سەرەکی » وەرزش » وه‌رزێكی جیاواز و پڕ له‌ ركابه‌ری و ململانێـی تۆپی پێ له‌ كۆتایی نزیك بۆته‌وه‌پەڕە 2

وه‌رزێكی جیاواز و پڕ له‌ ركابه‌ری و ململانێـی تۆپی پێ له‌ كۆتایی نزیك بۆته‌وه‌

راپۆرت: یادگار ساڵح

دوای ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ركابه‌ری و ململانێ، چالاكییه‌كانی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان له‌كۆتایی نزیك ده‌بێته‌وه‌، هه‌ردوو خولی نایاب و پله‌یه‌ك گه‌یشتنه‌ دوا وێستگه‌، یانه‌كانی شاری دهۆك-یش باڵاده‌ستی خۆیان به‌سه‌ر خوله‌كاندا سه‌پاند، بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌مێژووی یه‌كێتییه‌كه‌دا به‌ر له‌كۆتایی واده‌ی خۆی وه‌رزی داهاتووی خولی نایابیش دیاریكرا.

خولی نایاب له‌دوا ساتدا یه‌كلایی بووه‌وه‌
قه‌یرانی دارایی كاریگه‌رییه‌كی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر خوله‌كانی كوردستان هه‌بوو، ئیفیلیجی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی وه‌رزشدا دروستكرد، لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستانیش به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ناتوانێت كاره‌كانی به‌رێوه‌ ببات، سه‌رجه‌م یه‌كێتییه‌ وه‌رزشییه‌كان جگه‌ له‌تۆپی پێ، كاره‌كانیان وه‌ستاوه‌، له‌م وه‌رزه‌ی ركابه‌رییه‌كاندا یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان به‌پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی ده‌ستپێكرد، تا ئێستا چه‌ندین خول به‌رێوه‌چوون، له‌هه‌فته‌ی رابردووشدا كۆتایی به‌دوو خول هات، سه‌ره‌تا یارییه‌كانی هه‌فته‌ی كۆتایی خولی نایاب به‌رێوه‌چوون، كه‌ تا دوا فیكه‌ی ناوبژیوانه‌كان پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ ده‌رنه‌كه‌وت، بۆ جاری چواره‌میش یانه‌ی زێره‌ڤانی نازناوی پاڵه‌وانی ده‌سته‌به‌ركرد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر تۆماركرد.
هه‌رچی یانه‌ی برایه‌تی-شه‌ یه‌كێك بوو له‌ ركابه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی نازناوه‌كه‌، به‌ڵام به‌رامبه‌ر نه‌ورۆز دۆڕاو پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مه‌ش ته‌واوی ئه‌نجامی یارییه‌كانی هه‌فته‌ی كۆتایی خوله‌كه‌یه‌:
*زێره‌ڤانی×پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ( 4-1).
*نه‌ورۆز×برایه‌تی (1-0).
*ئارارات×هه‌ولێر (0-0).
*شێروانه‌×هه‌ندرێن (2-1).
ریزبه‌ندی خولی نایابیش له‌كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌شێوه‌یه‌ی لێهات که‌ له‌ خشته‌که‌دا دیاریی کراوه‌وه‌ له‌ سایتی یه‌کێتیی تۆپی پێی کوردستانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌.

یارییه‌كان فرۆشران؟
دیاره‌ ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كانی كوردستان به‌بێ كێشه‌و ره‌خنه‌و گله‌یی نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش دوای چه‌ند ئه‌نجامێكی چاوه‌رواننه‌كراو، سه‌ره‌تا ئیداره‌‌و هانده‌رانی یانه‌ی كۆیه‌ له‌خولی پله‌یه‌ك، پێیان وابوو یاریی به‌ئه‌نجامی یاریی (دهۆك×ئاكرێ) كراوه‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ له‌گه‌یشتن به‌ خولی نایاب و ركابه‌رییه‌كانی قۆناغی كۆتایی دووركه‌وتونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌لمێنه‌ر و به‌رجه‌سته‌ی نه‌بووه‌و ته‌نیا قسه‌ بوون.
هه‌روه‌ها له‌خولی نایابدشدا ئه‌و ره‌خنه‌و ده‌نگۆیانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر ره‌نگیاندایه‌وه‌، یانه‌ی برایه‌تی گله‌یی و ره‌خنه‌ی له‌ئه‌نجامی یاری (هه‌ولێر × زێره‌ڤانی) هه‌بوو، پێیوابوو به‌سودی یانه‌ی زێره‌ڤانی گه‌مه‌ به‌ئه‌نجامی یارییه‌که‌ كراوه‌، بۆیه‌ داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ گومان له‌یاریی (برایه‌تی× هه‌ندرێن) -یش هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌خنه‌و ده‌نگۆیانه‌ش هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌ له‌به‌رده‌ست نه‌بوون تا راستی ئه‌و گه‌مه‌ کردنه‌ به‌ئه‌نجامی یارییه‌کان بسه‌لمێنێت.

