سەرەکی » مانشێت » دكتۆر فوئاد مەعسوم و سیاسەتی دیپلۆماتیی هێمنانە

دكتۆر فوئاد مەعسوم و سیاسەتی دیپلۆماتیی هێمنانە

ژیار موحسین

ماوەیەكی زۆرە بە هەر بیانوویەك بێت یاخود هەر دەستێكی لەپشتەوە بێت راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی هاوپەیمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پەرلەمانتارەكانی سەر بەو حزبە پەلاماری دكتۆر فوئاد مەعسومی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی و سەركۆماری ئێستای عێراقی فیدراڵ دەدەن، لە پەنا ئەوانیشدا داخ لە دڵانی تر تەنانەت لە حزبەكەی دكتۆر فوئادیشدا ژەهری خۆیان دەرێژن. هەریەكە لەو پەلاماردانانە بە ئاڕاستەیەكە، پەرلەمانتارەكانی پارتی دیموكرات گرنگ نییە چی دەڵێن، چونكە ئەوان قوڕمیش كراون و مەرامەكانیان دیاریكراوە، ئەوانی تریش هەریەكەیان بۆ خۆیان مەرامێكیان هەیە، بەڵام هەمووی ئەچێتەوە سەر یەك سەرچاوەو مەرام ئەویش پەلاماردانی یەكێتیی و شەخسی كاك دكتۆر فوئادە كە ناهەقیی و بێ ویژدانییەكی رادەبەدەری تیادا بەدی دەكرێت .
كێشەكە ئەوەیە كاك دكتۆر فوئاد دوای كەسایەتیی سەرۆك مام جەلال بووە بە سەرۆک كۆمار، كە ئەوە سەرچاوەی كێشەكەیەو هیچ كەس ناتوانێت لەو جێگەیە بە هەمان ئاڕاستەی ئەو هەڵسوكەوت و مامەڵە بكات، چونكە سەرۆك تاڵەبانی هەم رۆژگارێك مەسئولی هەموو بڕیار بە دەستەكەنی عیراق بووە، هەم لەدوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆریی، عیراق لەسەر دەستی جەنابیان دروستكراو ئەو بڕیار بەدەستانە لەلایەن خۆیەوە پێشنیازو دەستنیشان كران، هاوكات مام جەلال مام جەلال بوو و زۆر هۆكاری تریش كە لێرەدا مەبەستی باسەكەمان نییە.
جەنابی سەرۆك كۆماری ئێستا سەباری ئەوەی لە ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوودا نوێنەری خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانی بوو لە میسر ، كەسایەتییەكی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیش بوو لەكاتی خەبات دژی دیكتاتۆریی لە بنیاتنانەوەی عیراقی نوێ و لە نووسینەوەی دەستووریشدا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە، ئەو هەموو ئیشەكانەی بە پێی پرەنسیبی دیپلۆماسیی هێمنانەو لەسەرخۆ راپەڕاندووە، تەنانەت وەك هەڤاڵەكانی دەگێڕنەوە لە خەباتی شاخیشدا، هەمیشە بە لەسەرخۆیی و هێمنیی، بەڵام حەكیمیی و دانایی ناوی دەركردووە.
من زۆر ناچمە ناو وردەكارییەكانی پێگە دەستورییەكانی سەرۆك كۆمارەوە تەنیا ئەوەندە دەڵێم ئەوانەی ئاشەكەیان لە هێرش كردنە سەر بەڕێز دكتۆر فوئاددا دەگەڕێت، پێویستە ئەوە بزانن ئەو بەزمەی كە ئەمڕۆ هەڵگیرساوە و چین و توێژەكانی كۆمەڵ لە سێ پارێزگاكەی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان باجەكەی دەدەن، خەتای ئەو نییە، بەڵكو با خەڵك و پەرلەمانتارە موحتەرم و (المحترمە)انە بچن بەرۆكی ئەو عەبقەری و فەیلەسوفانە بگرن كە خۆیان گیڤ دەكردەوەو لە دەوڵەتی سەربەخۆی خاوەن ئابوریی وەك ئەمریكایان كەمتر لە گیرفانیاندا نەبوو، یەخەی ئەوانە بگرن كە بە موخالیفی شوێنە چۆڵ بووەكانی سوپای عیراق و پۆلیسی فیدراڵیان داگیركردو شانازییان بە سەرهەڵدانی داعشەوە دەكردو خۆیان هەڵدەكێشا كە شتێك نەماوە ناوی ماددەی 140 بێت و ئیدی كورد خۆی ماددەكەی جێبەجێ كردووە.