سەرەکی » دۆسێ » پوختەیەک لە مێژووی شۆڕشی فەرەنسا

پوختەیەک لە مێژووی شۆڕشی فەرەنسا

هەڵۆ بەرزنجەیی

بەشی دووەم و کۆتایی

لەبەرئەوەی بەو گەرماوگەرمە هەموو شت نەدەکرا، کەواتە پێویست بوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەتەوەیی بکرێت. کۆبوونەوەکە ساز بوو، دوو بڕیاری گرنگی تێدا درا:

یەکەمیان چەسپاندنی مافی مرۆڤ و لە دەسەڵات خستنی خانەدانەکان، لەرۆژی 3/9/1791، واتە ساڵێ پاشتر پاشایەتی دەستووریی راگەیەندرا. دوای مشتومڕ و شپرزەییەکی زۆر لە 14/9/1791 دا دەستوور گەڵاڵەکرا و بڕیاری لەسەر درا. بەو پێیەش دەسەڵاتی پاشا لە زۆر بواردا کەم کرایەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی بووە ئۆرگانێکی سیاسیی وڵات و سەرچاوەی بڕیاردانیش. کەواتە بەم شۆڕشە دەستوورێکی نوێ ھاتە کایەوە کە پاشا بۆی نەبوو ھەموو شتێک بڵێت و بکات. هەتا ئەم کاتەش کەس باوەڕی وا نەبوو، پاشا لەسەر دەسەڵات لابەرێت و کۆتایی پێ بھێنرێت، نە خەیاڵێکی واش بە مێشکی کەسدا گوزەر دەکرد.

دووەمیان بەهۆی ئەوەی قەیرانی ئابووری هەر درێژەی هەبوو، هەژارەکان نان و ئاوی خواردنیان نەبوو، برسی و ماندوو. قەیرانە ئابوورییەکە هەڵاوسانی دارایی دروست کرد. حکومەت پارەی کاغەزی Anteilschein asignuten. April 1790 خستە ناو بازاڕەوە. ئەم کاغەزە بووە بەشێک لە پارە تا ھەڵاوسان دروست بوو. کۆنگرەی نەتەوەیی ھەموو دەسەڵاتێکی بەسەر حکومەت و پەرلەمان و یاساداناندا ھەبوو. جێبەجێکردن، واتە ئیمزا لەسەر دانان ھێشتا لای پاشا بوو، پاشا خاوەنی ڤیتۆVieto بوو. دەسەڵاتی دادوەر لای دادوەر و بێلایەن بوو. خانەدانەکان بە دۆخەکە خۆشحاڵ نەبوون، زۆریان ھەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات، ھەوڵی سازدانی بزاڤێکی دژە شۆڕش-یان دەدا، چونکە پشتیوانیی دەرەکییان لە نەمسا و پروسیا و روسیا و بۆربۆن ھەبوو.

ئەو خانەدانانەی مابووشنەوە، هێشتا دەستیان بەسەر بازاڕدا گرتبوو، موڵکیان لە حکومەت دەکڕی و دەیانفرۆشتەوە، گوزەرانیان خراپ نەبوو. ئا لەم ژینگەیەدا کە زۆرێک پێی وابوو شۆڕش تەواو و گەیشتۆتە ئامانج، دەستەیەکی توندڕەو پەیدابوون بەناوی Sansculotten ، کە خۆیان وا پێناسە دەکرد: پیادەڕەون و خاوەنی ملیۆنان پارە و کۆشک و تەلار نین و بەگژ هەر کەسێکدا دەچنەوە دژ بە شۆڕش بووەستێتەوە.

هاوکات پانتۆڵی سەرئەژنۆ نەبەستراو یاخود کورتیان لەپێ دەکرد، بۆئەوەی خۆیان لە خانەدان و پیاوانی ئایینی جیابکەنەوە. ئەمانە بەهێزەوە هاتنە گۆڕێ و داوای بەردەوامیی شۆڕشیان دەکرد و زۆر بێ بەزەیی بوون لەگەڵ نەیارانی شۆڕشدا و پەناشیان بۆ زەبرەزەنگ دەبرد.

دەسەڵاتی نوێی هەڵبژێردراو، ناسراوە بە دەستەی دامەزرێنەر Constituante تا پایزی 1891 دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو. بارەگای لە ھۆڵێکی کۆشکی پاشا کە جێی 2000 ھەزار کەس دەبۆوە لەگەڵ سەکۆیەکی پێشبڕکێی ئەسپسواری بوو، بۆ نزیکەی 600 کەس. راگرتن و پاراستنی یەکێتیی نەتەوەیی ئامانجی گەورەی دەسەڵاتی ناوبراو بوو.

بەپێی ڕۆح و عەقڵی شۆڕش و بە یەکسانی لەنێو بەشەکانیدا. بەمەش دەویسترا پەیامی بە ناوەندیکردنی دەسەڵاتی برایانە، کە سەرۆکی ئەم بزاڤ و رێکخراوە لافایتی خانەدانی لیبڕاڵ بوو.

ھەتا ئەو دەمەش لە فەرەنسادا حزب و رێکخراوێکی سیاسی بە چەمکی مۆدێرن نەبوو، وردە وردە دەست بە دروستکردنی حزب و یانەی جۆراوجۆر کرا کە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی دروست کرد. یانەی یاخود کۆمەڵەی یاکۆبین Jacobin دروستکرا، کە لەماوەیەکی کورتدا نزیکەی 450 لقی لە تەواوی وڵاتدا لێ دامەزرا.

بە کورتی نزیکەی 1\3 ی دانیشتیوانی پاریس بوونە ئەندامی یاکوبین. زۆر رادیکال و دژی ئایین بوون و لەلایەن کەسانی پلەباڵای خاوەن پێگەی ھاووڵاتییەوە بەڕێوە دەبرا.

رێکخراوێکی تریش بەناوی Cordeliers بە سەرۆکایەتی J.P. Morat دروست بوو، ژنانیش دەیانتوانی ببنە ئەندام تێیدا. دەستەیەکی تریش هەبوون ئەرستۆکرات حەزیان بە رژێمی پاشایەتی دەکرد یاخود سیستمی پاشایەتی بە سەرۆکایەتی J. Maury . ئەمانە هەموویان لەناو کۆنگرەی نەتەوەییدا بوون، لە ململانێیەکی سەختی دەسەڵات گرتنە دەستدا بوون. لەسەر پێشنیازی قەشەی شۆڕشگێڕ تالێران Charles Maurice Talleyrand , میرابۆ Graf von Mirabeau کە لەگەڵ سییەس Sieyes دا، ـ کە باوەڕیان بە دەسەڵاتێکی پاشایی دەستووری هەبوو، پەرلەمان دەسەڵاتی فراوانی هەبێت بە ڤیتۆی پاشاوە ـ نوێنەرایەتی دەستەی شۆڕشگێڕانی نیشتمانپەروەریان دەکرد و وتاریبێژ و پێشڕەو بوون. لەناو کۆنگرەی نەتەوەییدا بڕیاریاندا دەستبگرن بەسەر کەلوپەل و سامانی کڵێسای کاسۆلیکیدا و بیکەن بە موڵکی دەوڵەت.

جێی خۆیەتی بڵێین، نزیکەی 40 هەزار خانەدان کە زۆربەیان ئەفسەر و پلەی بەرزی ناو سوپایان هەبوو، هەڵاتن و ئاوارە بوون. ئەوەی مابوو لە تەک پاشادا بەردەوام بە هەوڵی جۆراوجۆر دەیانویست وڵات بگەڕێننەوە بۆ قاڵبەکەی جاران.

خەڵک تا دەهات ناڕەزایی زیاتر دەبوو، بەشێکی زۆری داوای تەفروتوناکردنی بنەماڵەی پاشایەتییان دەکرد، بەتایبەتی یاکوبینەکان، بەڵام کۆنگرەی نەتەوەیی دژ بوو. ئیدی خۆپیشاندان سەری هەڵدا و بە توندی دامرێکندرایەوە.

لەم دۆخەدا لە 3/9/1791 بۆ یەکەمجار دەستووری سیستمی پاشایەتی دەستووریی پەسەندکرا. پاشا دەسەڵاتێکی دیاریکراوی جێبەجێکردنی پێدرا و کۆنگرەی نەتەوەیی یاساداڕشتن کە بەشی شێرەکەیە.

یانەی یاکوبین کە لەلایەن رۆبسپیرM. Robespierre ی سەرکردایەتی دەکرا و گرووپی سانکولۆتەکان Sansculotten پشتیوانیان لێ دەکردن. ھەتا دەھات دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بە پاشا بەرزدەبۆوە و داوا دەکرا لە دەسەڵات بخرێت.

