سەرەکی » زانست » ئەم ڤیتامینە بەسوودە بۆ بەهێزیی ئێسك و دڵ

ئەم ڤیتامینە بەسوودە بۆ بەهێزیی ئێسك و دڵ

ئا / تارا شێخ عوسمان

ڤیتامین (K) لەو توخمە خۆراكییە سەرەكیی و گرنگانەیە كە بۆ پاراستنی دڵ و مێشك و بەهێزكردنی ئێسكەكان پێویستە و دەبێت هەموان لە سیستمی خۆراكییدا جێگەی ئەو خۆراكانە بكەنەوە كە ئەم ڤیتامینەیان تێدایە.

سەوزەكان و بە تایبەت سەوزە گەڵا پانەكان نزیكەی حەوت هێندەی هەموو خۆراكەكانی دیكە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین (K) و بەپێی ئەو توێژینەوانەشی كە لەسەر (50) هەزار كەس كراون ئەو ڤیتامینە دەتوانێت مەترسییەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ بە رێژەی (34%) كەمبكاتەوە.

هەروەها چەندین توێژینەوەی دیكەش ئەوەیان سەلماندوە كە ڤیتامین (K) ئێسكەكان بەهێز و پتەو دەكات و لە مەترسیی شكان و زوو پوكانەوە دەیپارێزێت،چونكە دەركەوتووە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی پوكانەوەی ئێسك، كەمی ڤیتامین (K)یە، هەروەها چەند توێژینەوەیەكیش دەریانخستووە كە ڤیتامین (K) وا دەكات یادگەی مرۆڤ چالاك بێت بە تایبەت لەو كەسانەی تەمەنیان لە 70 ساڵ زیاترە.

هەروەها لەشی مرۆڤ ڤیتامین (K) بەكار دەهێنێت بۆ دروستكردنی پرۆتینێك بە ناوی پرۆسرۆمبین و ئەم پرۆتینە بۆ زوو مەینی خوێن گرنگە و دواجاریش گرنگە بۆ زوو چاكبوونەوەی برین و زوو چاكبونەوەی شكاوییەكان.

هەر بۆیە زۆر گرنگە هەموان لەبری بەكارهێنانی تەواوكارە خۆراكییەكان بایەخ بە خواردنی ئەو خۆراكانە بدەین كە ڤیتامین (K)یان تێدایە بە تایبەت سەوزەكان و لە ناویشیاندا سەوزە گەڵا پانەكان لەوانەش، كەلەرمی جۆری كیلە.

ئەمجۆرە كەلەرمە لە ریزبەندی یەكەمی ئەو سەوزانەیە كە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (K) و هەر (100) گرام لەم كەلەرمە لە رۆژێكدا (700%)ی پێداویستییەكانی لەش دابین دەكات، جگەلەوەش ئەو جۆرە كەلەرمە ڤیتامینەكانی جۆری (A.C.B6 ) ی تێدایە و كالۆریی لەش دادەبەزێنێت هەروەها ریشاڵ و پرۆتنیشی تێدایە.

هەروەها كەلەرمی سپی و مۆر و سپێناخیش برێكی باشی ڤیتامین (K)یان تێدایە.

سەرچاوە: al-Arabiya

 118 جار بینراوە