سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » گه‌په‌ تاڵه‌كانپەڕە 27

گه‌په‌ تاڵه‌كان

گاڵتە و گەپ بەشێکە لە تام و چێژی ئاخاوتن و کوێستانی فێنک کردنەوەی دڵە، بەڵام ئەگەر لە سنووری خۆی دەرنەچێ، واتە نەگاتە ئاستی بریندارکردن یان بێ ڕێزیکردن بە بەرامبەره‌كه‌ت.
له‌ سۆسیال میدیای كوردیدا رۆژانە ژماره‌یه‌كی زۆر ڤیدیۆ بڵاودەکرێنەوە، بەناوی گاڵتەوگەپ لەگەڵ کەسە رۆح سووکەکانی کۆمەڵ و ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن یا لەبەر هەرهۆیەک بێ دەروونیان ماندووە و( هه‌ندێكمان لە به‌د حاڵی بوونمانه‌وه‌ ناومان ناون شێت).
خانمێکی بێژەر بە پێنج شەش نەشتەرگەریی جوانكاریی ئینجا خۆی والێکردووە بێتە بەرچاوی خەڵک و گاڵتەش بە پیاوێکی رۆحسووک دەکا، ئەو بە شێت و خۆشی پرۆفیسۆر دەزانێ!
بەشێکی گەنجەکانمان فێربوون ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی باری ده‌رونیان ماندووه‌ سەرخۆش دەکەن و ڤیدیۆیان لێ بڵاودەکەنەوە بێ ئەوەی رەچاوی دۆخی ده‌رونی كه‌سه‌كه‌ و کاردانەوەی کەسوکاریان بکەن.
لە ئەکاونت و پەیجی تایبەت گالتەیان پێ دەکەن.
له‌ ڤیدیۆیه‌ك دا ژنێکی شۆفێر لە سه‌ر شه‌قام بە خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێ: (منت ناوێ؟ ئاخر سەیارەشم هەیە، بە سەیارەوە منت ناوێ؟) ئاخر به‌ ورد بوونه‌وه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ مرۆڤ پرسیارێكی له‌لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێ كه‌ كامانه‌ن ده‌رون ژاكاو و ماندووه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ ڤیدیۆكاندا گه‌پیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، یان ئه‌وانه‌ی گه‌پ به‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن و ڤیدیۆكان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌!
ئەرستۆ و ئەفلاتون لە ئێمە بوان دەمێک بوو ناویان (ئەرە شێت) و (ئه‌فە گێل) بوو! هێشتا فێرنەبووین ناوی مناڵەکانیشمان بەتەواوی بێنین، هەریەکەی پێشگر یا پاشگرێکی کەمی لەگەڵ بەکاردێنین، بە کەم بانگی خەڵک دەکەین و خۆشمان لەهەموو کەس زاناتر و بەڕێزتر و راستتر دەزانین!
من هەمیشە لە شەقامەکانی ئێرە (بریتانیا) بەچاوی مەبەست سەیری خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەم، بزانم هەرگیز هەوڵی سووکایەتیکردن بەکەس دەدەن یا کەس ئەوە دەکا بەرامبەریان، تا ئێستا ئەوەی ئێمە لە وڵاتی خۆمان پێی دەڵێین (شێت)نەمدیوە، لەبەرئەوە نییە کە کەس دەروونی ماندوونیە، بە پێچەوانەوە، بەهۆی تەنیایی و نەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز و زۆر هۆی تر، خەڵکی ئەوروپا دەروونی ماندووترە و زیاتر هەست بە بێتاقەتی ئەکەن بەڵام تاکی ئەوروپی گاڵتە بە هەست و دەروون و پیرۆزیەکانی یەکترناکەن، بە شێت بانگی یەکتر ناکەن، ناهێڵن کەس بکەوێتە شەقام بەناوی شێت، هەموو دام و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیگرنەخۆ بۆ چارەسەرکردنیان.
لای خۆمان خاوەن پێداویستی تایبەت و بێ نەوا لە مزگەوتیش جێگای ناکەنەوە چ جای لە نەخۆشخانە و دام و دەزگا بەرپرسەکان. كه‌واته‌ زۆڵه‌مان هه‌ر ئه‌وانه‌ نین كه‌ له‌ سۆسیال میدیا و ڤیدیۆكانه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێن، داڵده‌ نه‌دان و چاره‌سه‌ر نه‌كردنیشان خه‌مێكی دیكه‌ و بارێكی گرانی سه‌ر شانی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌یه‌. ده‌با به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ و چیتر نه‌بینه‌ مایه‌ی ئازار و ژاكاندنی زیاتری باری ده‌روونی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ و ئازاردان و بریندار كردنی كه‌سوكاره‌كه‌یان. یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌شداریمان له‌ سنوور دانان بۆ ئه‌و جۆره‌ حاڵه‌ته‌ ده‌كرێت هه‌ڵمه‌تێكی ده‌سته‌ جه‌معی بێت بۆ سه‌ركۆنه‌ كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی دیمانه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌رون نا ئارام ده‌كه‌ن یان ڤیدیۆكانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ر هیچ نه‌بێ با كاردانه‌وه‌مان به‌رامبه‌ر ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ ئایكۆنی توڕه‌یی بێت و كۆمێنته‌كانمان سه‌ركۆنه‌ كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ بێت كه‌ ڤیدیۆی له‌و جۆره‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.

 460 جار بینراوە