سەرەکی » هەمەڕەنگ » كتێبی ئەلبوومی زیندانییە سیاسییەكان بڵاوكرایەوە

كتێبی ئەلبوومی زیندانییە سیاسییەكان بڵاوكرایەوە

دوێنێ‌ 9/10/2021، لە هۆڵی شەهید ئارام لە بارەگای مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی، بەئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی 1ی رێكخستنی سلێمانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و كەسایەتی و نووسەر و زیندانیانی سیاسی و كادرانی یەكێتی، كتێبی ئەلبوومی زیندانیە سیاسییەكان بڵاوكرایەوە.
خاتوو شاناز لە پێشەكی كتێبەكەدا نووسیویەتی: یەكێتی حزبی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانە، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری قارەمانانەی زیندانیانی سیاسی گەیاندویانین بە ئێستا.
بەشی دووەمی كتێبی ئەلبوومی زیندانیە سیاسییەكان لە نووسین و ئامادەكردنی لیژنەی زیندانیە سیاسییەكانی مەڵبەند و پێداچونەوەی شێخ فەتاح و لەسەر ئەركی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەچاپدراوە.
لە بەشێكی تری پێشەكی كتێبەكەدا، لەبارەی ژیانی زیندانیانی سیاسی و خەم و كێشەكانیانەوە، خاتوو شاناز نووسیویەتی: ژیانی زیندانیانی سیاسی لە كاتی زیندانیكردنیان هەر یەكەیان رۆمانێكی تراژیدیی بەچەندین چیرۆكی جیاجیاوە لە خۆگرتووە، كە پێكهاتەكەی لەو ئێش و ئازارە قورسەوە دەستپێدەكات كە لەسەر دەستی جەلادەكانی بەعسی فاشیی بۆ گیانی ئەم قارەمانانەی زیندان بنەمای ئەفكارە دڕندانەكەی حوكمی بەعس نیشان دەدات.
لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا، ئاماژەبەوەدەدات، ژیانی تێكۆشەرەكانی زیندان لە یەككاتدا ئازارەكەیان دوولایەنە بوو، ئازاری جەستەیی زیندانیكراو كە خۆی لە ئەشكەنجە و ئازاری جۆراو جۆری رۆژانەی بەردەوام دەبینێتەوە، لایەكیتر خەم و ئازاری دەروونی كەس و كارە سەربەرزەكانیان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیانە كە بەردەوام لەبیری چارەنووسی زیندانیكراودا بوون و چاوەڕێی ئازادبوون و تامەزرۆی شادبونەوەیان بوون.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەوەش دووپات دەكاتەوە، ئەم حزبە حزبی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانە، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگریی قارەمانانەی زیندانیانی سیاسی گەیاندویانین بە ئێستا، نوێنەرایەتی راستەقینەیان دەكەین و بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە داكۆكیكاری سەرسەختیانین.
لەكۆتایی مەراسیمەكەشدا، پوختەی پێشنیاز و داواكانی زیندانیانی سیاسی كە ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە ئاڕاستەی خاتوو شاناز كرا، بۆئەوەی كاری لەسەر بكرێت.

 84 جار بینراوە