سەرەکی » ئاراستە » لە ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا

ژیاننامەی مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر

لە ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا

ئاوات كۆكەیی

رۆژی 1/12/2021 كادیری پێشكەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی سەرەتاكانی رێكخستنەكانی كۆمەڵە، پێشمەرگەو مامۆستاو دیبلۆماتكار، موحسین عەلی ئەكبەر دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ كۆرۆنادا، لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد.
مامۆستا موحسین بە پێناسەی كەسی (خانەقینی) و بە پێناسەی تێكۆشان، تەواو كوردستانی.
لە سەردەمی خەباتی نهێنی و دواتریش چەكداریدا و لە زۆر وێستگەی هەستیاری خەباتی یەكێتی و كۆمەڵەدا، بەرپرسیارێتیی گرنگ و گرانی لە ئەستۆبووە، لە دوای راپەڕینیش دیسان لە چەند قۆناغێكدا ئەرك و بەپرسیارێتی گەورەی پێسپێردراوە، وەك: ئەندام مەكتەب و لێپرسراوی مەڵبەند و وەزیرو پەرلەمانتاری، لە هەموو ئەو وێستگانەی خەباتیدا، هێمن و خاوێن و كەسایەتییەكی سادە بووە.

 

موحسین عەلی ئەكبەر، كادیری پێشكەوتوو، ناوی تەواوی موحسین عەلی ئەكبەر قاسم-ە ناسراو بە مامۆستا موحسین.
لە دایكبووی ساڵی 1950ی خانەقین، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە خانەقین تەواو كردووە، ساڵی 1971 لە ئەڵقە رۆشنبیرییەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان وەرگیراوە و بۆ ساڵی دواتر بووە بە ئەندام.
ساڵی 1974 خوێندنی لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان لەهەولێر تەواو كردووە.
ساڵی 1978 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە كرد و بۆ ساڵی دواتر گوێزرایەوە بۆ مەكتەبی راگەیاندن لە نۆكان و لەوێ بووە لێپرسراوی بەشی كوردیی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان كە ئەوسا پێی دەوترا دەنگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەمان ساڵ لێپرسراوێتیی بەڕێوەبردنی كامپی مەشقی پێشمەرگەی لە گوندی توژەڵە، پێ سپێردرا.
لەگەڵ دەستپێكردتی پەیوەندیی نێوان ئێران و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، لە ماوەی نێوان ساڵانی 1979-1980 نوێنەرایەتی یەكێتی كرد لە شاری سەردەشت و دواتر وەك نوێنەری یەكێتی گوێزرایەوە بۆ تاران.
ساڵی 1982 پاش گرژبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و یەكێتی، ئۆفیسەكەی یەكێتی لە تاران داخرا و خۆیشی بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو زیندانی كرا، دوای ئازادبوونی گەڕایەوە بۆ هەرێم و كرایە لێپرسراوی لقی 2ی كەركوك، ساڵی دواتر پاش هەڵوەشاندنەوەی لقەكان، لێپرسراوێتیی كەرتی رێكخستنی بازیانی پێ سپێردرا و ساڵی 1985 كرایە لێپرسراوی رێكخراوی 4ی سلێمانیی كۆمەڵە.
ساڵی 1986 كرایە ئەندامی دەزگای ناوەندیی رێكخستنی كۆمەڵە كە بارەگاكەی لە گوندی هەڵەدن بوو لە دۆڵی جافاتی، بۆ ساڵی دواتر وەك ئەندامی مەكتەبی راگەیاندن گوێزرایەوە بۆ مەكتەبی راگەیاندن و كرایە لێپرسراوی بەشی چاپخانە و تا ساڵی 1990 بەردەوام بوو.
پاش راپەڕین، لە ساڵی 1992دا كرایە كارگێڕی مەڵبەندی سلێمانی و بۆ ساڵی واتر بووە جێگری لێپرسراوی مەڵبەند.
لە ماوەی نێوان 1996-1998 لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان بوو، ساڵی 1998 گوێزرایەوە بۆ مەكتەبی رێكخستن و لێپرسراوەتیی بەشی چاودێریی پێ درا.
ساڵی 1999 بووە لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی شارەزوور و هەر ئەو ساڵە كرایە وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، ساڵی 2002 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانی بەدەست هێنا.
یاش روخانی رژێمی بەعس، لەساڵی 2003 وە تا 2006 لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی خانەقین بوو، لەو ماوەیەدا لە ساڵی 2005 بەئەندامی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا و ساڵی 2010 كرایە ئەندامی لیژنەی باڵای رێكخستن لە مەكتەبی رێكخستن.

 143 جار بینراوە