سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » كۆچی عیراقییەكان

كۆچی عیراقییەكان

 

هاوشێوەی تیرۆرە، بەر لەوەی بیر لە وشككردنی سەرچاوەی پارەداركردن و چارەسەری ئەمنی بۆ بنبڕكردنی بكرێتەوە، دەبێت بەدواداچوون و بنكۆڵكاریی بۆ هۆكارەكانی سەرهەڵدانی بكرێت.

لە دوای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات وەك دیاردەیەكی ترسناك لە عیراقدا دەركەوت، كۆچكردنی عەقڵ و زانست و هێز و توانا و وزەی كاریی نیشتمان.

لەگەڵ ئەوەی هۆكارە سەرەكییەكەی لە قۆناغی یەكەمدا بۆ لایەنە ئابورییەكە دەگەڕایەوە، بەڵام لەئێستادا هۆكارەكان زۆرن بۆ كۆچكردنی عیراقییەكان و رووكردنە وڵاتانی خۆرئاوا كە ماف و شكۆی مرۆڤیان تێدا پارێزراوە.

ئەوانەی بۆنی خاك و چوار وەرزە و گەرمای پڕوكێنەر و سەرما وشكەكەی نیشتمان جێدەهێڵن، ئاوڕ لە هۆكارەكانی ساتمەكردن و كەوتن و زامداربوون نادەنەوە، نیشتمان بۆ ئەوانە جێدەهێڵن كە خۆیان بە خاوەنی دەزانن و سامان و داهاتەكەی دەخۆن.

داهاتی ساڵانەی عیراق كە نزیكەی 100 ملیار دۆلارە، جێگەی سەرسوڕمانە گەلەكەی نیشتمانیان جێدەهێڵن، لەمەش سەیرتر هەڵوێستی كاربەدەستان و فەرمانڕەواكانە كە لە كاتی خنكان یان رەقبوونەوە لە سەرمان، خەمخۆری دەردەبڕن، بەبێ‌ ئەوەی پێداچوونەوەیەكی ورد بە سیاسەتەكانیاندا بكەن.

چارەسەركردنی كێشەی كۆچكردن لە عیراق، بە خستنەگەڕی هێڵی ئاسمانی و هێنانەوەی هاووڵاتیان لە میسنكەوە چارەسەر نابێت، بە رێكەوتن لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و راگرتنی گەشتە راستەوخۆكان و قۆڵبەستكردنی قاچاخچییەكان بنبڕ نابێت، دەبێت نیشتمان بۆ هەموان بێت.

لەبری دابەزاندنی بەهای خەرجیی دینار و زیادكردنی یەدەگی دراوی بیانی و تۆكمەكردنی ئابوری دەوڵەت، لەبری تەرخانكردنی بودجەیەكی گەورە بۆ بەرگری و كڕینی چەك و چۆڵ و تەقەمەنی، دابەشكردنی داهاتە بەسەر هاووڵاتیان و دەكرێت لەو رووەوە سود لە ئەزموونی وڵاتانی كەنداو وەربگیرێت.

چارەسەركردنی بێكاریی و دۆزینەوەی هەلی ژیان بۆ تاك و خێزانەكان، چەسپاندنی سەقامگیریی و ئاسایش و پاراستنی شكۆی هاووڵاتیان، هێوركردنەوەی كێشمەكێش و ململانێیە سیاسییەكان، رێكەوتن لەسەر پرەنسیپی پێكەوەژیان و پشتكردنە بیركردنەوە بەرتەسك و خێڵەكییەكان، نەهێشتن یان كەمكردنەوەی گەندەڵی و مشتەخۆری و هتد.. بەر بە لێشاوی كۆچكردن و جێهێشتنی وڵات دەگرن.

 170 جار بینراوە