با ئەو پەرلەمانتارو نووسەرە ئاژاوەچی و جنێو فرۆشانە بچن مەعاشی دزراو لە قوڕگی ئەوانە دەربهێننە دەرەوە كە نەوتی كوردستانیان بە تاڵان برد و یەك فلسی سووریان نەدا بە سۆمۆ و دەیان گوت بەشەكەی خۆم بۆ خۆم ئەوەی تۆش دەخۆم.
ئەوانەو چەندین هۆكاریتر بوون كە ئەو بەشەی هەرێمی كوردستان وا فەرامۆش كراو ئیدی فەرشی سوور بۆ سەركردەكانی ئەو هەرێمە چیتر رانەخرێت لە پایتەختەكانی جیهان و سەرۆك و سەرۆكی حكومەت و وەزیرانی دەرەوەو گەورە بەرپرسیارانی تری جیهان سەر نەكەن بە هەولێرو پیرمامدا، نەك سەرۆك مەعسوم.
سەرۆك كۆمار زۆر هەوڵیدا ئەم دیمەنە تراژیدییانەی ئەمڕۆ نەیەتە بەرچاو، دواتریش بە سیاسەت و شێوازە دیپلۆماسییە هێمنانەكەی و دوور لە هاش و هوشی ئیعلامیی و خۆدەرخستن كە هەرگیز پێویستی پێی نییە، زۆر هەوڵی خستەگەڕ تا ئەم هێور بوونەوەیە هاتۆتە پێشەوە.
د.فوئاد مەعسوم هەرگیز قبووڵی نەكردووە فەرمانبەرانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك بێ مووچە بن و زەقەی چاویان بێت، ئەوە بەرپرسیارانی حزبی ئەو پەرلەمانتارو توتیی و داخ لەدڵانەی ترن كە سوور دەیانزانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەك مانگ زیاتر ناتوانێت مووچەی نیوەی وەزارەت و دامەزراوەكان دابین بكات، كەچی هەر سەركێشییان كردو بە بیانووی ئابوریی سەربەخۆ قوڕیان كرد بەسەر ئەم گەلەداو دواتریش میدیاكانی خۆیان كرد بەگژ حكومەتی فیدراڵیداو لێپرسراوانی یەكێتیی هاوپەیمانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی لە بەغدا هانی مووچە بڕینیان داوە، لەكاتێكدا مووچە لای بەغدا نەبووە، كەناڵە بێ ئاگاکانی تریشیان گێل كردبوو بەوەی ناكۆكی و شەڕی كوردو شیعە گەرم بکەن، لەولاشەوە گەورە تێرۆریستەكانی سوننەیان دەهێنایە سەر «الجزیرة و العربیة» تا لە هەولێرەوە ژەهری تێرۆریستیی و داعشیی بڕێژن و هێرش بكەنە سەر شیعە.بۆیە بەو پەرلەمانتارو ئەڵقە لەگوێ و داخ لەدڵانە دەڵێم ماڵتان لە شوشەیەو بەرد مەگرنە ماڵی خەڵكی و دەست هەڵگرن لەم سیاسەتە شكستخواردووە، سەرۆك كۆمار بە سیاسەتی دیپلۆماسیی هێمنانەو لە چوارچێوەی دەستوردا كار دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان رۆژانەش لە دیدارەكانیدائەو هەڵوێستە نیشتمانیی و كوردانەیەی دوپات دەكاتەوە ،بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە راست و رەوایەیدا بێ گوێدانە پەلامار دانەكانو كاروانەكەی خۆی درێژە پێ دەدات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*