مه‌راسیمی خه‌ڵاتكردن و دابه‌زینی تیپه‌كان؟
به‌هۆی قورسی ركابه‌رییه‌كانی خولی نایاب كه‌ تا دوا فیكه‌ی ناوبژیوان پاڵه‌وان ده‌رنه‌كه‌وت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌توانرا له‌ کاتی خۆیدا خه‌ڵاته‌کانی خوله‌که‌ دابه‌ش بکرێت،بۆیه‌ یه‌كێتی ناوبراو بریاریدا له‌مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا، جام و میدال و خه‌ڵات به‌تیپی پاڵه‌وان كه‌ یانه‌ی زێره‌ڤانی-یه‌ بدات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بۆ سپونسه‌ری دابینكردنی خه‌ڵاته‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك گفتوگۆی ده‌ستپێکرد، به‌ڵام نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و ته‌نیا جام و میدالیش به‌پاڵه‌وان ده‌درێت، سه‌عات 10ی شه‌وی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتووش بۆ دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كان دیاریكراوه‌، واش بڕیاربوو له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابه‌وه‌ یه‌ك یانه‌ بۆ خولی پله‌یه‌ك داببه‌زێندرێت، به‌ڵام هیچ یانه‌یه‌ك دانابه‌زێندرێت.

گۆڵكه‌رانی نایاب
1-تیاگۆ ئاماراڵ- زێره‌ڤانی (12) گۆڵ.
2-ئامانج ئه‌كره‌م-هه‌ندرێن (7) گۆڵ.
3-ئه‌یوب ئه‌یاد-زێره‌ڤانی (5) گۆڵ.
4-عه‌لی عه‌زیز –ئارارات (5) گۆڵ.
5-ئیمانوێل ئیفوا –ئارارات (5) گۆڵ.

مێژووی خولی نایاب
خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی كوردستان، له‌ساڵی 2006ه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تاسه‌ری به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌یه‌كه‌م وه‌رزدا تیپی 32 یانه‌ به‌شداربوون، ئه‌مه‌ش زیاتر وه‌ك پاڵاوتن بوو بۆ دیاریكردنی 16 تیپ بۆ خوله‌که‌‌، له‌م وه‌رزه‌شدا هۆكاری به‌شداریكردنی 9 یانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ یانه‌كانی شاری كه‌ركوك به‌هۆی بارودۆخی شاره‌كه‌یانه‌وه‌ له‌خوله‌كه‌دا به‌شدار نه‌بوون، یه‌كێتی تۆپی پێی کوردستانیش بریاریدا بۆ وه‌رزی داهاتووش له‌خوله‌كه‌ بمێننه‌وه‌و دانه‌به‌زێنرێن،‌ یانه‌ی سیروانی نوێش به‌بیانوی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ پاشه‌كشێی له‌خوله‌كه‌ كرد، ئه‌مه‌ش پاڵه‌وانانی سه‌رجه‌م خوله‌كانه‌:
*(2006-2007: دهۆك.
*(2007-2008): بروسك.
*(2008-2009): بروسك.
*(2009-2010): هه‌ولێر.
*(2010-2011): هه‌ندرێن.
*(2011-2012): هه‌ولێر.
*(2012-2013): زێره‌ڤانی.
*(2013-2014): زێره‌ڤانی.
*(2014-2015): زێره‌ڤانی.
*(2015-2016): یانه‌ی هه‌ولێر.
*2016-2017):پ. هه‌ولێر.
*(2017-2018): زێره‌ڤانی.