ھەرایەکی زۆر دروست بوو، بەشێکی زۆر کۆبوونەوەی بەجێھێشت و ئەوانەی مانەوە پاشایان لە دەسەڵات خست و یەکەم کۆماری یاکوبیان راگەیاند.

بارودۆخ بەم شێوە بەردەوام بوو، تا ئەوکاتەی کە دەستی دەرەکی وڵاتانی (نەمسا و پرووسیا و ھەنگاریا) دەستیان کرد بە کێشە نانەوە، چونکە باوەڕیان وابوو، ئەوەی لە پاریس روویداوە، لای ئەوانیش روودەدات.
کەواتە شۆڕش دەبوو لەسەر دوو ئاستی ناوەوە و دەرەوە درێژە بە شەڕ بدات.

شاژن ماریا Maria Aخوشکی قەیسەری نەمسا بوو، چاوەڕوان بوو براکەی بەھانایەوە بێت. ئەو بەردەوام بەئاگاداریی پاشا یان بەدزییەوە نامەی دەنارد و داوای دەکرد رزگاریان بکەن. دیارە بە دیوێکی تردا پاشاکانی ئەوروپا هەموویان یاخود زۆربەیان تێکەڵ و خزمی یەکتریش بوون.

دوو ساڵ دوای شۆڕش 1791 پاشا بڕیاری دا دەسەڵات بەدەستبھێنێتەوە و وڵات لەم پاشاگەردانی و بێ سەروبەرییە رزگاربکات. سەرەتا پاشا و شاژن لە شەوی 20\21/7/1791 خۆیان بەشێوازێکی تایبەت گۆڕی تا نەناسرێنەوە، ھەوڵی ھەڵهاتنیان دا. تا بچنە دەرەوەی وڵات و بە هاوکاریی دەرەکی و ئەو هەموو ئەفسەرە هەڵاتووە لەشکرێک پێکبهێنن و دەسەڵات بگرنەوە دەست، بەڵام لە بازگەیەکی سنووری Varennesیاخود Aragon لەسەر سنووری بەلجیکای ئێستا دەستگیرکران و گەڕێنرانەوە بۆ نزیک پاریس.

ھەواڵی دەستگیرکردنەکەیان لایەنگرەکانی شڵەژاند و نیگەرانی کردن، ئەوەش باوەڕی خەڵکی لەق کرد بە دەستوور و بووە گەورەترین هۆکاری جیابوونەوە و پەرشوبڵاوبوونی شۆڕشگێڕەکان و سەرهەڵدانی بیروڕای جیاواز لەگەڵ کوشتن و دژبە کوشتن.

ئۆکتۆبەری 1791 کۆمەڵێکی ناو کۆنگرەی نەتەوەیی کە سەرەتا بەناوی Feuillants ەوە و پاشان بەناوی Girondisten ناسران خۆیان بە میانڕەو دەزانی لە یاکوبییەکان جیابوونەوە. ئەمانە خەڵکی میانڕەو و دەرەوەی پاریس بوون و ناوچەی گیرۆند قەڵایان بوو، هەربۆیە بەو ناوەوەشە ناونراون و سەرکردەکەیان Brissotins بوو. کۆنگرە ئیفلیج بوو، کاروباری بەزەحمەت بەڕێوە دەچوو. لەبەرامبەردا گرووپێکی تر بەناوی Montagnands دروست بوو، ئەمانە و گروپی سانسکلۆتەکان لە خەڵکانی بازرگان و مافپەروەر و پیشەوەر و خاوەن کارخانەی بچووک پێکهاتبوون. سەرۆک و رابەریان پارێزەی تازە هەڵکەوتوویی تەمەن 30 ساڵە Maximilian Robspierre بوو، کە لە دەسەڵات و یاساداڕشتندا نوێنەرایەتی دەکردن مەیلێکی رادیکاڵیان پێوە دیار بوو. هەڵاتنی پاشا و مان و نەمانی مایەی سەرهەڵدانی ئەم جیابوونەوەیە بوو.

زۆری پێ نەچوو سانسکلۆتەکان هەڵاتنەکەی پاشایان بە ناپاکی لە نیشمان و نەتەوەی فەرەنسا لە قەڵەمدا و ویستیان بیکوژن، بەڵام کۆنگرەی نەتەوەیی لە پێناوی ئەوەی سیستمی پاشایەتی تێکنەچێت، فەرەنسا وەک وڵاتانی دیکە لە شکۆی بێ پاشایی بێبەش نەبێت، کۆبوونەوە و ھەڵاتنەکەیان بۆ داپۆشی، بەوەی گوایە هەوڵی رفاندنی پاشا لەلایەن دوژمنانەوە دراوە!.

دواتر پاشا بەچڕی کەوتە ژێر چاودێرییەوە. هاوشانی ئاڵۆزی و شپرزەیی باری ناوخۆ، هەڕەشە و گوڕەشەی دەرەکیش لە وڵاتانی دراوسێوە دەستیپێکرد.

بەیاننامەی هاوپەیمانیی نەمسا و پرووسیا لە 17/8/1791 Deklaration von Pillnizt دژ بە فەرەنسا راگەیەندرا.

شۆڕشگێڕەکان ئەم ھەڕەشە و گوڕەشەیەیان ھەر بە کەفوکوڵی ھەڵچوو وەرگرتوو و هیچ بایەخێکیان پێ نەدا، چونکە باوەڕیان وابوو نەتەوەیەک لە شۆڕشدا بێت، ھەرگیز کەس ناتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت.

شۆڕش لە ناوەوە و دەرەوە بەردەوام بوو ھاوپەیمانییەکی گەورە لە دەرەوە لە نێوان نەمسا، پروسیا، روسیا و ئیسپانیادا بۆ گەمارۆدانی فەرەنسا دروست بوو.

لەبەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، کۆنگرەی نەتەوەیی لە رۆژی 20/4/1792 شەڕی دژی نەمسا راگەیاند. ھەندێک کەس لەگەڵ شەڕدا نەبوون، لەوانە رۆپێسپیر کە دەیزانی لەم دۆخەدا فەرەنسا توانای شەڕی نییە و دەدۆڕێت و بێگانە دێنە ناو وڵاتەکەیانەوە و شۆڕش لەبار دەبەن. ئەم کەسایەتییە ھەر لەخەمی قوتارکردنی شۆڕشدا دەمێنێتەوە.

لە بانگەوازێکی خێرای کۆنگرەی نەتەوەییدا بۆ بەرگریی لە نیشتمان و روبەڕوبوونەوەی دوژمنان، زۆرینەی خەڵک خۆبەخشانە دەست دەدەنە چەک ھەڵگرتن و بەرەو بەرەکانی جەنگ بەڕێدەکەون و هەر لەو سەروبەندەشدا بۆ یەکەمجار مارسلیزی فەرەنسا / سروود و مارشی نەتەوەیی فەرەنسا نووسرا و بڵاوکرایەوە لەلایەن Rouget de Lisle و سەبازەکان کە بەرەو بەرەکانی جەنگ دەچوون دەیانخوێند. واتە ئەم سروودە نەتەوەییە زادەی جەنگە و ھەوێنێکی شەڕ و بەرگریی تێدایە.

لە راستیدا لەشکرێکی ناڕێکوپێک توانای شەڕی نەمسای تۆکمەی نەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی پروسیای ئەڵمانیش ھاتە شەڕی دژی فەرەنساوە، بۆیە فەرەنسا تێکشکا و ھێزی بێگانە بەرەو پاریس کەوتنەڕێ و ھاتنە ناوەوە. کەواتە ترس و پەرۆشییەکەی رۆپێسپیر لە شوێنی خۆیدا بوو.

وەک ئاماژەمان پێدا، پروسیا و ئینگلتەرا دەچنە پاڵ نەمسا، هێرشی هاوپەیمانان دەستیپێکرد و فەرەنسا شەڕەکەی دۆڕاند، چونکە سوپایەکی ماندووی بێ ئەزموون کە لە خەڵکی مەشق پێنەکراو سازدرابوو، ئەفسەرەکان زۆرینەی هەڵاتبوون. لەم ئانوساتەدا کۆمەڵێک نامەی ماریا گیرا کە بۆ نەمسای ناردبوو، زانیاری گرنگی لەسەر فەرەنسا تێدابوو بۆ دوژمنان.

ئیدی ئەستێرەی بەختی پاشا بەرەو ئاوابوون چوو، شایانی وتنە پاشا دڵی بە سەرکەوتنەکانی دوژمنانی فەرەنسا خۆش بوو، بەردەوام دەیووت: با من بێمەوە سەر دەسەڵات وەک جاران بۆ شەڕی ئەو داگیرکەرانە. بەم هەڵوێستەی پاشا و ئاشکرابوونی ئەوەی ناپاکی دەکات لە وڵات، کاسەی تووڕەیی خەڵک تەواو پڕبوو. بۆیە لە مانگی ئابی 1792دا سانسکلۆتەکان پەلاماری کۆشکیTuilerien تویلەرین دا و بەتەواوی پاشایان لە دەسەڵات خست و پاریس کەوتە ژێردەستیانەوە و کۆنگرەی نەتەوەییش کەوتە ژێر دەسەڵاتیانەوە.

