سەرەکی » زانست » میسرییه‌ دێرینه‌كان تاتۆشیان كردووه‌

میسرییه‌ دێرینه‌كان تاتۆشیان كردووه‌

زانایانی شوێنه‌وارناسی میسریی به‌ هاوكاریی زانایانی مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیا له‌ میسر كۆنترین تاتۆی سه‌ر جه‌سته‌یان دۆزییه‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێنج هه‌زار ساڵ پێش ئێستا.
ئه‌و تاتۆیه‌ به‌جه‌سته‌ی ژن و پیاوێكی مۆمیاكراوه‌وه‌ بوه‌ كه‌ پێده‌چێت (5) هه‌زار ساڵ پێش ئێستا ژیابن، ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ش ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ كۆنیی نیگاركێشان و تاتۆكردن له‌ ئه‌فریقیادا و به‌ دوو هه‌زار ساڵیش له‌وه‌ كۆنتره‌ كه‌ پێشتر زانرا بوو.
زاناكان هه‌ندێك ئاماژه‌یان له‌سه‌ر باسكی پیاوه‌ مۆمیاكه‌ دۆزییه‌وه‌ و پێیان وابوو جێگه‌ی برینداریی بێت یان وه‌ك په‌ڵه‌ ده‌رده‌كه‌وت له‌ڕوناكییه‌كی سروشتیدا، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی زانایانی مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیی به‌تیشكی خواروو سوور ڕووپێویی مۆمیاكانیان كرد كتوپڕ بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وه‌ تاتۆیه‌ له‌سه‌ر باسكی ئه‌و پیاو و ژنه‌ مۆمیاكراوه‌ كوتراوه‌ .
هه‌ر ئه‌و تیشكه‌ ده‌ریخست ئه‌وه‌ی له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی باسكی پیاوه‌كه‌ كوتراوه‌ نه‌خشی جۆره‌ ئاژه‌ڵێكی شاخداری شێوه‌ گایه‌ و له‌سه‌ر به‌شی خواره‌وه‌ی شانی ڕاستی ژنه‌كه‌ش چوار شێوه‌ی وه‌ك پیتی (s)ی ئینگلیزیی كوتراوه‌، جگه‌ له‌ نیگارێكی دیكه‌ش كه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌ی ژنه‌كه‌وه‌ دیاره‌.
به‌پێی توێژینه‌وه‌كانی پێشتریش كه‌ له‌سه‌ر پیاوه‌ مۆمیاكراوه‌كه‌ كراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پیاوه‌كه‌ چه‌قۆ دراوه‌ له‌ پشتی و به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و له‌و كاته‌شدا ته‌مه‌نی له‌ نێوان (18) بۆ (21) ساڵیدا بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ناسنامه‌ی مۆمیاكراوه‌ ژنه‌كه‌ دیاریی نه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی تا ئێستا كراون پێده‌چێت پێگه‌یه‌كی باڵای هه‌بووبێت.
پێویسته‌ بوترێت، به‌ر له‌م مۆمیاكراوه‌ جه‌سته‌ تاتۆكراوانه‌ پێشتر كاری تاتۆكردن له‌سه‌ر پیاوێكی مۆمیاكراو دۆزرایه‌وه‌ كه‌ به‌پیاوی به‌فر ناسرابوو به‌ر له‌ 100 ساڵ پێش ئێستا دۆزرایه‌وه‌ و له‌و كاته‌وه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیا دانراوه‌ و ساڵانه‌ به‌سه‌دان كه‌س سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
ئه‌و پیاوه‌ مۆمیاكراوه‌ تاتۆ داره‌ پێده‌چێت 3 هه‌زار ساڵ پێش ئێستا ژیابێت و تاتۆكه‌شی بریتییه‌ له‌ چه‌ند شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی.
له‌مباره‌یه‌وه‌، (دانیاڵ ئه‌نتۆن)ئه‌مینداری به‌شی ئه‌نترۆپۆلۆژیی سروشت له‌ مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیا وتی» تا ئێستا ئه‌و پیاوه‌ مۆمیاكراوه‌ یه‌كێكه‌ له‌و نمایشكراوانه‌ی كه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆری هه‌یه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش زۆرتر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شێوه‌ی به‌ باشیی ماوه‌ته‌وه‌ و هێشتا سیمای زۆر نه‌فه‌وتاوه‌».

سه‌رچاوه‌: RT

print

 99 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*