سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ی كانه‌بی گوتارێكی دره‌نگوه‌خت، بۆچی كانه‌بی؟

ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ی كانه‌بی گوتارێكی دره‌نگوه‌خت، بۆچی كانه‌بی؟

فاروق هۆمەر

فاروق هۆمه‌ر یه‌كێكه‌ له‌ چیرۆكنووسه‌ دیاره‌كانی نه‌وه‌ی نه‌وه‌ده‌كان، به‌ شێوه‌یه‌كی راستگۆیانه‌ و به‌ زمانێكی شیرین له‌ زنجیره‌ وتارێكدا ئه‌زموونی چیرۆكنووسینی خۆی و چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانی سه‌ره‌تای چیرۆكنووسینی ده‌گێڕێته‌وه‌، دوای مۆڵه‌ت لێوه‌رگرتنی به‌ سوپاسه‌وه‌ پێمان باشبوو له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش بڵاوی بكه‌ینه‌وه‌.

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

1-سه‌ره‌تایێك

ناچارم بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كانه‌بی بدوێم، هه‌نگاوێك بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ دواوه‌ بۆ ڕابردووی خۆم و له‌و سه‌ره‌تایه‌ بڕوانمه‌وه‌ كه‌ وه‌كو چیرۆكنووسێك له‌ ناوڕاستی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ و كتومت له‌و شوێنه‌وه‌ كه‌ چیرۆكه‌كانی ناو سه‌رگه‌ردانییه‌كانی پیاوێكم ده‌نووسی و بڵاوده‌كرده‌وه‌، پێمباشه‌ كه‌مێك لێره‌دا ڕابوه‌ستم. ڕاسته‌ من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری چیرۆكی جیهانی ده‌ستم به‌نووسینكرد و نه‌مده‌زانی بۆ سه‌رسامیم لێره‌دا بۆ خوڵقا. ڕۆژگارێكی ویست من ئه‌و نهێنییانه‌ بدۆزمه‌وه‌. ئه‌و ده‌میش بێ له‌ حوسێن عارف له‌ناو چیرۆكی كوردیدا كه‌سێكی دیم شك پێنه‌ده‌برد، كه‌ بتوانێ پشتگیرییم بكات. لای حوسێن عارفیش، به‌تایبه‌تی چیرۆكی گه‌له‌ گورك. له‌و چیرۆكه‌دا ڕووداو و كاره‌كته‌ر و گرێ و له‌ناو هه‌مووشیاندا كات كه‌ له‌ پنتێكه‌وه‌ به‌ره‌و پنتێكی دی زۆر به‌ هێواشی ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌ و ڕاوه‌ستانی بۆ نییه‌ و چركه‌ به‌ چركه‌ له‌ناو ترس و ڕاچڵه‌كین هه‌ناسه‌م ده‌دا. یه‌كێك له‌و تێبینییانه‌ی ئه‌و ساته‌شم شوێنی ئه‌و ڕووداوه‌ بوو كه‌ چیرۆكه‌كه‌ی حوسێن عارفی لێ ڕووده‌دا. ده‌مپرسی ئه‌و كابرایه‌ بۆ له‌و ئاوه‌دانییه‌ی دونیا دوور كه‌وتۆته‌وه‌ و جێگه‌یێكی چه‌په‌كی هه‌ڵبژاردووه‌. من ئه‌و كات نه‌مده‌زانی ئه‌و بنچینانه‌ چین كه‌ چیرۆكێكی تیا دروستده‌بێت، به‌ڵام ده‌مزانی له‌ناو چیرۆكا ده‌بێ گرفتاری و میحنه‌ته‌كانی ئینسانی تیا بێت. ئینسانێك كتومت ده‌بێ ده‌ست بنێیته‌ سه‌ر سنگی و له‌ژێر ده‌ستا دڵی به‌ گه‌رمی لێبدات. تاقه‌ جێگه‌یێك كه‌ هۆشی منی به‌خۆیه‌وه‌ به‌ستبۆوه‌ دایك و باوكم و په‌یوه‌ندییه‌كانی ناو خێزان بوو. من هیچ كه‌سێكم هێنده‌ی خۆم و خێزانه‌كه‌م پێنه‌ده‌ناسی. دایك و باوكم و خودی خۆم ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سێینه‌یه‌ بوو كه‌ من لێوه‌ی ده‌ستم پێكرد. ئێستا ده‌زانم