سەرەکی » ئابووری » کارەبای هەرێم زیاد دەکات

کارەبای هەرێم زیاد دەکات

کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت: لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای گەڕاندنەوەی وزەی چەند وێستگەیەکی کارەبا، دۆخی کارەبا باشتر دەبێت و پێدانی کارەبا زیاد دەکات.

کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە: ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی کارەبا 3400 بۆ 3500 مێگاواتە و خواست لەسەر کارەبا پێنج هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە و بە ساردبوونی کەشوهەوا چاوەڕێی زیاتربوونی دەکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە: لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، لە ناوچە ساردەکان نزیکەی 12 بۆ 13 سەعات کارەبا دراوە و لە ناوچە گەرمەکان زیاتر لە 14 بۆ 15 سەعات کارەبا دراوە و بە تێکڕا 14 سەعات کارەبا دراوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو: دوێنێ یەکەیەکی وەبەرهێنانی وێستگەی 300 مێگاواتی خەبات گەڕاوەتەوە و یەکەی دوومیش لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە و یەکەی وێستگەی غازی گەرمیانیش ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە و لە هەوڵداین بۆ گەڕاندنەوەی هێڵی تورکیا و هاوکات قۆناغی یەکەمی هێڵی (شەقڵاوە-سۆران) تەواو بووە و زیاتر لە 200 مێگاوات کارەبا بۆ سۆران گواستراوەتەوە کە پێشتر توانای 150 بۆ 160 مێگاوات کارەبای هەبوو.

بەوپێیەش لە رۆژانی داهاتوودا سەعاتەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێم زیاد دەکات.

 209 جار بینراوە