لەم هەڵمەتەشدا کۆمەڵێک خەڵک کوژران و پاشا و خێزانەکەی هەڵهاتن بۆ لای کۆنگرەی نەتەوەیی. بەو نیاز و ھیوایەی لەوێ ژیانیان دەپارێزرێت. بەڵام ئەوانیش نەیانتوانی پارێزگاری لێ بکەن. دواجار لە پەرلەماندا و دوای چەندین ھەوڵ و دانیشتن و دەنگدان بە یەک دەنگی زیادە، بڕیاری کوشتنی درا.

لێرە بەدواوە یەکەم چرکەساتی مێژوویی فەرەنسای بێ پاشا دەستیپێکرد و کۆماری فەرەنسا راگەیەندرا.

دەمودەست لەگەڵ ئەم گۆڕانانەدا، ئیدارەیەک بەناوی Commone ساز دەکەن و هەڵبژاردنی نوێ دەکرێت و بەرپرسی گاردی نەتەوەیی لادەبەن و کەسێکی خۆیان دەخەنە شوێنەکەی. لە پەرلەماندا Nationalkonvert ئەنجومەنێکی راپەڕاندن دروست بوو، کە یاکوبییەکان تێیدا زۆرینە و باڵادەست بوون و کۆنگرەی نەتەوەییان هەڵدەسووڕاند.

لەسەر داوای رۆپسپیری سەرۆکیان، بڕیاری کۆتایی بە دەسەڵات و بوونی پاشا دەدات.» بڕیاری کوشتنی پاشا دەدەن بۆ ئەوەی شۆڕش سەرکەوێت و وڵات بژی». تەنانەت دەڵێن: «ئەگەر بوونی پاشا ھەق و راستە، کەواتە شۆڕش ناھەق و ھەڵەیە». بەمجۆرە بیانووانە لەناوبردنی پاشا دەکەنە دێفاکتۆ و بە کردەیی رۆژی 10/8/1792 دەسەڵاتی پاشایەتی کۆتایی دێت و فەرەنسا پێ دەنێتە قۆناغی سیستمێکی کۆمارییەوە.

رۆژی 21/3/1793 بە شێوازێکی یەکجار تایبەت ئامادەکاریی کوشتنی پاشا دەکەن، لە راستیدا خەڵکێکی زۆر ھەبوون لەگەڵ کوشتنی پاشادا بوون، بەڵام نەک لەگەڵ ئەو شێوازی کوشتنەدا، بەڵکو وەک ئەوەی کە لە سەردەمی پاشایەتی خەڵکی پێ دەکوژرا، بەڵام بڕیار بەدەستان، واتە شۆڕشگێڕەکان گوێیان لە کەس نەگرت! ئاخر خۆ دەبێت رەفتاری شۆڕشگێڕییان جیاواز بێت لەوانی دیکە!. ئەوە بوو بڕیاردرا بەشێوازێکی نوێی سەرنجڕاکێش بکوژرێت. داوا لە زانای فیزیکزان Josef Utah کرا ئامێرێک دروست بکات، «ئەگەرچی گێڕانەوەیەک هەیە دەڵێ: ئەم داهێنانە هی وەستایەکی میکانیکی پیانۆ دروستکەری ئەڵمانییە ـ ئەویش ئامێری گەردن پەڕێن دروست دەکات، کە ناوەکەی بە Guillotine دەرچووە. ئەم ناوەی دەگەڕێتەوە بۆ دکتۆرێکی فەرەنسی بەناوی Joseph – Ignace Guillotin کەسایەکی سیاسی و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی، کەچی وا ناوزڕاو کراوە لە رێی ئەم ئامێرەوە کە هیچ پەیوەندیی پێوەی نییە.

بڕیاردرا ملی پاشا بە شێوەیەک بپەڕێندرێت، خوێن فیچقە بکات بەسەر دەوروبەردا.

ئەوەبوو شۆڕشگێڕان ئەم داھێنانەیان پێ خۆش بوو، دەیانویست بیسەلمێنن کەوا گەلێ مرۆڤدۆستترن و جیاواز لە سەردەمی پاشایەتی تاوانبار بە خێراییەکی کەم دەکوژرێت و ئازار و ناڵەی نابێت.

شایانی ئاماژە پێدانە، پاشا ئێوارە سەردانی منداڵەکانی دەکات و رۆژی دواتر بە گالیسکە دەیبەنە Place de la Revolution مەیدانی Guillotine ی لێ دانرابوو ناوەڕاستی شاری پاریس، کە ئێستا بە de la Concorde. ناسراوە، پاشا ھەوڵ دەدات لەسەر تەختی گەردن پەڕاندنەکەوە قسە بۆ خەڵک بکات و پەیامێک بڵاوبکاتەوە.

دەڵێت: «باوەڕم وایە کوشتنی من، خزمەتی بەختەوەریی میللەتەکەم دەکات». دواجار دەیەوێ درێژە بداتە وتارەکەی، بەڵام بەھۆی دەھۆڵ کوتان و ھاوار و شادی و بەزمی خەڵکەوە، ناتوانێت دەنگی بگەیەنێتە میللەتی فەرەنسا. دەبێت ئەو راستییە بووترێت دوای ئەو رووداوەش، ھێشتا کوشتی پاشا نابێتە مایەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی خەڵک. بڕیاری ملپەڕاندنی بە یەک دەنگی زیاتر دراو فەرمانەکە جێبەجێ کرا.

ئەم بڕیارە کەس چاوەڕوانی نەبوو، رووداوێکی گەورەی قورس بوو، پاشای وڵاتی خۆت بکوژیت.

ھاوپەیمانان ھاتنە سەر ھێڵ و ئیتالیا و بەریتانیا و پورتوگال هاتنە ریزەوە و زۆر شوێنی فەرەنسایان داگیرکرد.

لەم کاتەدا سانسکولۆتەکان کوشتارێکی تریش دەکەن و دەچنە ناو زیندانەکانی پاریسەوە، هەرچی گیراوی تاوانکار و دژە شۆڕش و پیاوانی ئایینی کە سوێندیان بە دەستووری نوێ نەخواردبوو، دەکوژن، لەترسی ئەوەی نەبادا ئاژاوەی ناوخۆ دروستبکەن و ببنە هاوکاری دوژمنان، ئەم رووداوەش بەناوی کوشتاری «ڕەشی ئەیلول»ەوە ناوی دەرکردووە.

بە کورتی بەتەواوی سەردەمی تۆقاندن و ترس و تیرۆر باڵ دەکێشێت بەسەر فەرەنسادا.

لە 22/8/1794 دەستووری Direktrum کە لە 12 کەس پێکهاتبوو هاتە کایەوە. قۆناغی دیموکراتی هاتە پێشەوە، شۆڕشی فەرەنسا ھەموو ئەوروپا و جیھانی بەئاگا ھێنایەوە. دروشم و مافە نەتەوەییەکانی، مافی مرۆڤ لە ئەمڕۆدا کە UN پەسەندی کردووە و بانگەشەی بۆ دەکات، هی ئەو رۆژگارەیە. شۆڕش لە زۆر کایەدا کاریگەریی نواند:

کاریگەریی سیاسی:
سیستمی رەھایەتی و فیوداڵی گۆڕی.

کاریگەریی کۆمەڵایەتی:
سەنگی بەخشییە مرۆڤ و ھێنایە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە و نرخ و بەھای پێ بەخشی.

کاریگەریی ئابووری: ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو جۆرە ئیمتیازەکان بە ئیمتیازی سەندیکاکانیشەوە.

کاریگەریی کەلتوری: فەراهەمکردنی زەمینەی ئازادی لە بواری بیڕوباوەڕ و ئاییندا و لە بواری ئایینیدا: دین و دەسەڵاتی دەوڵەتی لەیەکتریی جیاکردەوە.

کەواتە شۆڕش بەم دەستکەوتەوە ھەنگاوێکی گەورەی نا.

قۆناغی تیرۆر
دوای سەرکەوتنی شۆڕش، دەرگا بە ڕووی ململانێ سیاسییەکاندا کرایەوە بەتایبەتی لە نێوان چەپی لیبراڵ کە باوەڕیان بەوە بوو شۆڕش دەبێت بەردەوام بێت، بەتایبەتی لە پرسی یەکسانکردنی کۆمەڵدا و کۆنپارێزەکان یاخود لایەنگرانی دەستووریی پاشایەتی، کە پێیان وابوو شۆڕش بە ئامانجەکانی گەیشتووە.

