سەرەکی » زانست » مۆسكۆ : دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌وارێكی دێرین به‌ ڕێكه‌وت

مۆسكۆ : دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌وارێكی دێرین به‌ ڕێكه‌وت

زانایانی شوێنه‌وار ناسی ڕوسیا دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌وارێكی دێرینیان له‌پایته‌ختی وڵاته‌كه‌یان ڕاگه‌یاند كه‌ ته‌مه‌نه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی شانزه‌ ی زایینی.
ئه‌و زانایانه‌ ئاشكرایانكردووه‌، دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كه‌ به‌ ڕێكه‌وت بووه‌ له‌گۆڕه‌پانی ئاڵووێری دراو بووه‌ كاتێك له‌و ناوچه‌یه‌ سه‌رقاڵی نۆژه‌نكردنه‌وه‌و ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ بوون.
له‌مباره‌یه‌وه‌ (لیكساندرا ستینكۆڤا) به‌رپرس له‌یه‌كێك له‌ پرۆژه‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان‌و شوێنه‌واره‌كان له‌ مۆسكۆ وتی» له‌كاتێكدا سه‌رقاڵی كاری هه‌ڵكه‌ندن‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ بووین له‌گۆڕه‌پانی ئاڵووێری دراو له‌ناوه‌ندی مۆسكۆی پایته‌خت، دیواره‌كانی په‌رستگه‌یه‌كمان دۆزییه‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌تی قه‌یسه‌ریی و به‌ دروستیش سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌می زاینیی».
ستینكوڤا وتیشی « ئه‌و پارچانه‌ی تا ئێستا دۆزراونه‌ته‌وه‌ بریتیین له‌ده‌فری گڵێنه‌‌و كه‌لوپه‌لی ناو ماڵ‌و چه‌ند پارچه‌ پاره‌یه‌كی كانزایی و خاچ و پاره‌ی مس و چه‌ند جۆره‌ چه‌كێك كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌كار هاتوون، له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌شی كه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ ئه‌و شه‌تره‌نجه‌ سه‌رنجی شوێنه‌وارناسانی ڕاكێشاوه‌ كه‌ له‌ ئێسكی شاخی گا دروستكراوه‌».
ستینكوڤا له‌قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ به‌ پێی ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌وارانه‌‌و به‌ها مادییه‌ زۆره‌كه‌یان بێت كه‌ تا ئێستا دۆزیوومانه‌ته‌وه‌، ئه‌وا وا دیاره‌ دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ژیانێكی خۆشییان هه‌بووه‌ و خۆشگوزه‌ران بوون به‌ تایبه‌ت له‌ ماوه‌كانی نێوان سه‌ده‌ی 14 و سه‌ده‌ی 16دا «.
پسپۆڕانی شوێنه‌وارناسیی سه‌ر به‌ده‌سته‌ی كه‌لتوری له‌شاری مۆسكۆ ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ هه‌ڵكه‌ندن له‌و گۆڕه‌پانه‌ له‌ ڕووبه‌رێكدا كراوه‌ كه‌ ده‌گاته‌ 200 مه‌تر دووجا، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌وار له‌و ناوچه‌یه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ به‌خشینی تێڕوانینێك له‌ مێژووی شارستانیی و كولتووریی مۆسكۆ له‌و سه‌رده‌مانه‌دا.
هاوكاتیش پسپۆڕه‌كان جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ شوێنه‌وار و ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كان كه‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌ به‌ باشیی پارێزگارییان لێبكرێت چونكه‌ ئه‌وه‌ مێژووی پێشینه‌كان و نه‌وه‌كانی داهاتووی میلله‌تێكن.
سه‌رچاوه‌: نوفوستی

 643 جار بینراوە