سەرەکی » کەلتوور » یادی 38 ساڵه‌ی له‌ سێداره‌دانی شاعیری شه‌هید ناسر شه‌یدا

یادی 38 ساڵه‌ی له‌ سێداره‌دانی شاعیری شه‌هید ناسر شه‌یدا

31 ساڵ پێش ئێستاو له‌ رۆژی 28/10/1983دا، خاڵم، ناسر محه‌مه‌د عوسمان ناسراو به‌ ناسر شه‌یدا له‌ به‌غدا له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌ داپڵۆسێنه‌ره‌كانی رژێمی به‌غداوه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی (خدر عیسا، موحسین جه‌رجیس و سه‌ید محه‌مه‌د) له‌ سێداره‌ دران.

ناسر شه‌یدا له‌ ساڵی 1974دا وه‌ك ئه‌ندامێكی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان، كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نی ته‌نیا 13ساڵ بوو، به‌شداریی له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌لا محه‌مه‌د گڕونیی باوكی شیوعی بوو، شیوعییه‌كانیش له‌ حكومه‌تی به‌عسدا هاوپه‌یمان بوون، كه‌چی ئه‌و ئاماده‌بوو بچێته‌ نێو شۆڕش و له‌ خێزانه‌كه‌ی داببڕێت.

له‌ ساڵی 1976 بوو به‌ ئه‌ندام له‌ رێكخسته‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا، پاش به‌رده‌وامبوون له‌ كاری رێكخراوه‌یی، له‌ ساڵی 1979 بوو به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی راپه‌ڕین كه‌ ئه‌وكات كۆمیته‌یه‌كی به‌رفراوانی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بوو و شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی لێپرسراوی بوو.

كۆمیته‌كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ تا سنووری باڵه‌كایه‌تی و چۆمان و سیده‌كان تۆڕی رێكخستن و چالاكیی له‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌دا هه‌بوو، شه‌یدا ئه‌ندامی كۆمیته‌بوو، یه‌كێك بوو له‌ كادیره‌ چالاكه‌كانی‌.

ناسر شه‌یدا خولیا و سه‌لیقه‌یه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بدا به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ شیعرنووسیندا هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی سه‌رقاڵیی به‌‌كاری سیاسی و رێكخستنه‌وه‌ كه‌متر ده‌یپه‌ڕژایه‌ سه‌ر خۆته‌رخانكردن بۆ ئه‌ده‌ب و كاری ئه‌ده‌بی.

ناسر شه‌یدا له‌ 16ی ته‌مموزی 1981 له‌هه‌ولێر و له‌نێو بینای پارێزگای هه‌ولێردا گیرا و ره‌وانه‌ی (هه‌یئه‌ی ته‌حقیقی كه‌ركوك) كرا، پاش ئازاردان و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر، له‌دادگایه‌كی ئه‌منی و سه‌ربازیی نادادپه‌روه‌رانه‌دا بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه ‌و ره‌وانه‌ی ژووری ئیعدامی به‌ندیخانه‌ی موسڵ كراوه‌.

ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌ به‌ندیخانه‌ی موسڵ مایه‌وه‌ و رێگه‌یان پێده‌داین مانگانه‌ جارێك سه‌ردانی بكه‌ین، به‌ڵام كه‌ رۆژی دیده‌نیش ده‌چووین ناومانیان له‌ لیستێكدا تۆمار ده‌كرد.

له‌ به‌ندیخانه‌ی موسڵ و له‌ ژووری ئیعدامدا، له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی كۆمیته‌ی ئاگر (مه‌لا محێدین، فاروق و ئه‌سعه‌د و جه‌نگی و.. هتد)، پێكه‌وه‌بوون و هه‌موو جارێك كه‌ ده‌چووم بۆ دیده‌نی، له‌وێ مامۆستا مه‌لا محێدین و هاوڕێكانیشیم ده‌بینی.

ناسر شه‌یدا، له‌نێو ژووری ئیعدامی موسڵدا، به‌سودوه‌رگرتن له‌و سه‌لیقه‌‌و توانا ئه‌ده‌بیه‌ی‌ هه‌یبوو، گه‌لێ شیعری جوانی نووسیوه‌. سه‌رجه‌م شیعره‌كانی له‌ سه‌ر دیوه‌ سپییه‌كه‌ی كاغه‌زی سیمداری نێو پاكه‌تی جگه‌ره‌، به‌ خه‌ته‌ خۆشه‌كه‌ی خۆی ‌نووسیوه‌ته‌وه‌، كه‌ دایكم (خه‌جیجی مه‌لا ئه‌بوبه‌كری مه‌لازاده‌-رۆحی شاد) ده‌چوو بۆ دیده‌نیی، نامه‌ شیعرییه‌كانی له‌نێو باخه‌ڵی خۆی ده‌شارده‌وه‌ ‌و له‌ژێر چنگی پاسه‌وانه‌كانی به‌ندیخانه‌ ده‌ربازیده‌كردن.