بە کورتی فەرەنسا رووبەڕووی ھەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی بۆوە، شۆڕش دەبوو گورجوگۆڵانە بکەوێتە ئامادەکارییەوە، لەم کاتەدا یانەی یاکوبین بە سەرۆکایەتی پارێزەر Robspierr کەوتنە گیانی خەڵک بەناوی دژە شۆڕشەوە و پاکسازکردنی مەسیحێتی و کوشتنی نزیکەی 16-40 ھەزار کەسی تاوانبار و بێ تاوان.

داوا لە پیاوانی ئایینی دەکرا سوێند بە دەستووری فەرەنسا بخۆن کەوا دڵسۆزی دەستووری نوێن و وابەستەی دەسەڵاتەکانی رۆما و پاپای کاسۆلیکی نابن. ئەمەش کێشەی گەورەی بۆ ئەم دەستەیە دروستکرد، چونکە زۆریان ئامادە نەبوون ئەو سوێندە بخۆن.

ھاوکات پیاوانی ئایینی خاوەنی زەویوزارێکی زۆربوون و کەرەسە و شمەکی زۆریشیان ھەبوو. رۆپسبێر کە خۆی سەرەتا لەگەڵ کوشتن و بڕیندا نەبوو، تەنانەت داوای لابردنی سزای لەسێدارەدانی دەکرد، دواتر بەپێچەوانەوە، باوەڕی بە بەکارھێنانی زەبروزەنگ توندتربۆوە. ھەر خۆی دان بەوەدا دەنێت کە بە تیرۆر دوژمنەکانی شۆڕشی لە ناوەوە لەناوبردووە و لە دەرەوەش دژی دوژمنان وەستاونەتەوە.
لەم روانگەی کوشتن و بڕینەوە رۆبسپێر و یاکوبینەکان ھەموو شتێک دەکەن بۆ رزگارکردنی شۆڕش و گەیشتن بە ئامانج.

ناوبراوان نەخشە و پلانێکی خوێناوی دەگرنەبەر بەناوی دادگای شۆڕش و یاسای گومان لە دژە شۆڕشەکان و زۆر بەتوندی دژی نەیاران دەوەستنەوە و ھەرکەسێک بۆنی دژایەتی لێ بکرایە لەناو دەبرا.

بە واتایەک دۆخەکە لە سەردەمی پاشا خراپتری لێھات، تیرۆر و تۆقاندن کەوتە ناو خەڵکەوە و سەریھەڵدا و خەڵک بەوە گەیشتن و بەرژەوەندیی وای بەسەردا سەپاندن، بۆ مشتێ پارە و ئیمتیاز سیخوڕییان بەسەر یەکترییەوە دەکرد. بۆئەوەی ملی یەکتر بدەن بە پەڕاندن.

لەپەرلەمانیش دادگایەک دامەزرێندرا بۆ ئەوانەی دژایەتی شۆڕش دەکەن و بە بڕیاری سەیروسەمەرە تەڕو وشکیان پێکەوە دەسووتاند و خەڵکی بێ تاوانیشیان لە بەرەی شۆڕشگێڕانیش هەر بە مەرگ سزا دەدا.
ئیدی «تیرۆر» دەبێتە چەکی سەرەکی بەرگریی لە شۆڕش و وڵات و هۆکاری گۆڕینی کۆمەڵگە.

رۆبسپێر تاکە عەقڵ و داینەمۆی ئەو قۆناغەی شۆڕش بوو، دواتر رۆبسپێر دەبێتە داڕێژەری سیاسەتی تیرۆر و زیندانەکان پڕکران لە گیراوی جۆراوجۆر و دەستە دەستە خەڵک دەبران بۆ ملپەڕاند، بەو ئامێرەی ملی پاشای پێ پەڕێندرا بوو.

ئەو ئامێرە بۆ ملپەڕاندنی پاشا دروست کرا، بەڵام دواتر هاووڵاتی ئاسایشی پێ دەکوژرا، گوایە ئەمە یەکسانییە لە مردندا.

رۆبسپێر بەوەشەوە نەوەستا، کەوتە گیانی هەرکەسێک گومانی دژە شۆڕشی لێبکردایە، تا کار گەیشتە سەر ئەوەی زۆریشی لە ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوشت.

ئە دەشیویست وای نیشان بدات، بارودۆخی خراپی وڵات هەمووی خەتای قەشەکانە و دەیانویست بەو بیانووەوە هەموو تاوانەکان بپێچنە ملی ئایینەوە و ئاین نەھێڵن.

رۆبسپێر وەک سەرۆکی یاکوبین و حکومەتیش زۆر دژبە ئایین بوو، پەرلەمان بڕیاریدا خوا نییە، عەقڵ و زانینی باڵا هەست و رۆحی مرۆڤ نامرێ، کۆتەڵ و پەیکەری فەیلەسووفەکان خرایە ناو پەرلەمانەوە، ناوی هەرچی شەقامەکان کە بەناوی کەسایەتی پیرۆزەوە بوو گۆڕدرا و تەواوی سیمبۆڵەکانیان تێکشکێندران، سەرئەنجام کەس بەتەمای ژیانی خۆی نەمابوو.

رۆبسپێر هەموو رۆژێک بە لیستێکی نوێوە دەهاتە پەرلەمان و رایدەگەیاند: ناوی نوێم پێیە، پێویستە کۆمەڵێک بکوژرێت. کوشتن و ملپەڕاندن منداڵیشی گرتەوە، دەسەڵات هێندە خوێناوی و تۆقێنەر و ترسناک ببوو، هیوای ژیان بۆ کەس نەمابوو. بە تێکڕا رۆژانە نزیکەی 33 کەس و هەر 45 دەقیقەیەک کەسێک گەردنی دەپەڕێندرا.

لە دەمێکی کورتدا نزیکەی 17 هەزار کەس رووبەڕووی ئەم چارەنووسە بوونەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە کوژراوان بریتیی بوون لەوەی کەوا : ٪84 لە دەستەی سێیەم بوون جوتیار و کاسبکار و مامۆستا و ئەندازیار و دکتۆر و پیشەوەر و پارێزەر و ئەوانە. ٪8.5 لە خانەدانەکان. ٪6.5 پیاوانی ئایینی.

تەنانەت بە دیاریکراوی جووتیاران٪25 مڵپەڕێندراوەکان بوون و بە هەموویشی 31 سانکۆلۆتینی ملیان پەڕێندرا. بەوایەکی تر « شۆڕش خەریکی هاڕینی رۆڵەکانی خۆی بووە».

ئۆسکار وایڵد وتەنی: «شۆڕش سەرکەوتووترین ھەوڵ و ماندووبوونە بۆ قوتاربوون لە رژێمێکی خراپ و گەیشتن بە یەکێکی خراپتر» کە گەلێ جار دۆخی پاش شۆڕش خراپتر دەبێت لە پێش شۆڕش.

ئەو پرسیارەی لە مێژوودا بە کراوەیی ماوەتەوە، ئایا ئەم سیاسەت و میتۆدەی رۆبسپێر و یاکوبینەکان راست بووە و توانرا شۆڕشی پێ قوتار بکرێت؟ یاخود مەسەلەکە دەسەڵاتی خوێناوی و بڕێک ئایدۆلۆژیای زەبروزەنگ ئامێزی خوێناوی ئەو دۆخەی خوڵقاندووە؟

رۆبسپێر باوەڕی وابوو: «شۆڕش بریتییە لە جەنگی ئازادی دژبە دوژمنەکانی». ئەم سیاسەتە دۆخێک دەخوڵقێنێت، ھەموو ئەندامان ترسیان لێ دەنیشێت، رۆژێک دێت ناویان لە لیستەکەدا بێت و راپێچی مەرگ بکرێن.

لەم کاتەدا فەرەنسا خۆی کۆدەکاتەوە بەرامبەر هێزە دەرەکییەکان بجەنگێت و ئەوەی داگیریان کردووە لێیان بسەندرێتەوە. فەرەنسا لەم شەڕانەدا سەرکەوت و دواتر لە بەرگریکارەوە دەبێتە هێرشبەر بۆسەر دەسەڵاتی پاشاکانی ئەوروپا. کەواتە فەرەنسا ئاهێکی پێدا هاتەوە و لەدەرەوە سەرکەوت و لە ناوەوەش، دۆخەکەی دامرکاندەوە. دیارە بە براکوژی و بەکوشتن و ماڵکاوکردنی هەزاران کەس. ئەوەی نابێت لە یادمان بچێت ئەوەیە کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی فەرەنسا هێندە زۆر دەبن، حکومەت پێ راناگات چارەسەریان بکات.

