سەرەکی » هەمەڕەنگ » رەیا ئەو میدیاکارەی ئەستێرەکان دەبینێت

رەیا ئەو میدیاکارەی ئەستێرەکان دەبینێت

رەیا ئەبی راشد پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنیی لوبنانی بەریتانییە، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پێشکەشکردنی بەرنامەی بەهرەکان Arabs got talent کۆپی عەرەبییەکەی بەناوبانگ بوو، هەروەها یەکەم رۆژنامەنووسی عەرەبییە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەستێرەکانی هۆلیوودا بکات نموونەکانی وەکو «تۆم کروز، ئەنجلینا جولی، بیۆنسێ، شاکیرا مارایا کاری..هتد».
رەیا زۆربەی زۆری فێستیڤاڵی خەڵاتە هونەرییەکانی جیهان رووماڵ دەکات وەکو خەڵاتەکانی ئۆسکار و بافتا و بریت و فێستیڤاڵەکانی کان و بوندوقییە و بەرلین، جگەلەوەی رووبەڕوو لەگەڵ هونەرمەند و ئەستێرە عەرەبییەکانیشدا چاوپێکەوتن دەکات وەکو عومەر شەریف و یوسف شاهێن و کازم ساهیر، لە ساڵی 2006 دا کاتێک دەرهێنەری فەلەستینی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب-ی بۆ باشترین فیلمی بیانیی وەرگرت و بۆ خەڵاتی ئۆسکار کاندید بوو ئەو کاتە رەیا هاوەڵی دەکرد.
رەیا لە ساڵی 1977 دا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لەدایکبووە، سەرەتاکانی ژیانی رۆژنامەنووسی لە بەیروت بووە پاشان لە ساڵی 1999 دا چۆتە بەریتانیا خاوەنی بەکالۆریۆسە لە ئابوریدا و ماستەری لە رۆژنامەنووسیی بینراودا هێناوە لە لەندەن، هەروەها بە باشیی بە چەندین زمان دەدوێت لەوانە ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیتالی.
ئەم خانمە چەندین بەرنامەی سەرکەوتووی پێشکەشکردووە لەوانە « World Business « لەسەر کەناڵی CNBC هەروەها بەشداریکردووە لە پێشکەشکردنی چەندین پێشبڕکێ و فێستیڤاڵدا وەکو ئاهەنگی Ferrari World ئەبو زەبی.
رەیا یەکەم ژنە رۆژنامەنووسی عەرەبییە بتوانێت بچێتە پشت کامێرای ئەستێرەکانی سینەما و گۆرانی و راستەوخۆ چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکات، لە بەرنامەکەیدا کە لەسەر شاشەی MBC پەخشدەکرێت بەناوی SCOOP، جگە لەوەی دەنگی لەسەر کۆمەڵێک فیلمی ئەنیمەیشن کۆپییە عەرەبیەکەی تۆمار کردووە لەوانە فیلمەکانی «The Angry Birds Movie, Smurfs: The Lost Village «
رەیا لە ساڵی 2011 دا شووی بە بزنسمانێکی ئیتالی کردووە و خاوەنی کچێکە بە ناوی لولا، یەکێک لەو رووداوانەی رەیا لەبیری ناکات ئەوەیە کاتێک چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەستێرەی هۆلیوود جولیا رۆبەرتسدا کردووە کەشەکەی بەدڵ نەبووە و حەزی پێنەبووە رەیا چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکات و دەڵێت «جولیا لە ژیانی راستیدا بە پێچەوانەی ئەوەوەیە کە دەردەکەوێت» ئەوەش رەیای تووشی نائومێدی کردووە، بەڵام لەبەرامبەریشدا هەندێک لە ئەستێرەکان رەیا دەناسن و پێیان خۆشە کاتێک دەیبینن و دیداریان لەگەڵدا دەکات و جۆرج کلونی بە تایبەتی ناوی هێناوە و داوای کردووە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکات.
رەیا هەرچەندە ئابووری خوێندووە بەڵام رقی لە سیاسەتە و نایەوێت کارەکانی پێشکەشی دەکات سیاسی بن و یەکێکیش لەو خووانەی ناتوانێت دەستبەرداری بێت خواردنی شەکرە و دەڵێت پێیەوە ئالوودەیە و زۆر حەزدەکات وازیلێبێنێت، بەڵام ناتوانێت.
رەیا لەبارەی نەخۆشی شێرپەنجەوە کە دایکی بەو نەخۆشییە کۆچیدواییکردووە و چەند ساڵێک بەر لەئێستا خۆی رووبەڕووی ئەو نەخۆشییە بووەتەوە و توانیوێتی بەسەریدا زاڵ بێت دەڵێت «چەند ساڵێك پێش ئێستا دایکم تووشی شێرپەنجە بوو کاتێک نەخۆشییەکەی لێ قورس کرد و کۆچیدوایی کرد، تا ئێستاش ئەو نەخۆشییە لای یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەم هەیە، بۆیە دەزانم چەند قورسە لەگەڵ ئەو نەخۆشییەدا بژین».

سەرچاوە:
www.arageek.com

 107 جار بینراوە