شه‌یدا چه‌ندین نامه‌ی له‌نێو ژووری به‌ندیخانه‌وه‌ بۆ ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ نووسی و هه‌ر به‌و رێگه‌یه‌وه‌ دایكم له‌ به‌ندیخانه‌وه‌ ده‌یهێنان و منیش ره‌وانه‌ی (ناوه‌ندی)م ده‌كرد و وه‌ڵامی نامه‌شمان ده‌گه‌یانده‌وه‌ ده‌ستی له‌ نێو ژووری ئیعدامی به‌ندیخانه‌ی موسڵدا، كه‌ یه‌كێك له‌و نامانه‌ له‌لایه‌ن شێخ شه‌ماڵه‌وه‌ به‌ناوی رێكخراوی پێنجه‌وه‌، له‌سه‌ر كاغه‌زی ته‌نك، نووسرابوو، شه‌یدا پاش ئه‌وه‌ی نامه‌كه‌ی خوێندبوه‌‌وه‌، له‌ دیده‌نیی داهاتوودا نامه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ ده‌ست ئێمه‌ ‌و ئێستا، به‌شێكی نامه‌كه‌، وه‌ك دۆكیومێنتێكی مێژوویی لای من پارێزراوه‌.

شه‌یدا له‌نێو ژووری ئیعدامیشدا هه‌ر هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ و پتر خۆپێگه‌یاندنی ده‌دا و داوای ده‌كرد كتێبی بۆ ببه‌ین. بیرمه‌ جارێكیان، دوو كتێبی‌ گیرفانم بۆ برد، ئه‌گه‌رچی قه‌ده‌غه‌شبوو، به‌ڵام گه‌یاندمه‌ ده‌ستی. كتێبی‌ یه‌كه‌م رۆمانی (حكایه‌‌ بحار غریق: به‌سه‌رهاتی زه‌ریاوانێكی خنكاو)ی ماركیزبوو، كتێبی‌ دووه‌م رۆمانی (غربان الزرع:‌ قه‌له‌ڕه‌شه‌كانی بێستان)ی جان كانابای فه‌ڕه‌نسی بوو، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو رۆمانه‌كه‌ی خوێندبوه‌وه‌ له‌نامه‌یه‌كدا سه‌رنج و بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی دوو رۆمانه‌كه‌وه‌ بۆم نووسیبوو.

شه‌یدا، به‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌ی لاوێتییه‌وه‌، كه‌ ته‌نیا 22ساڵبوو، رۆشنبیرییه‌كی ئه‌ده‌بیی به‌رزی هه‌بوو، تێڕوانینێكی ره‌خنه‌یی ناوازه‌ی هه‌بوو، له‌ نامه‌كه‌یدا، كه‌ بۆ منی نووسیوه‌ و لامپارێزراوه‌، ده‌ڵێ‌ رۆمانه‌كه‌ی ماركیز پتر له‌ ریپۆرتاژێكی رۆژنامه‌وانی ده‌چێ، نه‌ك رۆمان.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كانابا ئاستێكی به‌رزی ئه‌ده‌بیی هه‌یه‌، دیاربوو ئه‌و رۆمانه‌ی زۆر به‌دڵ بوو. هه‌ڵبه‌ت، لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كانابا یه‌كێكبووه‌ له‌ چه‌په‌كانی فه‌ڕه‌نسا و بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌.
ناسر شه‌یدا و هاوڕێكانی له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌می 1983له‌ به‌ندیخانه‌ی موسڵ گوازرانه‌وه‌، ئیدی بێ سۆراغ بوون، تا له‌ دوای روخانی رژێمی سه‌ددام حوسێن له‌ 9ی نیسانی 2003 به‌یان وه‌فاته‌كه‌مان ده‌ستكه‌وت و زانیمان كه‌ له‌ 28/10/1983 له‌ ته‌مه‌نی 22ساڵیدا، خۆی و هاوڕێكانی له‌ به‌غدا له‌ سێداره‌ دراون.

چه‌پكێ گوڵ بۆ سه‌ر گۆڕیان.

سڵاو له‌ گیانی شه‌هید ناسر شه‌یداو هاوڕێكانی و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان.‌

حه‌سه‌ن یاسین

 134 جار بینراوە