سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » لەناوبەرە بێ‌ ئامانەكەی شارستانێتی مرۆڤایەتی!

گەردەلوولەكان و داڕمان و رۆچوونەكانی زەوی

لەناوبەرە بێ‌ ئامانەكەی شارستانێتی مرۆڤایەتی!

نەوزادی موهەندیس

پێناسە:
گەردەلوول: روو دەدات لە ناوچەیەكی پەستان نزم لەگەڵ بوونی رەشەبایەكی لوولپێچی كە بەپێچەوانەی میلی سەعاتەوە دەسوڕێتەوە لە نیوەی باكووری گۆی زەوی و لەگەڵ میلی سەعاتیشدا لە نیوەی باشووری گۆی زەویدا.

پێكهاتەی گەردەلوول:
گەردەلوول پێكدێت لە 2 ناوچە. یەکەم: چەق یان چاوگ: كە سەرچاوەی گەردەلوولە و ئارامە. دووەم: دیواری گەردەلوول: كە بریتییە لە هەورێكی چڕ و رەشەبا و بە دەوری چاوگ یان چەقدا دەسوڕێتەوە و جووڵەی رەشەباكەی ستونی و توندە.

پێوانەی توندی گەردەلوول:
توندی گەردەلوول بە پلەی(فۆجیتا) دەپێورێت لەسەر بنەمای خێرایی و كاولكاریی و زیانەكانی:
1. گەردەلوولی سووك پلەكەی لە نێوان 64-83 پلەی یەكەم
2. گەردەلوولی مام ناوەنج پلەكەی لە نێوان 84-95 پلەی دووەم
3. گەردەلوولی بەهێز پلەكەی لە نێوان 96-110 پلەی سێیەم
4. گەردەلوولی زۆر بەهێز پلەكەی لە نێوان 111-135 پلەی چوارەم.
5. گەردەلوولی وێرانكەر پلەكەی لە نێوان زیاد لە 135پلەی پێنجەم.

جۆرەكانی گەردەلوول
1. گەردەلوولی كەمەرەیی
2. گەردەلولی دەرەوەی كەمەرەیی
3. گەردەلوولی ناوەنجی لە شێوەی كەمەرەیی

زیانی گەردەلوولەكان:
1. زیان لە كشتوكاڵ و جووڵەی خانووە جووڵاوەكان و تێكدانی كەلوپەلی سەربانەكان دەدات كاتێك خێرایی با 118-133كم/سەعاتێک بێت.
2. دەرهێنانی درەختە سووك و بچووكەكان و درزبردنی درەختە گەورەكان و هەڵگێڕانەوەی ئۆتۆمبێل و هەڵگرتنی چادر و شكاندنی پەنجەرەی ماڵان كاتێك خێرایی با 118-180كم/سەعاتێک بێت.
3. شكاندنی درەختە گەورەكان و هەڵكێشان و هەڵكەندنی سەربانەكان كاتێك خێرایی با 181-210كم/ سەعاتێک بێت.
4. وێرانكردنی سەربانی ماڵان و هەڵكەندنی درەخت و پچڕاندنی هێڵەكانی كارەبا و داخستنی رێگاوبانەكان كاتێك خێرایی با 210-250كم/ سەعاتێک بێت.
5. ئەم جۆرەیان كە خێرایی با 251-330كم/ سەعاتە زۆر توند و كاولكارە.
6. ئەم جۆرەیان خێرایی با زیاد لە 420 كم/ سەعاتە و هێشتا رووینەداوە لەسەر زەوی.

گەردەلوولە بەناوبانگەكان:
1. گەردەلوولی نانسی ساڵی 1961 لە رۆژئاوای زەریای هێمن.
2. گەردەلوولی بەنگلادیش و هندستان ساڵی 1970 ژمارەی قوربانی 300هەزار كەس.
3. گەردەلوولی تریسی ساڵی 1974 لە كەناری ئوستوڕالیادا.
4. گەردەلوولی فۆرست ساڵی 1983 لە باكووری رۆژهەڵاتی زەریای هێمن.
5. گەردەلوولی گێلبەرت ساڵی 1988 لە مەكسیك.
6. گەردەلوولی ئاندرۆ ساڵی 1992 لە ئەمریكا زیانەكانی 250 بلیۆن دۆلار.
7. گەردەلوولی جۆن ساڵی 1994 لە ئوستوڕالیا ژمارەی قوربانی 8 هەزار كەس.
8. گەردەلوولی میتش ساڵی 1998 لە ئەمریكای ناوەڕاست وێرانكەر بووە.
9. گەردەلوولی كاترینا و ساندی و ئێرین ساڵی 2011 زیانەكانی زۆر گەورەبوون.

داڕمانی بەفر و خاك
– داڕمانی بەفر: بریتییە لە جووڵەی لەناكاوی بڕێك بەفر لەسەر لاپاڵە لارەكانی شاخەكان و رەنگە ببێتە هۆكاری زیانی گەورە ئەگەر لە لووتكەیەكی بەرزەوە بكەوێتە خوارەوە.

مەترسیدارترین پلەی لاری شاخ كە داڕمانی بەفری تیادا روودەدات بریتییە لە 28 پلە. جا هەر كاتێك توانرا بەفر لەسەر زەوی هەڵبگیرێت و بشگیرێت و لەهەمان كاتیشدا بەسەریدا بخلیسكێتیش ئەوا پێشبینی داڕمانێكی گەورەی لێدەكرێت.

