سەرەکی » کەلتوور » ده‌نگێكی به‌سۆز له‌ كرماشانه‌وه

ده‌نگێكی به‌سۆز له‌ كرماشانه‌وه

خه‌لیل عه‌لی‌

حیشمه‌توڵڵای لوڕنه‌ژاد، به ‌یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ سه‌رده‌سته‌كانی كرماشانی شیرین داده‌نرێت و له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی گه‌وره‌ نه‌خشێكی هێنده‌ جوانی له‌ گۆرانی گوتن به‌جێهێشتووه‌، تام و بۆ تایبه‌تییه‌كه‌ی له‌ دوور ڕا ده‌ناسرێته‌وه‌. «حشمه‌ت» له‌ ساڵی 1947 له‌ شاری كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ دایكبووه‌. ده‌نگه‌ به ‌سۆزه‌كه‌ی به ‌میرات له‌ باوك و باپیرییه‌وه‌ بۆ به‌جێماوه‌. ئه‌و ته‌نها ته‌مه‌نی 17 ‌ساڵان بوو كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ تیپی ئۆركێسترای رادیۆی كرماشان به‌ شیعرێكی براكه‌ی (یه‌دوڵڵا لوڕنه‌ژاد) (شه‌یدا كرامنشاهی) گۆرانییه‌كی تۆماركرد و بڵاوكرده‌وه‌. ئیدی له‌وكاته‌وه‌ تاوی هونه‌ری خۆی داو له‌ گۆرانی گوتن به‌رده‌وام بوو. ئه‌و ده‌یویست به‌دوای رێچكه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ مامۆستایان: سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی و عه‌لی مه‌ردان و تاهیر تۆفیق بكه‌وێت، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا گوێڕایه‌ڵی رێنماییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك بوو، ئه‌و كاته‌ی له‌ رادیۆ سه‌رقاڵی گۆرانی تۆماركردن بوو.

شایانی باسه‌، «حیشمه‌ت» له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌وره‌ مۆسیقییانه‌ی كرماشان كاری كردووه‌: مه‌حمود بلوری، مه‌حمود مه‌راتی، ئه‌كبه‌ر ئێزدی، سه‌یفوڵا نادر شاهی، مه‌سعود زه‌نگه‌نه‌ مه‌جد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ماوه‌ی 25 ساڵ فه‌رمانبه‌ر بووه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی كه‌شناسی كرماشان.

بەشێوەزاری جیا گۆرانی وتووە
ناوبراو به‌ چه‌ندین شێوه‌زاری كوردی گۆرانی گوتووه‌، وه‌ك: هه‌ورامی، سۆرانی، گۆرانی، كرمانجی خواروو، لوڕی، كرماشانی، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ڕوونی به‌كاره‌كانییه‌وه‌ دیاره‌. زۆر شه‌یدای شار و وڵاته‌كه‌ی بوو، پیاوێكی نیشتیمانپه‌روه‌ر و دڵسۆز بوو. (گۆرانییه‌كی بۆ خۆشه‌ویستیی كرماشان گوتووه‌). گۆرانیبێژێكی لێزان بووه‌، به‌تایبه‌ت له ‌گۆرانی گوتنی له ‌ناكاودا، كاتێك له‌پڕ به‌سه‌ر ئاهه‌نگێك، یان بۆنه‌یه‌كدا ده‌كه‌وت رانه‌ده‌ما له‌ گۆرانی گوتن و له‌ رێكخستنی وشه‌ و شیعراندا لێزان و به‌ توانا بوو، به‌تایبه‌ت كاتێك له‌گه‌ڵ گۆرنیبێژه‌ میللییه‌كاندا ده‌كه‌وتنه‌ به‌ریه‌ك. كاتێك گۆرانی (به‌هه‌شتی ژیان)ـی گوت ناو و ناوبانگێكی زۆری بۆ خۆی په‌یداكرد و ناوی چووه‌ نێو خه‌ڵك. خاوه‌نی 200 گۆرانییه‌ و له‌ به‌ناوبانگترینیان: رۆڵه‌ی شیرینم بنووه‌ دره‌نگه‌(لای لای)، ره‌فیقانی ته‌ریقه‌ت، سه‌ڵته‌نه‌، شۆڕه‌ژن، عه‌هد و په‌یمان، سه‌بری، خه‌وه‌ر نه‌یری، شورمه‌ستی، هه‌وری لار، سه‌فه‌رخۆش، هه‌ریره‌، به‌و به‌و، ئه‌مه‌و چه‌ندان گۆرانی تر…، به‌ڵام مخابن حیشمه‌ت له‌ 16ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 1995كۆچی دوایی ده‌كات و له‌ گۆڕستانی (میناباد) له‌ كرماشان به ‌خاك ده‌سپێردرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ره‌سه‌ن و مه‌زنه‌ی كورد له‌دوای خۆی هونه‌رمه‌ندێكی تری بۆ كورد به‌جێهێشتووه‌ به‌ناوی «حیسام حیشمه‌توڵڵا لوڕ نه‌ژاد»، كه‌ ده‌نگێكی به‌سۆز و میهره‌بانی هه‌یه‌ و رێچكه‌ی باب و باپیرانی گرتۆته‌وه‌ و چه‌ندین گۆرانی تۆماركراوی هه‌یه‌.