دهۆك پاڵه‌وانی خولی پله‌یه‌كه‌
هه‌ر له‌هه‌فته‌ی رابردووداو به‌دیاریكراوی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 31/5/2018، یاریگای ده‌ربه‌ندیخان یاری كۆتایی خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی كوردستانی له‌خۆگرت.
یارییه‌كه‌ له‌نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ئاكرێ و دهۆكدا به‌رێوه‌چوو، له‌كاتی یاسایدا یارییه‌كه‌ به‌بێ گۆڵ ته‌واو بوو، دواتر بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ په‌نا برایه‌ لێدانی پێنج په‌نالتی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌، له‌ ئه‌نجامیشدا یانه‌ی دهۆك(4-3) یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌و بووبه‌ پاڵه‌وانی خولی پله‌یه‌ك.
له‌م خوله‌دا 13 یانه‌ به‌شدار بوون، به سیستمی دابه‌شکردنی ناوچه‌ی جوگرافی به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شكران، هۆكاری ئه‌نجامدانی یاری كۆتایش له‌ده‌ربه‌ندیخان بۆ بوونی هانده‌رێكی جوان و وه‌رزشی و پر له‌جۆش و خرۆش ده‌گه‌رێته‌وه‌، كه‌ سیمایه‌كی جوانیان به‌یارییه‌كانی خوله‌كه‌و یاریگاكه‌یان به‌خشیبوو.

چوار یانه‌ بۆ خولی نایاب
هه‌رچه‌نده‌ به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی وه‌رزی 2017-2018ی خولی پله‌یه‌ك بریاردرا سێ یانه‌ بۆ خولی نایاب سه‌ربخرێن، به‌ڵام دواتر بریاره‌كه‌ گۆراو كرا به‌ دوو یانه‌، له‌دوا بڕیاریشیدا یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان جارێكی تر بریاره‌كه‌ی گۆری و هه‌ر چوار یانه‌ی سه‌ركه‌وتوو بۆ قۆناغی چوار گۆشه‌ی زێرین (دهۆك ، ئاكرێ، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، ده‌ربه‌ندیخان)ی بۆ خولی نایاب سه‌رخست.

سیمای یاریگاكان له‌م وه‌رزه‌دا جیاوازتر بوو
له‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌ت خولی پله‌یه‌ك سیمای یاریگاكان جیاوازتر بوو به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ وه‌رزه‌كانی پێشوو، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی بوونی هانده‌رێكی زۆری وه‌رزشی وه‌رزشدۆست، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یاری یانه‌یه‌ك له‌یاریگای خۆشی نه‌بوایه‌ ئه‌وا هانده‌ران له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌یان گه‌شتیان ده‌كرد ده‌بوونه‌ یاریزانی ژماره‌ 12 و پاڵپشتییه‌كی به‌هێزی یانه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند جارێك و چه‌ند هانده‌رێكی كه‌م كه‌ له‌په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕیان نه‌ده‌کرد، له‌نێو یاریگا پشێویان دروست ده‌كرد، به‌ڵام نه‌یانتوانی سیما جوانه‌كه‌ی یاریگاكان بشێوێنن.

باشترینه‌كان
به‌ر له‌كۆتایی خولی پله‌یه‌ك، یه‌كێتی ناوبراو باشترینه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌ی دیاریكرد، دوای ئه‌وه‌ی فۆرمی سه‌رپه‌رشتیارانی راگه‌یاندنی یارییه‌كان، له‌گه‌ڵ ده‌نگی راهێنه‌ران و كاپتنی یانه‌كان بووبه‌‌ پێوه‌ری دیاریكردنه‌كه‌یان، باشترینه‌كانیش ئه‌مانه‌ن
*باشترین یاریزان: نێچیرڤان شوكری-یانه‌ی دهۆك (12) ده‌نگ.
*باشترین گۆڵچی؛ فكری شێخ سه‌عید-یانه‌ی هه‌ڵۆ (14) ده‌نگ.

پله‌دووش له‌كۆتایی نزیكه‌
یه‌كێكی تر له‌خوله‌كانی كوردستان كه‌ له‌كۆتایی نزیك بۆته‌وه‌، خولی پله‌دووی تۆپی پێی یانه‌كانی كوردستانه‌، رۆژی هه‌ینی رابردووش یارییه‌كانی قۆناغی كۆتایی كران و ئه‌نجامه‌كانیان به‌مشێوه‌یه‌ بوون:
*رزگاری×شێخان (2-0).
*ئاسۆ×خانه‌قین (1-1)، له‌لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ئاسۆ (5-4) یارییه‌كه‌ی به‌سودی خۆی ته‌واو كرد.
دوای ئه‌نجامی هه‌ردوو یارییه‌كه‌ش هه‌ردوو یانه‌ی رزگاری و ئاسۆ، له‌یاریگای رزگاری یاری كۆتایی خولی پله‌ دوو ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌رێوه‌چوونی یارییه‌که‌ش خراوه‌ته‌ دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز، هه‌ر چوار یانه‌ی (ئاسۆ، رزگاری، خانه‌قین و شێخان)-یش بۆ خولی پله‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوون.

 33 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*