کاتێک بڕیاری دروستکردنی «کۆمیتەی خۆشگوزەرانی و خزمەتکردن» بە سەرۆکایەتی رۆبسپێر دەدرێت. کوشتن و بڕین زیاد دەکات، کۆمیتەی ناوبراو هەموو هەوڵێک دەدات لە توانایدا نابێت تەواوی کێشەکان چارەسەر بکات. ناونووسکردنی گەنجان بۆ سەربازی، دیاریکردنی نرخ لەسەر شمەک و کۆمەڵێک گۆڕانکاری و بڕیاری دیکەش دەدەن. لێ ناڕەزایی خەڵک کۆتایی نایەت و ناسەقامگیریی زیاد دەکات.

ئەم دۆخە وا لە لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی دەکات، جارێکی تر دەسەڵات بگرنەوە دەست.

بەهەرحاڵ فەرەنسا دوژمنێکی وای نەما، بۆیە Nationalkonvent ساڵی 1794، بڕیاری دا رۆبسپێر بگرێت ملی بپەڕێنێت. رۆژێک دێتە پەرلەمان و رێگەی نادەن ھیچ بکات و پەلاماری دەدەن، ناوبراو بە هاوکاریی لایەنگرەکانی خۆی قوتار دەکات و ھەڵدێت بۆ سەرای شار، لەوێ گەمارۆی دەدەن و ھەندێک لە لایەنگرانی دەکوژرێن و ھەندێکیان خۆیان خۆیان دەکوژن، سەرەنجام رۆبسپێر لە ژوورەکەیدا بە کوژراوی دەدۆزنەوە.

پاشان دەردەکەوێت کە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و فیشەکی ناوە بەخۆیەوە و بەسەر مێزەکەیدا لەناو خوێندا ملی لار کردۆتەوە. کاتێک پێی دەزانن نەمردووە و بریندارە، ئیدی دەیگرن و دەیبەنە زیندان و لەوێ دەمێنێتەوە و بە بوێریی و دەنگی زوڵاڵەوە بەردەوام داکۆکی لە بیروڕاکانی خۆی دەکات.

ئیدی ناوبراو ئامادە دەکرێت بۆ مەیدانی ملپەڕاندنەکە، ئەو شوێنەی کە خۆی ملی هەزارانی تێدا پەڕاند و لەوێ لە رۆژی 28/7/1794 دەکوژرێت. یانەی یاکوبینیش قەدەغە دەکرێت، بەم جۆرە دەسەڵاتی گەورەی تیرۆر تەواو دەبێت.

بەکورتی دەکرێت تا ئێرە ناو بنێین قۆناغی دووەمی شۆڕش. دوابەدوای ئەم رووداوانە، وردە وردە بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە، هەڵبژاردنێکی نوێ دەکرێت و ئامادەکاری بۆ دەستوورێکی نوێ دەستپێدەکات. ساڵنامەی کەلتوریی کڵێسا دەگۆڕدرێت. بۆ نموونە لەو سەردەمەدا سەعاتێک بریتیبوو لە 100 دەقیقە و هەفتەیەک لە 10 رۆژ پێکدێت. دەسەڵات ناسراو بەNationalkonvent رەزامەندی دەدات بە دروستکردنی حکومەت کە لە پێنج کەس دروست دەکرێت.

پەرلەمانێک و دوو ئەنجومەن دروست دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات.

دواجار ئەم دەسەڵاتەش بێ توانا دەبێت و کۆنتڕۆڵی وڵاتیان پێ ناکرێت.

لەم کاتەدا هەوڵی کودەتا بەتایبەتی لەلایەن لایەنگرانی پاشایەتییەوە بەردەوام لە ئارادا بوو، ترس هەبوو دەسەڵات بگرنەوە دەست، ڕاپەڕینی خەڵکی هەژار دەستپێدەکات، حکومەت لە ناچاریدا پەنا بۆ سوپا دەبات، گرتن و راوەدوونان و دوورخستنەوە و زیندانیکردن و کوشتن هەر بەردەوام دەبێت.

دۆخی ئابووریی باش نەبوو، قاتوقڕی بوو، بەم شێوەیە حکومەتی ناوبراو کە بێ توانابوو لە گۆڕینی دۆخەکەدا، نا خۆشەویست بوو. ململانێ سیاسییەکانیش درێژەیان هەبوو، ئەم هەلە وا شکایەوە، هێزی سەربازیی دەسەڵات بگرێتە دەست و زەبروزەنگ بەکاربهێنێت وەک دوورخستنەوە و زیندانیکردن و جۆرەها مامەڵەی تر، کە لە ناوەڕۆکدا شەڕی دەسەڵاتی دەنواند.

راپەڕین لەلایەن لایەنگرانی پاشایەتییەوە سەریهەڵدا و داوای سیستمی پاشایەتییان دەکرد بۆ رزگاربوون لەم قەیرانە، لەو ئانوساتە هەستیار و ناسکەدا، کەسایەتییەکی نوێ دێتە سەر شانۆی ژیانی سیاسی فەرەنسا و ئەوروپا و جیهان.

ناپلیۆن بۆناپارت Napoleon Bonaparte، کە خۆی لایەنگری پاشایەتی بوو، ماوەیەک لەگەڵ یاکوبینەکان بوو، شەڕی نەمسا و میسری کرد بوو، کۆمەڵێک راپەڕینی ناوخۆی دامرکاندەوە. ئیدی ئەستێرەی بەختی بەتەواوی کەوتبووە درەوشانەوە. هێگل لە سەرسامیدا دەربارەی کەسایەتی ناپلیۆن و وێنە ناوازەکەی بە سواری ئەسپەوە وەک پەیامبەر و هەڵگری مەشخەڵێک دەڵێ:»ڕۆح و عەقڵی جیهان بە سواری ئەسپەوە». مەبەستی ئەو وێنەیەی ناپلیۆنە کە بەسواری ئەسپەوەیە.

ناپلیۆن لێرەدا وەک بەرپرسێکی سەربازی کە چەند شەڕێکی لە ئیتالیا بە سەرکەوتوویی کردبوو، بەتوندی ڕاپەڕینەکە دادەمرکێنێتەوە، لەم رێگایەوە ناپلیۆن توانیی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ حکومەت دروست بکات، بۆ خۆشی لایەنگریی شۆڕش و دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی بوو، پاشان وەک جەنەڕاڵ کرایە بەرپرسی هێزە ناوخۆییەکان. بەم شێوەیە هەتا دەهات ئەستێرەی زیاتر دەگەشایەوە. لەتەک هەموو ئەمانەدا هێشتا برسێتی، بێکاری، گەندەڵێ، بەرتیل خورادن… هتد لە ئارادا بوو.

لایەنگرانی پاشایەتی لە رێگەی کودەتاوە خەریک بوو دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئیدی دەسەڵات و ئیمپراتۆرێتی ناپلیۆن بۆناپارت Napoleon Bonaparte 1799-1814/15 دەستپێدەکات و کاتێ Abbe Emmanuel Joseph Sieyes ساڵی 1799 بە بەڕێوبەری حکومەت ھەڵبژێردرا، ویستی لە رێگەی کودەتایەکەوە ئەو دەستوورە کە لەئارادابوو و بەزەبر و زەنگەوە کاری پێدەکرا، ھەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەم کارە پێویستی بە پشتیوانیی ھێزی سەربازی بوو، بەناچاری پەنای بۆ ناپلیۆن برد، ئەگەرچی لێشی دەترسا. کاتێک نەخشەی کێشا رووبەڕووی ناپلیۆن ببێتەوە، بەڵام ناپلیۆن خەونەکەی لێ تێکدا و توانی بە ھاوکاریی براکەی کە لە حکومەتەکەدا کاربەدەست بوو، Lucien Bonaparte دەست بەسەر دۆخەکەدا بگرێ.

دەبوو حکومەت و دەستوور بگۆڕدرێ، ناپلیۆنی گەنج مافی دەستووریی ئەوەی نەبوو بێتە پێشەوە، ھەموو ئەندامانی پەرلەمان رازی نەدەبوون، ئەوانەی دژی ئەم پلانە بوون، کودەتاچییەکان بە یارمەتی ناپلیۆن و بەهێز لە پەرلەمان دوورخرانەوە. سێ کەسیان ھەڵبژارد بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتێکی راگووزەر، ناپلیۆن یەکێک بوو لەوانە. خەڵکی پاریس بەم کودەتاچییانە رازی بوون و دووانەکەی تریش بە ناپلیۆن، چونکە توانای ھیچ شتێکیان نەبوو بەبێ ناپلیۆن و لە ئاستیدا دەستەوسان بوون.

ئەنجومەنێکی دروستکرد و شوێنی کۆبوونەوەکانی لە Parisەوە گواستەوە بۆ Sant-Cloud کە بەئاسانی دەیتوانی کۆنترۆڵیان بکات.