من ئه‌گه‌ر له‌وانه‌وه‌ ده‌ستم پێنه‌كردایه‌ هه‌رگیز بۆم نه‌ده‌كرا سه‌ره‌تاییه‌كی پته‌و بۆ چیرۆكه‌كانم دابمه‌زرێنم. ده‌بوو له‌سه‌ر كه‌سانێك قسه‌م بكردایه‌ كه‌ هێشتا مێشكی من بۆ ئه‌وان كاڵ و ساده‌ بوو. ئه‌وه‌ی لێره‌دا من ده‌مه‌وێ سه‌رنجی ئێوه‌ی بۆ ڕابكێشم ده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانمه‌. من له‌جێی ئه‌وه‌ی وه‌كو قۆناخی سه‌ره‌تای چیرۆكنووسین ته‌ماشا بكرێم كتوپڕ كه‌وتمه‌ به‌رده‌م ته‌وژمێكی خێرای دونیای ڕاگه‌یاندن. ئه‌و دونیایه‌ی هیچ كۆمه‌كێكت پێناكات و خێرا ده‌ستت ده‌گرێ و بۆ ناو ناوه‌ندێكی دڵڕه‌قت په‌لكێشده‌كات. له‌ ده‌ره‌وه‌ شێرزاد حه‌سه‌ن و محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن و كه‌سانێكی دی لێن كه‌ وه‌كو گورگ له‌وێدا ڕاوه‌ستاون و به‌چاوێكی سه‌یره‌وه‌ ته‌ماشات ده‌كه‌ن. به‌بیرم دێته‌وه‌ شێرزاد حه‌سه‌ن چیرۆكه‌كانی ده‌خوێنمه‌وه‌ و تاقه‌ وانه‌یێكی له‌ چیرۆك فێرنه‌كردم. محه‌مه‌د فه‌ریق حه‌سه‌ن هه‌موو گرفتی ئه‌و بۆ چیرۆك پیتی <ووشه‌> به‌ دوو <وو> نانوسرێ به‌ یه‌ك <و> ده‌نوسرێ. ئه‌و پیته‌ له‌وێدا هه‌ڵه‌یه‌ و جارجارێكیش به‌ چاوێك ده‌یه‌وێ پێت بڵێ <>كه‌ره‌ تۆچیت چیرۆك ده‌نووسیت>> من نامه‌وێت یه‌ك یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ و ئه‌و قۆناخه‌ هه‌سته‌وه‌ره‌ ڕابوه‌ستم، به‌ڵام ڕووداوێك كه‌ هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه‌ ڕه‌وف حه‌سه‌نه‌، ئه‌و له‌و ڕۆژگاره‌دا زۆر خراپ ترساندمی و له‌ شوێنێك ڕایوه‌ستاندم و زۆر به‌ تووڕه‌یی پێیگووتم تۆ جاسوسی. من ئێستاش له‌و پیاوه‌ زله‌ ڕاماوم كه‌ چه‌ند گرێیه‌ك له‌سه‌روو منه‌وه‌ به‌رزبووبۆوه‌ و به‌ دوو قه‌فی سمێلی سپییه‌وه‌ هه‌ردوو چاوی لێ ده‌رپه‌ڕاندبووم. ئێستاشی پێوه‌ بێت من نه‌مزانی ڕه‌وف باسی چی ده‌كات، ته‌نیا ئه‌وه‌م له‌بیرماوه‌ ده‌یگووت>> تۆ به‌شوێن مندا ده‌گه‌ڕێیت و ڕاپۆرتم لێده‌ده‌یت>>
ئایا لێره‌دا كه‌سێك چۆن فێری چیرۆكنووسین و ئه‌و هونه‌ره‌ گرنگه‌ ببێ. ئه‌و دونیا بچووكه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ بچكۆلانه‌ی ده‌وروبه‌رت، ئه‌وانه‌ن كه‌ مامۆستا و هاوڕێ و ڕێنیشانده‌ری هه‌قیقی بن. گرفتێكی دی ئه‌و نێوانه‌ بوو كه‌ گه‌نجی كورد له‌نێوان هه‌ژموونی یه‌كێتی و پارتی و دوو ڕاگه‌یاندنی زه‌به‌لاح دا دێته‌ ده‌ره‌وه‌. یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك نووسه‌رانی بچكۆله‌ی ده‌كرده‌ نووسه‌ری گه‌وره‌ و داهێنه‌ر و به‌توانا و پارتیش له‌ولاوه‌ نووسه‌رانێكی تر. هیچ شتێك نه‌بوو بزانێ ئه‌و نووسه‌ره‌ گه‌وره‌ و داهێنه‌ر و به‌توانایانه‌ی ئێره‌ و ئه‌وێ چی له‌ یه‌كیان جیا ده‌كاته‌وه‌. ڕێكه‌وت وابوو به‌و پێیه‌ی من له‌ سلێمانیدا ده‌ژیام منیش وه‌كو گه‌نجێك بكه‌ومه‌ ناو ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌توانایانه‌ی سلێمانییه‌وه‌.

