی لە پەرلەمان پێکبهێندرێت.

راشیگەیاند: دیاریکردنی قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆک لیست، هەنگاوێکی کاریگەر و ستراتیژییە، بەهۆی ئەوەی ئێمە لە بەغدا، لە نزیکەوە ئاگاداربووین، کە چەندە هەوڵیدا و تێکۆشا لە پێناو رێکەوتنی هەرێم و بەغدا، چەندەش بە ئارامیی و پشوودرێژیی خۆی راگرت، تا گەیشتە رێکەوتن و توانی ئاڵێنگارییەکان تێبپەڕێنێت.

قوباد تاڵەبانی، لە دوای رێکەوتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەیەکەوە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کوردستان، وەک سەرۆکی لیست دیاریکرا، ئەو ئێستا بە دروشمی «بەیەکەوە بەهێزترین» بانگەشە بۆ لیستەکە دەکات و ئامانجی ئەوەیە لەو رێیەوە پرسی:»یەکڕیزی، مووچە، خزمەتگوزاری باشتر و سەقامگیری» بکاتە پرسە گرنگەکانی کارکردنی هاوپەیمانییەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.

 119 جار بینراوە