– داڕمانی خاك: بریتییە لە جووڵەی خاك، وەك كەوتنەخوارەوەی بەرد و داڕمانی لاپاڵەكان و رۆیشتنی خاك و رۆیشتنی پاشماوەی لیتەیی.

داڕمانی خاك لە ژینگەی جیاوازدا روودەدات كە پلە و گۆشەی لارییان تیژە یان مام ناوەندە و لەناو دۆڵی نێوان شاخەكان، یان تەنیشت كەنارەكاندا روو دەدات، تەنانەت لەژێر ئاویشدا روو دەدات (لێرەدا پێیدەوترێت داڕمانی زەوی دەریایی).

هۆكارەكانی داڕمانی خاك
هێزی كێشكردنی زەوی هۆكاری سەرەكیە بۆ داڕمانە زەمینیەكان، بەڵام هۆكاری تریش هەن وەك هۆكارە سروشتییەكان:

* بارانبارینی بەخوڕ و تێربوونی زەوی لاپاڵەكان بە ئاو یان تواندنەوەی بەفر.
* بوومەلەرزە و لەرینەوەكانی.
* یان بڕینی لاری بۆ دروستكردنی رێگاكان.
* بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، یان بەرزبوونەوەی فشاری بۆشایی (بەهۆی پڕبوونەوەی بۆشاییەكان بە باران).
* زیادبوونی فشاری هایدرۆستاتیكی لە درزەكاندا.
* داخورانی رووی لاپاڵەكان بەهۆی ئاوی رووبار یان شەپۆلە زەریاییەكانەوە.
* كرداری دووبارەبوونەوەی بەستن و خاوبوونەوە یان چوونە ناوەوەی خوێ‌ بۆ ناو ئاوی ژێر زەوی یان توانەوەی كانزاكان.
* تەقینەوە گڕكانیەكان.

هۆكارە دەستكردەكان
1. نەمان و بڕین و ئاگر تێبەردانی دارستانەكان و كشتوكاڵ و بیناكان.
2. لەرینەوە بەهۆی ئامێرەكان و جووڵەی هاتوچۆوە.
3. تەقینەوە و گەڕان بەدوای كانزاكاندا.
4. كاری هەڵكەندن.
5. لابردنی داپۆشەری رووەكی قوڵ لە خاكدا.
6. چالاكیە كشتوكاڵییەكان (بڕینی درەختەكان).

جۆرەكانی داڕمانی زەوی
– رۆیشتن یان لافاوی پاشماوەی لیتەیی: كە لە ئەنجامی تێربوونی گڵەوە دروست دەبێت بە ئاو و شێوە لافاوێكی قوڕی دروست دەكات و دەبێتە هۆی راماڵینی هەرشتێك كە بێتە سەر رێگای وەكو لافاوێكی ئاسایی دەبینرێت، بەڵام جیاوازە.

– رۆیشتنی جووڵەی زەوی: لە خاكێكدا روو دەدات كە دەنكۆڵەی ووردە و لە لاپاڵەكاندایە و خێراییەكەی جیاوازە و كەمترینی 1ملم/ساڵ تا زۆرترینی 20كم/ سەعاتە. ئەم داڕمانە لەكاتی بارانباریندا روودەدات كاتێك خاك تێر ئاو دەبێت.

– هەڵخلیسكانی پاشماوەیی: بریتییە لە جووڵەیەكی بێسەرووبەرەیی بەرد و خۆڵ و پاشماوەكان كە تێكەڵ بوون لەگەڵ ئاودا یان بەفر یان هەردووكیان، جا زیاتر ئەو لاپاڵانە تێر ئاو دەبن كە رووەكی چڕیان تیادایە و بەو هۆیەوە تێكەڵەیەك دروست دەبێت لەداری شكاو و رووەك و پاشماوەكان. داڕمانە پاشماوەییەكان جیاوازن لە هەڵخلیسكانە پاشماوەییەكان، چونكە جووڵەكەی خێراترە.

بەم شێوەیە ئەم دیاردە سروشتیانە لە جیهاندا و لەناوچە جیاوازەكاندا بە بەردەوامی روو دەدەن و دەبنە هۆكاری كاولكاری و لەناوبردنی مرۆڤ و رووەك و ئاژەڵان و تەواوی دامەزراوەكان و هۆكارەكانی خزمەتگوزرایی و ئاوارە و بێسەروشوێن بوونی كەسەكان و زیانگەیاندنیش بە ژینگەی سروشتی گۆی زەوی و گۆڕینی دیمۆگرافی خاك.

بۆیە گرنگە كە پێش جێبەجێكردنی پڕۆژەكان پلانی پێشوەختە هەبێت بۆ بەرەنگاریی و رێگریی یان خۆپارێزی لەو دیاردانە بەتایبەتی لەو وڵات و ناوچانەی كە نزیك دەریا و زەریاكانن یان رێژەی بارانبارین تیایاندا زۆرە وەك ناوچە كەمەرەییەكانی زەوی.

خۆشبەختانە لە كوردستاندا گەردەلوولی كەم هەیە، بەڵام رەشەبای بەهێز هەیە و نەگەیشتۆتە ئاستی كاولكاری گەورە، بەهەمان شێوەش داڕمانی بەفر و خاكیش بوونیان هەیە، بەڵام هێشتاش جێگەی مەترسی زۆر گەورە نین.

 

 127 جار بینراوە