بارودۆخی ناوخۆی ئارام کردەوە و دەسەڵاتێکی ناوەندی ھێنایە کایەوە، شەڕی خوێناوی دژی کاسولیک راگرت و شەڕی لە دژی نەمسا و دەسەڵاتی رۆمانی پیرۆز و ئینگلەند کۆتایی پێھێنا لەڕێی چەند رێکەوتنێکەوە.
ناپلیۆن ببووە سەرکردەیەکی کارێزمایی چ لە فەرەنسا و چ لە ئەوروپادا کەسی ژمارە یەک بوو. ئەوەبوو خێرا بە سەرکردایەتی خۆی حکومەتی Konsulats دامەزراند لە 2/12/1804 بۆ 10 ساڵ، پەرلەمانیش هەبوو، بەڵام هەر خۆی بووە کەسی یەکەم.

حکومەتی نوێ راستەوخۆ دەچێتە شەڕی دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی دەرەکیی وەک : نەمسا و ئینگلیز و روسیاوە. دواتر پەیمانی ئاشتی دەبەستێت کە بەلجیکا و لوکسمەبۆرگ و بەشێکی لای چەپی رووباری راین تا شاری ماینزی ئەڵمانیای داگیرکردبوو. بارودوخی ناوخۆ ئارام دەکاتەوە. چاکسازیی کۆمەڵایەتی، بە ناوەندکردنی بەڕێوەبردن، مۆدێرنەکردنی دادگا، سیاسەتکردن بە دەنگی میللەت، لێبووردنی گشتی بۆ ئەو خانەدان و ئەفسەرانە دەردەکات کە هەڵهاتوون تا بگەڕێنەوە بۆ فەرەنسا. مافی هەڵبژاردن بۆ هەموو تاکێک فەراهەم دەکات، هەڵبژاردنێکی نوێ سازدەدات تا دەنگی بدەنێ بۆ هەتا هەتایە بە کۆنسوڵ هەڵبژێردرێت و جێگریش دوای خۆی دیاری بکات.

بەڵام دواجار لە ھەناوی ئەم پاشاگەردانییەدا سەرکردە تازە هەڵکەوتووە گەنجەکە، سەرەتا ئینگلیزەکان دەردەپەڕێنێت و ئینجا بەرەو رزگارکردنی شۆڕش و وڵات دێتە مەیدانەوە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ دەکات.
لە 1804 بوو بە دەنگی میللەت خۆی تاجی قەیسەری نایە سەری خۆی، چونکە لەوکاتەدا چ پاشایەک لە فەرەنسا نەمابوو، تاجی لەسەر بنێت. بە Charisma لێوەشاوەیی و زیرەکی و ئازایەتی خۆی ناپلیۆن دۆخەکەی دامرکاندەوە و ئارامی ھێنایە کایەوە.

ناپلیۆن لە کۆرسیکای ئیتالیا لەدایکبووە و لە خوێندنگە فێری زمانی فەرەنسی بووە و لە ماتماتیکدا بلیمەت بووە. لە بواری سەربازیشدا ئەو سەرکردەیەی لێ دەرچوو، کە مێژووی تایبەتی خۆی نووسییەوە.

لەوەش زیاتر سیاسەتمەدارێکی وریا و زرنگ و قووڵ بوو، دوای کۆکردنەوەی ھەموو ئاکامەکانی شۆڕش لە 21/3/1804 توانرا Code civil بەرھەم بھێنرێت. بەم دەستوورە چەسپاوە دەرگای ئاسۆیەکی نوێ بەڕووی فەرەنسادا کرایەوە.

Code Civil کە بەناوی ناپلیۆنیشەوە ناسراوە، وەک دەستوور و رێسایەک بوو بۆ وڵات کەوتەگەڕ. مافی خاوەندارێتی وەک خۆی مایەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا سەردەمێکی رەشیش لە مێژووی حوکمی دیکتاتۆرییانەی ناپلیۆندا هەیە، گرتن و راوەدوونان و چاودێریی میللەت و قەدەغەکردنی ئازادیی چاپەمەنی لە 73 بڵاوکراوە، 60 یان قەدەغەکران و گومان لەسەر کەسێک هەبوایە، دوور دەخرایەوە، لەسێدارە دەدرا. راستییەکی مێژوویی هەیە هەموو ئەوەی ناپلیۆنیش کردوێتی بە تەواوکەری سەرکەوتنی شۆڕش دادەنرێت.

ناپلیۆن فەرەنسای گۆڕی، خۆی بە نوێنەری خودا دانەدەنا، بەڵکو بە قەیسەری میللەت و هەرچی دەکرد، رەوایەتی بۆ دروست دەکرد. ئەوروپای گۆڕی و میللەتانی هۆشیار کردەوە بە زۆرینەی دەنگ هەڵدەبژێردرێ. بەواتایەکی تر گەڕانەوە بۆ سیستمی پاشایەتی بە ناوەڕۆکێکی ریفۆرمخوازانەی شۆڕشگێڕانەی دەستوورییەوە.

لێرەوە بیروڕای جیاواز لەسەر ئەم کەسایەتییە گرنگەی مێژوو ھەیە، کە خۆی لە پێناسەی «ناپلیۆنی شۆڕشگێڕ و پاشایەتی» دا بەرجەستە کردووە.

ناپلیۆن لەشکرەکەی زۆریان خۆشیان دەویست و ئازایەتییەکەشی ببووە جێی شانازیی خەڵک.

ئامانجێکی تری ناپلیۆن ئەوە بوو هەموو ئەوروپا جگە لە دوورگەی بەریتانیای مەزن، بکەوێتە ژێر دەستی فەرەنساوە، پاریس ببێتە ناوەند و یاسا و رێسای فەرەنسایان تێدا بخرێتەگەڕ.

دەستکەوتەکانی شۆڕشیان تێدا بڵاوکرێتەوە، تا تەواوی ئەوروپا بگۆڕێت.

ناپلیۆن لەسەر بنەمای «سنووری سروشتی» فەرەنسا شەڕی دەکرد و ئەم عەقڵێتەی لەلا بەرجەستە ببوو. ئەو پێیوابوو لە چیاکانی ئاڵپ-ەوە تا رووباری راین، یەکەیەکی جوگرافیە و بریتییە لە فەرەنسا. لەو بارەیەشەوە دەڵێت: «سەربازەکانی فەرەنسا دژی میللەتانی ئەوروپا نین، بەڵکو دژی پاشاکانن».

ئیدی بۆ ماوەیەک بارودۆخی ناوخۆی فەرەنسا بە تەواوی ئاسایی بۆوە، راگەیەندرا کەوا شۆڕش کۆتایی پێهات. خەڵک ماندوو بوو، ئەم پیاوە هەڵکەوتووە مشووری ژیانی دەخواردن، راستە هەندێک کێشە هەر مانەوە. بەڵام ئەوەی گرنگ بوو، دەستکەوتەکانی شۆڕش پارێزران و درێژەیان هەبوو.

ناپلیۆن دواتر زۆربەی ئەوروپای گرت و تەنیا لەشەڕی گرتنی روسیادا بە شەڕی «تاکتیکی سوتماککردنی خاک» ناسراوە شکستی خورادوو و لەشکرەی زیانی گورچبڕی پێگەیشت. لە 600 هەزار سەرباز، 30 هەزار سەربازی بۆ گەڕایەوە. سەرماو سۆڵە و سیاسەتی خاک سوتاندنی روسەکان پشتی ناپلیۆنی شکاند و لاوازی کرد و دەوڵەتانی ئەوروپا ئەم هەلەیان قۆستەوە و کەوتنە پەلاماردانی فەرەنسا.

دوا شەڕی مەیدانی ساڵی1813 لە شاری لایپزیک بوو کە هێزەکانی ئەڵمانیا و ئینگلتەرا و سویدییەکان، ناپلیۆنیان بەزاند و بەدیل گرتیان و رەوانەی دوورگەی Elba ی دەریای ناوەڕاستی نزیک ئیتالیا کرا. هاوپەیمانان برایەکی پاشای گەردن پەڕێنراویان کردە پاشای فەرەنسا، بەڵام ساڵی 1815 ناپلیۆن توانی لەو دوورگەیە هەڵبێت و بە لە شکرێکی 1000 کەسییەوە بێتەوە بەرەو پاریس و دەسەڵات بگرێتەوە دەست. لەم گەڕنەوەیەدا میللەت پێشوازیی لێ دەکەن، دوای سێ مانگ دەسەڵات جارێکی تر لە شەڕی بەناوبانگی واترلو لە 3/7/1815 Woterlu دەکەوێتە وڵاتی بەلجیکاوە، لە شەڕێکی سەختدا دژ بە پروسیا و ئینگلتەرا بە دیل دەگیرێت و ئەمجارە دووری دەخەنەوە بۆ دوورگەی Sante Helena ی ئۆقیانووسی ئەتڵەنتیک، لەوێ دەستبەسەر دەکرێت و پاشان بە نەخۆشی شێرپەنجەی سنگ لە 5/5/1821 لە تەمەنی 52 ساڵیدا دەمرێت پاش ماوەیەک لە 1841 دا دەیهێننەوە فەرەنسا و لەوێ دەینێژن.