2-من نووسه‌رێكی به‌توانا نیم:
ئایا من چیرۆكنووسم، له‌وه‌ش ڕوونتر ئایا من چیرۆكنووسێكی به‌توانام. كاتێك له‌و نهێنییه‌ تێگه‌یشتم من كوردستانم به‌جێهێشتبوو. من خراپ ڕه‌نجابووم. له‌و دیوو سنووره‌كانی كوردستانه‌وه‌ ته‌نیا و خه‌مگین له‌ خۆمم ده‌ڕوانی، وه‌كو سه‌گێكی گه‌ڕ له‌و تاقه‌ كتێبه‌ی خۆم خورد ده‌بوومه‌وه‌ كه‌ زۆر به‌ساده‌یی سه‌نته‌ری میدیا پێنج سه‌د دانه‌یه‌كیان بۆ چاپكردبووم. جارێكی دی چیرۆكه‌كانم خوێندنه‌وه‌ و خۆم به‌و پیاوه‌ سه‌رگه‌ردانه‌ ده‌بینی كه‌ له‌ناو ئه‌و كتێبه‌دا كه‌وتووه‌. ئایا له‌ دونیای ئێمه‌دا پیاو هه‌یه‌؟ پیاوێك به‌ناو منداڵییه‌كی سروشتیا تێپه‌ڕی بێ و هه‌نگاو هه‌نگاو له‌ناو وزه‌ و ویست و خه‌ونه‌كانی خۆیه‌وه‌ بوو بێ به‌ پیاو. یاوه‌خوود جه‌سته‌یێكی كوژراوی ڕووتكراوه‌ و چۆڕاوه‌ له‌ هه‌ستوسۆز و بۆچوون و بیركردنه‌وه‌. بۆ تاقه‌ جارێكیش كه‌س گوێی لێنه‌گرتووم. ئایا هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ شتێك هه‌یه‌ من بیڵێم. ئه‌و هه‌موو ڕاكه‌ ڕاكه‌ چی بوو. ئاوڕێكم ده‌دایه‌وه‌ و ده‌مویست یه‌ك یه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ بهێنمه‌وه‌ به‌رچاوی خۆم كه‌ له‌وێ بوون، هه‌موو ئه‌و چیرۆكنووسه‌ داهێنه‌ر و شاعیره‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ كه‌سێك له‌سه‌روو خۆیانه‌وه‌ نابینن. من كێم له‌ پشته‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی فێربم ته‌ماشای كامیان بكه‌م. زۆر به‌ قووڵی تێگه‌یشتم من ئه‌گه‌ر بمه‌وێ ده‌توانم ببم به‌ چیرۆكنووس. به‌ڵام من ئێستا نووسه‌رێكی به‌توانانیم. نووسه‌رێكی ته‌ڕه‌ماشیش نیم. بۆ ئه‌وه‌ی ببم به‌ نووسه‌ر ده‌بێ خۆم بكوژم. هه‌موو ئه‌و پۆخڵه‌واته‌ له‌ خۆم بهێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ له‌وێ خستویانه‌ته‌ مێشكمه‌وه‌. حیزب ماكینه‌یێك بوو بۆ خراپكردنی ئینسان. من لێره‌ ته‌نیام، به‌ڵام به‌جۆرێك بریندارم كه‌ برینه‌كانم باشترین جێگه‌یێكن كه‌ ده‌كرێ لێیان بكۆڵمه‌وه‌ و بیانكه‌م به‌سه‌ره‌تایێك بۆ پێگه‌یشتنی خۆم. ده‌بێ به‌ چه‌قۆیێكی قه‌سابی كوت كوت ئه‌و ده‌رد و ئازارانه‌ ببڕمه‌وه‌. فاروقێك بهێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تا له‌ دایكبووه‌ و ئه‌و سی ساڵه‌ كه‌ ژیاوم له‌ ته‌مه‌نی خۆم بسڕمه‌وه‌. هه‌ر واشم كرد. ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌ ساڵی له‌ ژیانم برد. ده‌ ساڵ ته‌نیا لێووردبوونه‌وه‌ له‌ جیهان. ده‌ ساڵ ته‌نیا خوێندنه‌وه‌ و خۆ ڕێكخستنه‌وه‌. من جارێكی دی وه‌كو ئه‌و فاروقه‌ كارم نه‌كرد كه‌ له‌ كوردستان ده‌ژیام. هه‌موو ئه‌و چیرۆكانه‌ش كه‌ له‌وێ هێنابوومن دواكه‌وتن. تێگه‌یشتم هیچ كات چیرۆك دره‌نگ و زوویی بۆ نییه‌. چیرۆك له‌ناو ئینساندا ده‌ژی و هه‌ر كاتێك بته‌وێ ده‌توانی بیاننووسیت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*