سەرەکی » وتار » گۆڕانکاری لەبەشە وانەکاندا

گۆڕانکاری لەبەشە وانەکاندا

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

کاتێک بیر لەچوارچێوە گشتییەکەی دانان و ئامادەکردنی کتێبێک دەکرێتەوە وەک یەکێک لە کتێبەکانی مەنهەجی خوێندن لە خوێندنگەکاندا، کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی هەیە لەبەرچاو دەگیرێت، لەوانە، داڕشتنی ئامانجە گشتی و تایبەتییەکانی دانانی کتێبەکە، هەڵبژاردنێکی ورد بۆ یەکە و پێکهاتەکانی یەکەکان و بابەتەکانی، دەستنیشانکردنی باشترین و گونجاوترین رێگەکانی وانەوتنەوە بۆ ئەو بابەتانەی کە لەکتێبەکەدا هەن، لەگەڵ هەڵبژاردن و دیاریکردنی کەرەستە و هۆکار و پێداویستییە فێرکارییەکان کە دەکرێت وەک پاڵپشت بۆ فێربوونێکی باشتر لەوانەوتنەوەکاندا بەکاربهێنرێت و شێواز و رێگەکانی هەڵسەنگاندنیشی دەستنیشاندەکرێت بۆ بەرەو پێشچوون و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی.

هەموو ئەم کارانە بە پلانێکی ئامادەکراوی پێشتر بە لەبەرچاوگرتنی هەموو تایبەتمەندییەکانی کتێبەکە دادەنرێن و بڕیاریان لەسەردەدرێت، یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەش کە لە دانانی کتێبی خوێندندا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت ژمارەی بڕیار لەسەردراوی ئەو بەشەوانانەیە کە لەهەفتەیەکدا بابەتەکانی کتێبەکەی لەسەر دەوترێتەوە، چونکە ژمارەی یەکەکان و پێکهاتەی بابەتەکانی یەکەکان و چالاکی و راهێنانەکانی هەر بابەتێک و کۆی گشتی بابەتەکانیش بە پێی ژمارەی بەشەوانەکان رێکدەخرێن و بڕیاریان لەسەردەدرێت، چونکە ژمارەی بەشەوانەکان لەکۆتاییدا دەرفەتەکانی باشکردنی رێگە و شێوازەکانی وانەوتنەوە بەدیدێنن و دەرفەتی گونجاو و پێویست بەمامۆستا دەبەخشن کە تیایدا ئامانجە فێرکارییەکان بۆ هەر بابەتێک وەدیبێنێت، بەتایبەتی ئەو کتێبانەی کە پێکهاتە و ناوەڕۆکیان بنەڕەتین بۆ فێربوونەکانی تر و باش نەوتنەوەیان و نەبوونی دەرفەتی گونجاو و لەبار بۆ وتنەوەیان، کێشە و گرفتی فێرکاری زۆر ئەستەم دروستدەکات و تەواوی بابەتەکانی تر لە فێربوونێکی دروستدا پەک دەخات. کەواتە گۆڕانکاری لەبەشەوانەکان بێ گۆڕانکاری لە یەکە و پێکهاتەی یەکەکانی کتێب، تەنگژە و نالەباری و ناهاوسەنگی لە وانەوتنەوە دروستدەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی ناوەڕۆکی بابەت بەپێی ئامانجی پلان بۆ دانراوی کتێبەکە یەکنەگرێتەوە و کورتی لەکات و زۆری لەبابەت وەدیبهێنێت، ئەمەش کاریگەری زۆر خراپ دروست دەکات بۆ مامۆستا و دەبێت گۆڕانکاری لە شێواز و رێگە و پلانی خۆی بکات و هەوڵبدات کتێبەکە لەگەڵ ژمارەی بەشەوانەکان بگونجێنێت لەسەر حەسابی توانا فێربوونییەکانی خوێندکاران، ئەمەش کارێکی نەرێنییە، بەتایبەت بۆ ئەو مامۆستایانەی کە لەپۆلێکی چڕ و قەرەباڵغدا وانە دەڵێنەوە و ناتوانن زۆر بەباشی تواناکانی فێربوون لە خوێندکارەکانیان بەدیبهێنن، چونکە تواناکانی فێربوون چەند ژمارەی خوێندکاران زیاتر بێت هێندە جیاوازی تاکایەتی لە فێربووندا زیاتر دەبێت و دەرفەتی پێویستیش بەردەست نابێت بۆ مامۆستا تا بتوانێت گرنگی بەئاستی جیاوازی هەموو خوێندکارەکانی بدات، بەمەش چۆنایەتی فێربوون ئاستی نزمدەبێتەوە و کاریگەری لەکۆی گشتی فێربوونەکانیش دەکات، بۆ نموونە ئێستا ژمارەی بەشەوانەکانی زمانی کوردی بۆ پۆلی یەکەم کراوە بە (9) بەشەوانە لەهەفتەیەکدا، لەکاتێکدا ئەو کتێبە خوێندنەی ئێستا بەردەستە بۆ پۆلی یەکەم بەناوی (خوێندنی کوردی)یەوە لەکاتی دانانیدا بۆ (11) بەشەوانە دانرابوو لە هەفتەیەکدا، ئەمە رەنگە بەچاوێکی ئاسایی بۆی بڕوانرێت ئاسایی بێت، بەڵام ئەگەر وەک ئامانجی پلان بۆ دانراو سەیری بکەین گرفتێکی گەورەیە، چونکە ئەگەر تەواوی ساڵێکی خوێندن (28) هەفتە بێت بۆ نموونە، ئەوا کۆی بەشەوانەی لابراو دەکاتە(56) بەشەوانە و هەر وانەیەک (40) خولەک بێت ئەوا دەکاتە(37) سەعاتی لادراوی وانەوتنەوە لە ساڵێکی خوێندندا.

 69 جار بینراوە