مێژووی کردەوەکانی ناپلیۆن لە تەمەنێکی کورتی خۆیدا 1769-1821 زۆر دوورودرێژە. ئەوەی نھێنی مێژووە، ناپلیۆن زۆر دژی ئینگلیز بووە، سیاسەتێکی نەخشە بۆ کێشراوی چڕوپڕی دژایەتی گرتبەر بەناوی»گەمارۆی کیشوەری». دەیویست ئابڵوقەی ئابووریی بخاتە سەر بەریتانیا، ئامانجی سەرەکی ناپلیۆن سەرکەوتن بوو بەسەر ئینگلیزدا و دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە لە پاریسەوە حوکمی تەواوی کیشوەرەکە بکات.

ئەوە بوو بۆ گەیشتن بەم مەرامە بەشێکی زۆری کەسوکاری خۆی کردە بەرپرسی ناوچە جیاجیاکان. دواجار خۆیشی لە دوورگەی سانت ھێلان لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیزدا بەدەستبەسەری گیانی لەدەست دا.

لەم کۆنتێکسی شۆڕشی فەرەنسییەدا، کە لەسەر دەست و سەردەمی ناپلیۆندا بە دوا وێستگە گەیشت و ناکرێ شۆڕش و ناپلیۆن لێک جیابکرێنەوە. رەھەندەکانی کاریگەریی ناپلیۆن بەسەر شۆڕشەوە، فرەلایەن و جێی بایەخن، رەنگە گونجاوبێت بۆ زیاتر نزیککردنەوەی خوێنەر لە جیھانی ئەم کەسایەتییە کاریزماییە، چەپکێک لە وتە هزریی و سیاسی و سەربازییە بەنرخەکانی بخەینە ڕوو:

*»مرۆڤی بێ بیروباوەڕ وەک کەشتی بێ قیبلەنومایە».
*»دایکی ھەموو خراپەکان ئەوەیە، ئەگەر ھیچ نەکەین».
*دیپلۆماسی بریتییە لە پۆلیس لە جلوبەرگی باش و جوان دا».
*»سیاسەت چارەنووسە».
*»جەنگ دایکی مێژووە».
*»بەڵێ جەنگ وایە، لە بەیانیدا لە لوتکەدایت سەرکەوتوویت، لە ئێوارەدا لە خوارەوە و دۆڕاویت».
*»ھێزی نیشتمانپەروەر لەسەر بنەمای یەکێتییان وەستاوە».
*»دڵی پیاوی دەوڵەتمەدار پێویستە لە سەریدا بێت».
*»لە سیاسەتدا ھەروەک لە شەڕدا وایە چرکەساتی لەدەستچوو ھەرگیز ناگەڕێتەوە».
*»مرۆڤ سەختگیرانە بۆ بەرژەوەندییەکانی تێدەکۆشێت تا بۆ مافەکانی».
*»جەنگ میللەتان دەھەژێنێت و وریایان دەکاتەوە، پۆڵا دەڕژێنێتە ناو خوێنەوە».
*»سیخوڕێک لە شوێنێکی پێویستدا، جێی 20 ھەزار کەس لە بەرەی جەنگدا دەگرێتەوە».
*»مردن نووستنێکە بێ خەو بینین».
*»سیاسەت پەتێکە دەپچڕێت ئەگەر بە توندی بیبەستیت».
*»خۆشەویستی نیشتمان یەکەم خەسڵەتی مرۆڤی شارستانییە».
*»بەزیو و بێ ناوبانگ بژیت، واتە ھەموو رۆژێک مردنێکە».
*»من کەسێکی ھەژار و بەستەزمانم، کە ئیمپراتۆرییەتێکم دروستکردووە».

ئاکامەکانی شۆڕش
لەتەک ئەوەدا کەوا ئەم شۆڕشە بە لانک و بە سەرەتای سەرھەڵدان و خەمڵاندنی ھۆشیاریی و ھەست و بیری نەتەوەیی دادەنرێت، کۆمەڵێک ئاکامی تریشی لێ کەوتەوە. لەم شۆڕشەدا، رۆڵی شۆڕشی پیشەسازیی بە کەمی دەردەکەوێت. ئەم شۆڕشە نزیکەی بە 10 ساڵ و بە 3 قۆناغی بەدوای یەکدا گەیشتە دوا ترۆپک، سێ جار دەستووری نوێی تێدا نووسراوە و حکومەتی جۆراوجۆر و بەناوی جۆراوجۆرەوە تێدا دروست بووە.

شۆڕشی فەرەنسا هەر لە ناوەوە دوژمنایەتی نەکراوە، بگرە تەواوی ئەوروپا بە زلهێزەکانی ئەو سەردەمەی نەمسا و بەریتانیا و روسیا و پروسیا و ئیسپانیاوە لە دژی بوون، بەڵام بە ویستی ئازادیخوازانەی فەرەنسییە شۆڕشگێڕەکان، شۆڕش گەیەندرایە ئاکامی خۆی.

ئەم شۆڕشە لەو دیاردەیە بێبەش نییە، کە کوشتاری ناوخۆی زۆر بووە و لە هەندێک قۆناغدا چەقۆی خستۆتە سەر گەردنی هاووڵاتیانی خۆی و زۆرێکی شۆڕشگێڕانیشی تێدا بووە بە قوربانی و خەونی تەواوی هەژارانی تێدا نەهاتۆتەدی، بەڵام ئەوەش لە پرۆسەیەکی دوورودرێژ و گۆڕانێکی بنچینەیی گەورەی سیستم و دەسەڵاتدا، پێدەچێت بەر حوکمی ناچاریی شۆڕش و هیوای سەرکەوتن بکەوێت. دەبێت ئاماژە بەوە بدرێت وەک راستییەکی مێژوویی، شۆڕش پاشای لەسەر ئەوە نەکوشت کەوا نوێنەری سیستمی رەهایەتی و دەرەبەگییە و گەندەڵ و لێنەهاتووە، بەڵکو لەسەر ئەوە کوشتی کەوا شکستی فەرەنسای لە بەرامبەر دوژمناندا پێ خۆشبوو، بەدیوێکی تریشدا خۆی و ژنەکەی زانیاریی وڵاتیان دەدایە دوژمنان، کە بە ناپاکی دەخوێندرێتەوە.

بەکورتی لەسەر ناپاکی لە گەردنی درا، شەڕی ناوخۆی فەرەنسا بۆ پاراستن و سەرخستنی شۆڕش بووە، نەک بۆ هیچ بانگەشە و بیروباوەڕێکی ئایدیۆلۆژی.

شۆڕش لەبەر ھۆکاری برسێتی و ستەمکاری بەرپا بووە، لە دروشمەکاندا کەم باس لە دیموکراسی کراوە و تەنانەت سیستمی کۆماریش، لە ئەجێندای شۆڕشدا نەبووە، دواتر هەلومەرجی رەوتی شۆڕش ئەمانەی سەپاند، بەڵام بارتەقای ئەوانە بۆ دروشمە مەزن و نەمرەکانی ئازادیی و یەکسانی و برایەتی تێکۆشاون، خوێنیان رشت و بەردی بناغەیان دانا. ئەمانەش کرۆکی ژیانیان تێدا بەرجەستە بووە، بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە.

دەکرێ لەتەک دەربڕینی ئەم چەند تێبینییەدا ئاماژە بەم چەند خاڵەی تریش بدەین:
1- میللەتێک دژی سیستمی دەسەڵاتی رەھایەتی پاشای خۆی رابوو، کە پێشتر لە مێژوودا نموونەی نەبووە. ئەم گۆڕانە سیاسییە، سەرەتای وەچەرخانێکی مەزن بوو.
2- ئەم شۆڕشە کاریگەریی گەورەی لەسەر وڵاتانی دیکەی دەوروبەر و پاشان جیھان دروستکرد.
3- مافی مرۆڤ کە شۆڕشی فەرەنسا بە سەنگ و کێش و قوربانییەکانی خۆی بەدەستی ھێنا، رەواج و بەهای خۆی هەیە و لە دەستووری بنچینەییدا چەسپێندراو بۆ جیهانیش بووە میرات و خەزێنەیەکی دەوڵەمەندی بەسوود.

