سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ژنێکی گەنج بوو بە سەرۆکی کۆنترین پارتی ئەڵمانیا

ژنێکی گەنج بوو بە سەرۆکی کۆنترین پارتی ئەڵمانیا

ڕۆژی ٢٢ ی ئەم مانگە لەکۆنگرەیەکی ئاسایی پارتی سۆسیالدیموکراتی ئەڵمانیدا بۆ یەکەمین جار ژنێکی گەنج، خۆی بۆ سەرۆکی هەڵبژاردو ئەندامانیش بەزۆرینەی دەنگ و ڕێژەی ٦٦٪ متمانەی سەرکردایەتیکردنیان پێداو بو بە یەکەمین ژن لە مێژووی زیاتر لە سەدەو نیوێکی تەمەنی خەباتی سیاسی و ئیداری ئەو پارتەدا.

عەدالەتی کۆمەڵایەتی ئەولەویەتە
خاتوو»ئه‌ندریاس نالیس» تەمەنی ٤٧ ساڵە و ماوەی ٣٠ ساڵیشە ئەندامی پارتەکەیەتی، کەسێکی کاراو چالاکی پارتەکەیە، بوو بە شوێنگرەوەی «مارتن شولتز» کە ساڵی پار بۆ ماوەی شەش مانگ سەرۆکایەتی پارتەکەی کردو لە ئەنجامی سکستی سۆسیالدیموکرات SPD لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا کە لە ساڵی ١٩٣٣ ەوە کەمترین ئەنجامی هەڵبژاردن و کورسی پەرلەمانی هێنابوو، دەستی لەکارکێشایەوەو بەشێکی شکستی پارتەکەی خستە ئەستۆی خۆی و هەڤاڵەکانی، بۆیە پارتەکە لەوساوە ئامادەکاری بۆ سازدانی کۆنگرە و دیاریکردنی سەرۆکێکی تر کردوەو سەرەنجام ئەو پۆستە بە خاتو نالیس سپێردراو لەووتەیەکی دوای ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنەکە، سوپاسی هەموانی کردو پەیمانی پێدان کە کارو خەبات بکات بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا و زیاتر چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی کە خواستی زۆریەنەیە.

کرێی کاری زیادکردووە
ئەو ژنە پێشتر لەکابینەی ڕابردودا وەزیری کاربوەو، توانی دەستکەوتێکی مێژووی بۆ کرێکار و کاسبکاران بەدەستبێنێت بەوەی کرێی سەعاتی کاری زیاد کرد، گۆڕانکاری بەسەر یاسای خانەنشینیدا هێنا،لەوانە لەهەندێ باری تایبەتیدا تەمەنی خانەنشینی لەجیاتی ٧٠ ساڵی دەکرێتە ٦٣ ساڵی کە پیشتر وانەبو.
دوو ژن لەترۆپکی دەسەڵاتی وڵاتدان
بەمجۆرە خاتو نالیس و خاتو مێرکل ئێستا لە ترۆپکی دەسەڵاتی دوو پارتی هەرە گەورەی ئەڵمانیدان و ئەو دووپارتە لە زۆر لە خولەکانی رابردودا هاوپەیمانێتیان لەگەڵ یەک کردوەو ئێستاش بەیەکەوە لەناو یەک کابینەی حکومەتدان و هەمیشە ڕکابەری یەکترن،بەپێی زانیاری کەناڵەکانی میدیا ئەو دوو خاتونە هەرچەندە سەر بە دوو پارتی نەیاری یەکترن، بەڵام دۆستایەتی بەهێز لەنێوانیادا هەیە و میرکل ئەو ژنە بە سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتو دەزانێ و زۆر رێزی لێ دەگرێت.

دیموکراتی کریستیان پێیان ناخۆشە
لەسەرکەوتنی ئەو ژنە بۆ ئەو پۆستە و پیاهەڵدانی لەلایەن میدیاوە ژمارەیەک سەرکردەی پارتی دیموکراتی کریستیان کە نەیاری سۆاسیالدیموکراتن، تەنگەتاوبون و یەکێکیان لە پۆستێکدا نوسیویەتی: سیاسەتکردن بە هاوار هاوار وقیژەقیژ نییە بەڵکو بە زانیایی و لێهاتووی و بەهێزییە، ئەوەش مەبەستی لە خاتو نالیسە کە وتارەکانی لەبەردەم ڕای گشتی و میدیادا بەحەماس و بە دەنگی بەرز دادەدات.

ئەرکی دروستکردنەوەی یەکڕیزیە
ڕۆژنامەی «ئۆسنەبرۆکەنۆیە زایتۆنگ» لەبارەی ئەرکە گرنگەکانی ئەو ژنە دەنوسێت: ئەو خاتونە ئەرکی زۆر گەورەی لەبەردەمدایە لە پێشەوەیاندا ڕێکخستنەوەی ناوماڵی پارتەکەی کەبەهۆی ئەو شکستەی هەڵبژاردن توشی هاتوە،ئەو ئەرکەش ئەگەر ئەوانەی لەو کۆنگرەیە دەنگیان پێداوە پشتیوانی نەکەن ئەوا ناتوانێت سەرکەوتو بێت،دواتر بەرزکردنەوەی کێرڤی پارتەکەیە لە هەڵبژاردنی داهاتودا تا بتوانێت لەناو ئەڵمانیا هاوسەنگی لەبەرامبەر پارتەکەی مێرکل دروست بکات و ڕێگربێت لەبەردەم سەرکەوتنی پارتی جێگرەوەبۆ ئەڵمانیا AFD کە پارتێکی ڕاستڕەوی پۆپۆلیستە و لەم خولەی ئێستا ئەنجامی باشیان بۆ خۆیان هێناو بونەتە مەترسی لەسەر پارتە عەلمانی و پێشکەوتنخوازەکان.

پێگەی شیاو بۆ ژن
« نۆرەنبێرگە نیوز»یش لەسەر ئەوسەرکەوتنە گەورەیە دەنوسێت: ئەوە لە ئەڵمانیا یەکەم جار نییە ژن پێگەویەکی وای پێ بدرێت پێشتریش پۆستی واگرنگی پێدراوەو سەرکەوتنی باشیشیان تێدا وەدەست هێناوە،ڕۆژنامە ناوخۆییەکەی نۆرەنبێرگ پێی وایە، هاوشێوەی مێرکل ئەو خاتونەش دەبێتە ژمارەیەکی مەزن لە سیاسەتکردن و ئیدارەدانی وڵات و نمونەی ژنێکی کارا و بەهێز لەناوخۆ و دەرەوەدا.
گۆڕانکاری دروست دەکات
بەگشتی میدیا و رای گشتی و نێوەندی سیاسی ئەو هەنگاوەی پارتی سۆسیالدیموکرات بە دیاریکردنی ژنێکی گەنج بە سەرۆکی پارتەکە، بە باش دەزانن و پێیان وایە گۆڕانکاری باش لە سیاسەتی پارتەکە دروست دەکات.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*