حیشمه‌ت، ئه‌م گۆرانیه‌شی بۆ دایكی كورد گوتووه‌، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ شاكاره‌كانی داده‌نرێت.

(كۆرپه‌ی شیرینم)
كۆرپه‌ی شیرینم بنوه‌ دره‌نگه‌
شه‌وگار درێژ ‌و دنیا بێ ده‌نگه‌
بنوه‌ به‌رهه‌می ژینی ڕابردووم
ته‌نیا ئاواتی عومری با بردووم
هه‌ر تۆی گوڵی به‌هاره‌كه‌م
رووناكی به‌خته‌ تاره‌كه‌م
بنوه‌ كۆرپه‌ی له‌م باره‌وكه‌م
رۆڵه‌ لای لای كۆرپه‌كه‌م لای لای
رۆڵه‌ لای لای جه‌رگه‌كه‌م لای لای
قه‌رام تۆی بێ قه‌راری تۆم
تۆی مه‌ڵحه‌می جه‌رگی به‌ل كوم
بۆت فرمێسكم ئه‌ڕژێ وه‌ك جۆ
رۆڵه‌ لای لای كۆرپه‌كه‌م لای لای
رۆڵه‌ لای لای جه‌رگه‌كه‌م لای لای
به‌ تۆوه‌ شاده‌ ژیانی تاڵم
بۆ تۆیه‌ ئازیز به‌ كوڵ ئه‌ناڵم
بنوه‌ ئازیزم به‌ختت بێداربێ
هه‌ر ڕۆژه‌ ژینت هه‌زار به‌هار بێ
هه‌ر تۆی گوڵی به‌هاره‌كه‌م
روناكی به‌خته‌ تاره‌كه‌م
بنوه‌ كۆرپه‌ی له‌م باره‌وكه‌م
رۆڵه‌ لای لای كۆرپه‌كه‌م لای لای
رۆڵه‌ لای لای جه‌رگه‌كه‌م لای لای

مه‌قامێكی ئه‌ڵاوه‌یسی:
پیر پا خستی شوون ئیل وه من
ئه‌وسا ئیڵ به‌رو ئیسا ویڵ وه من
ئه‌ره‌ستو بارن وه لوقمانه‌وه
حه‌کیمه‌یل جه‌م که‌ن په‌ی ده‌رمانه‌وه
بیوشن بشکافن دڵه‌ی پڕ ده‌ردم
شایه‌د بزانن ئه‌را ره‌نگ زه‌ردم

ئه‌م گۆرانیه‌شی بۆ خۆشه‌ویستیی كرماشان گوتووه‌:

کرماشان کرماشان شاری موحه‌به‌ت نيشان
وه‌لا له پيره شارانی تو وه ناو ئيران
قه‌زا له ليد دور بوودن بمێنی سه‌وز و جووان
ئه‌رێ گۆرانی چڕم ئامان له باخ سه‌راو
وه‌لا باربه‌د له ناو تاق تاق وه‌سان ده‌ی جوواو
وه‌لا نه‌کيسا ئوشد ئافه‌رين بی حساو
هه‌ر له بان پراو کوی بيستون دياره
وه‌لا فه‌رهاد له په‌ژاره‌ی شيرين شه‌و بێداره
ئه‌رێ ئوشن جام جه‌م ها ناو سه‌راو نيلوفه‌ر
خوزیا و سه‌يل بکردياين ده‌نگ و باس ئاخر سه‌ر
تا بزانستيای چو بودن له روژ مه‌حشه‌ر
ئه‌رێ هو هو هو بکه‌م ئامان له کويه گه‌ی شاهو
وه‌لا ده‌نگ حه‌قه‌ن حه‌ق ته‌يدن له بان داڵاهۆ
کرماشان کرماشان خاکت توتيای چاوم
له تو سه‌رز به‌رزه‌ هه‌م نيشان و هه‌م ناوم
له ويرم نيه‌ چود يادت له بيداری و خاوم

 121 جار بینراوە