4- ھەروەھا مافی ھاووڵاتیبوون چەسپا، لەم دەستکەوتە گەورانەوە سروود یان مارشی نەتەوەیی فەرەنسا داڕێژرا و دروستبوو، کاتێک سوپای وڵات دەچووە شەڕ لە بەرەکاندا، ئەم سروودەیان دەچڕی.
5- خەڵکی شارەکان دژی ئۆرگانەکانی دەسەڵات رابوون و جوتیارەکان لە فیوداڵەکان.
6- لە رووی کەلتورییەوە بنەماکانی مرۆڤ ویستی و هومانیزم و لیبڕاڵ، کە بە «تاڤگەی مۆدێرنە» ناسراوە، جێی دەستوور و دابونەریتی ئایینی گرتەوە و ئەم دوو چەمکە «دەوڵەت و ئایین» لە یەکتری جیاکرانەوە.
7- پرۆسەی بە سیاسیکردنی کۆمەڵگە و بە ئایدیۆلۆژیکردنی زمانی سیاسی سەری هەڵدا و هەتا ئەمڕۆش کەم و زۆر لە ئاردا ماوە.
8- خوێندن و نووسین چوونە قوتابخانەوە و کرا بە ئەرکێکی رەسمی.

دروشم و کارییەگەرییەکانی شۆڕش
بایەخی شۆڕشی فەرەنسا دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵتەکاندنی سیستمی دەقگرتوو و چەسپاوی پاشایی رەھا و رزگارکردنی ھەژاران و بەشمەینەتەکان لە برسێتی و ستەم و بێ مافی.

کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بەڕووی کۆمەڵگەی جیھاندا دروشمەکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتی لەسەر بنەماکانی ھزریی رۆشنگەریی ھەڵچوون، ئەم شۆڕشە ھەموو ماناکانی گۆڕی و مافی مرۆڤ و دەستووری ھێنایە کایەوە و میللەت بەشداریی کایەی سیاسی و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی دەوڵەت و پێکھێنانی پارتی سیاسی جیاواز سەدە و نیوێک بوو فەرەنسا لە چوارچێوەی دەسەڵات و شێوازێکی چەقبەستووی رەھاییدا قەتیس مابوو «سەرەتای شۆڕش دروشمەکان ئازادی و یەکسانی بوو، دواتر برایەتیشی بۆ زیاد کرا».

ھەموو مرۆڤەکان بە سروشت بە ئازادیی لەدایکبوون، کەس دەستوپێوەندی کەس نییە و ھەموو کەس مافی خۆیەتی چی دەوێت هەڵبژێرێ.

مرۆڤ مافی ھەوڵی ھێنانەدی ئاواتەکانی و بەختەوەرکردنی ژیانی خۆی ھەیە.

ھەموو مرۆڤەکان یەکسانن و مافی وەکیەکیان ھەیە، کەس لەکەس گەورەتر و بەنرختر نییە.

ھەرکەس ئەرکی ھاوکاریکردن و ھەرەوەزیی لەسەرە و پێویستە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکەی بەشداریی بکات.

ئاکامگیریی
*شۆڕش لە سەردەمی چەقبەستن و قاڵب بەستوویی پاشا و دەسەڵاتی رەھاییدا بەرپا بوو.
*سەروەریی گەل، ھاتەکایەوە و لە نووسینەوەی بڕیاری چارەنووسی خۆیدا رۆڵی گێڕا و یاساش بۆ گوزارشت لە ویستی گشتی خەڵک داڕێژرا.
*شۆڕشی فەرەنسا فیکر و باوەڕی ھێنانەیە ناوەوە.
*ئایین و دەوڵەت و سیاسەت، لێک جیاکرانەوە.
*شۆڕش بزافی رووداوەکان نەبوو، بەڵکو بزاڤی بیر و بیرۆکەکان بوو، نەخشەڕێگای گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو بوو.
*ھەق و ئەقڵ جێی دەسەڵات و ھێزی ستەمکاری گرتەوە.
*دروشمەکان نەمر و چارەنووسسازن و بەھایەکی گەورەی مرۆڤایەتییان ھەیە.
*دروشمەکانی شۆڕش گەردوونین بۆ ھەر مرۆڤ و نەتەوەیەک دەست دەدەن.
*شۆڕش کێشەی بۆ ناوخۆ دروستکرد و خەریکی خۆ خواردنەوە بوو، سەردەمێکی کورت بە تیرۆرکردن پارێزگاریی لە خۆی کرد.
*شۆڕش بەس بانگەشەی بۆ دروشم و مافی مرۆڤ و نەتەوەکانی نەدەکرد، بەڵکو دەستێوەردان و داکۆکی و پشتیوانیشی لێیان دەکرد.
*سوپا لە ھی پاشاوە بوو بە ھی میللەت.
*داواکارییەکان رەوا و ھی زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵک بوون.
*دەستەبژێرێکی کارامە سەرکردایەتی شۆڕشیان کرد، لە خوێندەوار، سەرباری کوشت و کوشتاری یاکوبیینەکان ، یەکێتی وڵاتی پێ پارێزرا بە شەڕ و داگیرکارییەکانی ناپلیۆنیشەوە.
*سوپا رۆڵی سەرەکی لە پاراستنی وڵات و شۆڕشدا لەئاست ناحەزی ناوخۆ و دوژمنی دەرەکیدا گێڕا.
* تاک، ھاووڵاتی نەتەوە و نیشتمان و دەوڵەت بێت، نەک ھی دەستە و تاقم و خزمەتکاری پاشایەک.

چەند وتەیەکی گوترا و سەبارەت بە شۆڕش
*ئێمە بەرەو شۆڕشێکی گەورەی عەقڵی و رۆحی مرۆیی دەڕۆین». ڤۆڵتێر
*بە دەوڵەتە بێگانەکان بڵێن: ئێمە پەیمانێکی ئایینیمان بەخۆمان داوە، نییەتی داگیرکاریمان نییە، رێزی یاسا و دەستوورەکان دەگرین، ھەموو ئەوەی دەمانەوێت یاسایەکی ڕێزلێگیراوە.
*بە میرە ئەڵمانەکان بڵێن: ئەگەر بەردەوام بن لەسەر دژایەتیی فەرەنسا، ئێمە ئاگر و ئاسنیان بۆ ھەڵناگرین، بەڵکو ئازادی دەبەین بۆیان و دەبێت ئەوە باش بزانن ئاکامی بە ئاگابوون و ھۆشیاربوونەوەی نەتەوەکان مانای چییە». دیپلۆماتکارێکی فەرەنسی.
*شۆڕشی فەرەنسا پشتیوانی شەڕی نەتەوەیەک بۆ نەتەوە ناکات، بەڵکو داکۆکی لە ئازادییەکان دەکات و دژی پاشاکانە، واتە«شەڕ بەسەر پاشاکاندا و ئاشتی بۆ نەتەوەکان».
*ھەر نەتەوەیەک مافی خۆیەتی بەدەستی خۆی یاساکانی دابڕێژێ و مافی خۆیەتی چۆنی دەوێ بیانگۆڕێت.
*ھەر ھێزێکی بێگانە ئەم مافە لە نەتەوەیەک زەوت بکات، یان ئەوەتا رێزی ئەم مافە لای ئەو میللەتە ناگرێ، کە ئەو بەشێکە لێی، ئەمەش ناپاکی نیشتمانییە و دوژمنایەتی رەگەزی مرۆڤایەتییە»
*ئامانجمان ئەوەیە ھەر نەتەوەیەک ئەو خاکەی لەسەری دەژی چەندیش تەسک بێت، خۆی سەروەری کاروبارەکانی خۆیەتی لە وڵاتەکەیدا، یەکسانە بە ماف لەگەڵ نەتەوەیەکی گەورەدا و کەس بۆی نییە ھێرش بەرێتە سەر ئازادی».
*ئەی ئاسمان نرخی ئازادی چەند خوێن و فرمێسکی فەرەنسییەکانی دەوێت و تێدەچێت؟».

سەرچاوەکان:
1 ـ الثورة الفرنسیة الاولی، 1799-1789 حسان عمران 2016
2 ـ تاریخ الحرکات القومیة في اوروبا. خمس اجزاء.. تعریب، د. نوردالدین حاطوم، 1969.
بە ئەڵمانی: بینینی چەند فیلم و ڤیدیۆیەک لەسەر شۆڕش و ناپلیۆن و خوێندنەوەی ئەم کتێبانە:

3.Franzosische Revolution. Johannes HeiBen 2010
4.Franzosische Revolution und Napoleon-Die Umgestaltung Europas. Dirk Hoffmann& Sylvia Hoffmann-Mosolf. 2009
5. Die Franzosische Revolution. Susanne Lachenicht. 2012
6. Geschichte Frankreich,Vom Mittelalter bis zur Gegenwart Peter C. Hartmann. 2015
7. Die Franzosische Revolution. Hans- Ulrich Thamer. 2004
8. Die Franzosische Revolution Hermann Both& A.Gestrichen. 2010
9.Geschichte Frankreichs Wolfgang Schmale 2000
10.Napoleon Revolutionar und Monarch eine Biographie Roger Dufraisse 2000

 

 

 

 208 جار بینراوە