سەرەکی » زانست » خانمێكی ئەرجەنتینی بەسەر ئایدزدا سەردەكەوێت

خانمێكی ئەرجەنتینی بەسەر ئایدزدا سەردەكەوێت

لاڤان رەئوف

خانمێكی ئەرجەنتینی توانی بەبێ وەرگرتنی هیچ دەرمان و چارەسەرێك بەسەر نەخۆشی ئایدزدا سەربكەوێت، كە ئەمەش دووەم حاڵەتی باوەڕپێكراوە لە جیهاندا .

پزیشكەكان پێیان وایە كە بەرگری ئەو نەخۆشە بە شێوەیەكی سروشتی توانیویەتی بە تەواوی كۆتایی بەو ڤایرۆسە بهێنێت.

بە پێی ئەو پشكنینانەی كە بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن خانەی جەستەی ئەو خانمە كراوە، دەركەوتووە كە هیچ پاشماوەیەكی ئەو نەخۆشییە لە جەستەی ئەو خانمەدا نەماوە. زانایان دەڵێن دەتوانرێت لە رێگەی ئەو پشكنینانەوە سوود وەربگرین بۆ لە ناوبردنی ڤایرۆسی كەمی بەرگری جەستە تەنانەت دۆزینەوەی چارەسەرێكی تەواو كاریگەر.

ئەم ئەنجامەش ئەوە دەسەلمێنێت كە رێژەیەكی كەم لە خەڵك هەیە بتوانێت بەو جۆرە و بە سروشتی توانای لە ناوبردنی ڤایرۆسی ئایدزی هەبێت، ئەمە جگە لەوەی هەندێك كەس توانای بۆماوەیی هەیە كە رێگرە لەو نەخۆشییە، وادیارە هەندێكی تر وەك ئەم خانمە ئەرجەنتینییە كە بە( نەخۆشی ئیسبیرانزا) ناسراوە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و دواتر بەسەریدا سەردەكەون، بەڵام زۆربەی ئەوانەی توشی ئایدز دەبن پێویستە تا لە ژیاندان دەرمانی دژە ڤایرۆس بەكاربهێنن، ئەگەر واز لەو دەرمانە بهێنن ڤایرۆسەكە دووبارە بڵاودەبێتەوە و كێشەی تریش بۆ جەستە دروست دەكات.

چارەسەری پاكردنەوەی خانەكان
سەرەڕای دوودڵی لە دووبارە گەڕانەوەی ڤایرۆسەكە نەخۆشە ئەرجەنتینییەكە، زیاتر لە هەشت ساڵە هیچ ئاسەوارێكی نەخۆشییەكە لە خانەكانیدا نەماوە، پێ دەچێت لە ئەمەریكاش( لورین ویلینبرگ ) لە سان فرانسیسكۆ، لە رێگەی بەهێزی بەگری جەستەی بەسەر ڤایرۆسەكەدا سەركەوتبێت.

دكتۆر تشویو لە پەیمانگەی راگون لە نەخۆشخانەی گشتی ماساتشوستس لە ئەمەریكا وتی : پێدەچێت رێگایەك هەبێت بۆ پاكردنەوەی خانەی ئەو كەسانەی كە تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون، بەڵام خۆیان توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییەیان نییە، هەروەها وتیشی: ئێمە لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەداین لە رێگەی خواردنەوە بتوانین خانەی ئەو كەسانەی بەرگرییان بەهێزە بگوازینەوە بۆ ئەو كەسانەی كە دەرمانی دژە ئایدز بەكاردەهێنن بە ئامانجی بەرەوپێشچوونی بەرگری جەستەیان تا بتوانن بەبێ بەكارهێنانی دەرمان بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا زاڵ بن.

پەتایەكی دۆڕاو
پرۆفیسۆر جۆن فراتر لە زانكۆی ئۆكسفۆرد، لە لێدوانێكیدا بۆ بی بی سی تەئكیدی كردەوە كە هەرچەندە پێشتر زۆر زەحمەت بوو بزانرێت ئەو كەسە بە یەكجاری لەو نەخۆشییە چاكبۆتەوە، بەڵام زانایان بە پێی ئەو تەكنەلۆژیایەی كە ئێستا لەبەردەستیاندایە هەموو توانایەكیان بەكاردەهێنن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە.

وتیشی: پرسیارە سەرەكییەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو خانمە ئەرجەنتینییە خۆی چاكبۆتەوە یان بە سوكی ڤایرۆسەكەی بۆ گوازراوەتەوە و ڤایرۆسەكە لە هەوڵی گەشەكردندا بووە، بەڵام بە زوویی چارەسەری وەرگرتووە.

جەختیشی كردەوە كە سیستمی بەرگری نەخۆشە ئەرجەنتینییەكە دەریدەخات كە ئەم نەخۆشە بەڕاستی تووشی ئەو ڤایرۆسە بووەو دواتر چاكبۆتەوە، ئاماژەشی بەوەدا كە جگە لەم حاڵەتە پێدەچێت حاڵەتی لەم جۆرە لە شوێنی تریش هەبێت كە وادەكات لە هەوڵی بەردەوامدا بین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كەمی بەرگری جەستەی مرۆڤ.

سەرچاوە : بی بی سی نیوز

 222 جار بینراوە