سەرەکی » وەرزش » ریاڵ مه‌درید و هه‌فته‌یه‌كی چاره‌نووسساز

ریاڵ مه‌درید و هه‌فته‌یه‌كی چاره‌نووسساز

ئا: ئارۆ سەنگەر

دوای ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ فیفا و یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ زنجیره‌ شكسته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان رزگاری كردن و بواری ئه‌وه‌ی‌ پێ به‌خشین پشوویه‌ك بده‌ن و راهێنه‌ره‌كه‌ی‌ به‌باشی به‌ پلانه‌كانی دا بچێته‌وه‌، یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌درید و كارلۆ ئه‌نچیلۆتی راهێنه‌ریی له‌به‌رده‌م هه‌فته‌یه‌كی گرنگ و چاره‌نووسساز دان.
ریاڵ مه‌درید له‌ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌ك دوو یاری ده‌كات كه‌ گرنگی و بایه‌خی تایبه‌تی ده‌بێت و ویست و توانای تیپه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات له‌م وه‌رزه‌ دا و نیشانی ده‌دات ریاڵ مه‌دریدیه‌كه‌ی‌ ئه‌نچیلۆتی تا چه‌ند توانای ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوه‌كان هه‌یه‌.
ریاڵ مه‌درید به‌ سه‌ره‌تایه‌كی نموونه‌یی له‌م وه‌رزه‌ ده‌ستیپێكرد و زنجیره‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی نووسییه‌وه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڤیاریاڵ له‌ یاریگای خۆی یه‌كسانبوو دواتریش به‌رامبه‌ر به‌ ئیسپانیۆلی تازه‌ سه‌ركه‌وتوو تاڵاوی یه‌كه‌م شكستی له‌ خولی ئیسپانیا نۆشی.
له‌ چامپیۆنس لیگیش جه‌وله‌ی یه‌كه‌م هه‌رچه‌نده‌ ئاستی باش نه‌بوو به‌ڵام له‌ناو یاریگای جۆزیپی میاتزا له‌ ئینته‌ر میلانی برده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ له‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌نجامه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كاندا به‌رامبه‌ر به‌ شیریفی مۆلدۆڤی دووچاری شكست هات كه‌ بۆ جاری یه‌كه‌مه‌ به‌شداری له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ده‌كات و یارییه‌كه‌ش له‌ناو بیرنابیۆ بوو.
راسته‌ هێشتا ریاڵ مه‌درید ته‌نها 3 خاڵ له‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی خولی ئیسپانیا دووره‌ و یارییه‌كی كه‌متریشی كردوه‌، به‌ڵام ده‌سته‌واژه‌كان نیگه‌ران به‌خشن و بوونه‌ته‌ جێگه‌ی‌ دڵه‌ڕاوكێ بۆ هانده‌رانی میرینگی.
دوای ئه‌و زنجیره‌ ئه‌نجامه‌ خراپانه‌ش ماوه‌ی‌ فیفا ده‌ستیپێكرد كه‌ ده‌كرێت وه‌ستانێكی باش بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نچیلۆتی راهێنه‌ر هه‌ناسه‌یه‌ك بدات و ئه‌و گومانانه‌ دووربخاته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌كه‌ له‌سه‌ری دروست بوون.
به‌ڵام نه‌هامه‌تیه‌كانی ئه‌نچیلۆتی و ریاڵ مه‌درید له‌ماوه‌ی‌ فیفا زیاتربوون كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئیدێر میلیتا و داڤید ئه‌لابای به‌رگریكار به‌ پێكانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ریزی یانه‌كه‌ و ئیدین هازاردیش له‌ نه‌یشنس لیگ لێدانێكی به‌هێزی به‌ركه‌وت و ترسی توشبوونی به‌ پێكان له‌سه‌ر دروست بۆته‌وه‌.
ریاڵ مه‌درید له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی دوای كۆتایی ماوه‌ی‌ فیفا پشوویه‌كی باش ده‌دات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ یارییه‌كه‌ی‌ له‌ جه‌وله‌ی نۆیه‌می خولی ئیسپانیا به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌تله‌تیك بیلباو دواخرا، بۆیه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌رامبه‌ر به‌ شاختار ده‌بێت له‌ چامپیۆنس لیگ.
له‌ یارییه‌كه‌شی به‌رامبه‌ر به‌ شاختار كه‌ سه‌عات 10ی شه‌وی سێشه‌ممه‌ ده‌ست پێده‌كات یاڵ مه‌درید هیچ بژارده‌یه‌كی نییه‌ جگه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ ركابه‌ری له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ قۆناغی داهاتوو بكات و قه‌ره‌بووی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی بكاته‌وه‌.
یارییه‌كه‌ بۆ ریاڵ مه‌درید ئاسان نابێت به‌تایبه‌ت كه‌ وه‌رزی رابردوو هه‌ردوو یانه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك بوون و شاختار توانی له‌ هه‌ردوو یارییه‌كه‌ سه‌ركه‌وتن بنووسێته‌وه‌ و ئه‌م یارییه‌ش له‌ یاریگای شاختار ده‌بێت كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ خولی ئۆكرانیا به‌شێوه‌یه‌كی باش ده‌ركه‌وتووه‌.
دوای یاری به‌رامبه‌ر به‌ شاختار ریاڵ مه‌درید گه‌شت ده‌كات بۆ یاریگای كامپ نو بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ یاری كلاسیكۆ رووبه‌ڕووی بارسێلۆنا بێته‌وه‌و ئه‌و یارییه‌ش گرنگی زۆر ده‌بێت.
ریاڵ مه‌درید ئێستا ته‌نها 2 خاڵ له‌ یانه‌ی‌ بارسێلۆنا دووره‌ كه‌ هه‌ردوو یانه‌ خاوه‌نی یارییه‌كی دواخراون و له‌و یارییه‌ش له‌ ئه‌گه‌ری شكست ریاڵ مه‌درید هه‌نگاوێك له‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌و یارییه‌كه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بارسا چه‌ند یاریزانێكی كاریگه‌ری بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.
ریاڵ مه‌درید پێش كلاسیكۆ پێویسته‌ بیر له‌ یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ شاختار بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتن كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ ئه‌نچیلۆتی راهێنه‌ر دروست ده‌كات و بردنه‌وه‌ش به‌ یاریكردن به‌رامبه‌ر به‌ تیپێك كه‌ له‌ هێڵی هێرشبه‌ردا مه‌ترسیداره‌ ئاسان نابێت به‌تایبه‌ت كه‌ ریاڵ مه‌درید ده‌بێت به‌ خیسۆس فایخۆ یاری بكات كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ ده‌قیقه‌یه‌كیش به‌شداری یارییه‌كانی نه‌كردوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی پێكانی میلیتاو و ئه‌لابا كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ناویان له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام پێكانیان هه‌یه‌.
بردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م یارییه‌ش سودی گه‌وره‌ی ده‌بێت بۆ ریاڵ مه‌درید چونكه‌ به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆر بلیتێكی قۆناغی 16ی بۆ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ یاری داهاتوشی هه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ شاختار ده‌بێت له‌ بیرنابیۆ، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ 3 خاڵی ئه‌م یارییه‌ واده‌كات له‌ دۆخێكی زۆر باش یانه‌كه‌ گه‌شت بكات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ بارسێلۆنا له‌ كلاسیكۆ.

 124 جار بینراوە