سەرەکی » ئابووری » داهاتی دەروازەكانی هەرێم لەگەڵ ئێران كەم دەكات

داهاتی دەروازەكانی هەرێم لەگەڵ ئێران كەم دەكات

یەکەی ئابووری

داهاتی دەروازە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران كەم دەبێتەوە و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: دەروازە سنوورییەكانی عیراق ئاسانكاریی زۆر بۆ بازرگانان دەكەن، بۆیە بازرگانانی هەرێمی كوردستان روو لە دەروازە سنوورییەكانی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور دەكەن.

بەوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم، بەهۆی ئەو ئاسانكارییانەی كە لە دەروازە سنوورییەكانی عیراقدا هەیە و نایاساییە، بازرگانانی هەرێمی كوردستان روو لەو دەروازانە دەكەن بەمەبەستی هێنانی شمەك.

دەشڵێت: «وێڕای ئەوەی ئاسانكاریی زۆرمان بۆ بازرگانان كردووە و رۆتینی كارگێڕیمان كەمكردۆتەوە، بەڵام هێشتا بازرگانان لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی پەروێزخان و باشماخەوە شمەك هاوردە ناكەن، ئەمەش وایكردووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو دوو دەروازەیە بە رێژەی (40 %) كەم بێتەوە».

پێشتریش، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی پەروێزخان رایگەیاندبوو، لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان سیستمی ئەلیكترۆنی كاری پێدەكرێت، بەڵام تائیستا لە مەرزەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق ئەو رێكارانە بە ئەلیكترۆنی نەكراون، بۆیە بەوتەی بازرگانان لەو دەروازانەی عیراق سێ بار بە یەك بار داخڵ دەكرێت، هەروەها ئاسانكارییەكی زۆریان بۆ دەكرێت.

یەكێك لە هۆكارەكانی دیكەی كەمبوونەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم لەگەڵ ئێران، بریتییە لە پرسی كوالێتی كۆنتڕۆڵ، كە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە شێوازێكی نێودەوڵەتیی جێبەجێ دەكرێت و بەپێی هەڵسەنگاندنی دەزگای كوالێتی كۆنتڕۆڵی عیراق، باشترین سیستمی كوالێتی كۆنتڕۆڵ لەو دەروازەی پەروێزخان جێبەجێدەكرێت.

 241 جار بینراوە