سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » سەرباری ناڕەزاییە نێودەوڵەتییەکان، کوشتو بڕی هاوڵاتییان بەردەوامە

(ئۆرتێگای) نیکاراگوا بەرەو کوێ دەبات؟

سەرباری ناڕەزاییە نێودەوڵەتییەکان، کوشتو بڕی هاوڵاتییان بەردەوامە

نیکاراگوا وڵاتێکە لە کیشوەری ئەمەریکای لاتین ، پایتەختەکەی «ماناگوایە» لە ڕوی ڕووبەرەوە گەورەترین وڵاتی ئەمریکای ناوەراستە، ئەو وڵاتە بە حیساب کۆمارێکی دیموکراتی پەرلەمانیە، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حکومەتیشە، بە ھاوکاری حکومەت دەزگای یاسادانان واتە پەرلەمان یاساکانی وڵات پەسند دەکات و ئەگەر پێویستیش بکات یاسای بنەرەتی گۆڕانکاری و چاکسازی بە سەر دا بێت ئەوا پەرلەمان بەو کارە ھەڵدەستێت، دەسەڵاتی دادیش تەواو سەربەخۆیە، سیاسەتی ئەم وڵاتە لە سەر بنەمای فرە حیزبی دارێژراوە،سەرۆک کۆماری ئێستا «نیکاراگوا دانیێل ئۆرتێگای» ولەساڵی ١٩٨٤بە ھەڵبژاردنەکان بردیەوە، بەڵام لە خولی دوای ئەوە لە ١٩٩٠ دۆڕاندی وهەمیشە هەوڵی دەدا ئەو پۆستە بە دەست بێنێتەوە، ئەوەبو لە خولەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠١١دا دیسان سەرکەوتنی هێنا و ساڵی پار بە پاساوی لیهاتویی ژنەکەی و توانای سیاسیەکی، کردی بە جێگری سەرەک کۆمار و هەرسێ کوڕەکەی خۆیشی کردوە بە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی.

خۆپیشاندان بەردەوامە
بەهۆی خراپی باروگوزەران و ژیانی هاوڵاتیان، ماوەی چوار مانگە لە وڵاتە بە بەردەوامی خۆپیشاندانە و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەمیشە هێرش دەکرێتە سەر خۆپیشاندەران و لێیان دەکوژن. لەو ماوەیەدا هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ هاوڵاتی بە دەست هێزە ئەمنیەکانەوە کوژراون و نزیکەی ٢٠٠٠ ی تریش بریندارن.

لە دژی گەندەڵییە
لە ساڵی ١٩٩٠ وە جەنگی ناوخۆ لە نیکاراگوا کۆتایی هاتووە هەتا ئێستا، ئەمە توندوتیژترین خۆپیشاندانە کە لەو وڵاتە بەڕێوە بچێت،خۆپیشاندەران «دانیال ئۆرتیگا» سەرۆکی نیکاراگوا و «ڕۆساریۆ مۆریلا»ی هاوسەری بە هۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵییەوە داوایان لێ دەکەن دەست لەو پۆستە باڵایانەبکێشنەوە، بەڵام سەرۆک دەڵێت خۆپیشاندەران بە هەڵچوون و توڕەییەوە هەڵسوکەوت دەکەن و داوا دەکات ئارامی و ئاسایشی وڵات بپارێزرێت و ئەو دروشمانەی بەرزیان کردۆتەوە نا واقعین و دەبێت بێنەوە سەر خەت.

هەڵمەتی پۆلیس دەستیپێکرد
پۆلیسی نیکاراگوا و گروپە میلیشیاکانی سەر بە «دانیال ئۆرتیگا» هەفتەی ڕابردو لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەڵمەتێکیان بە ناوی “ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە” دەستپێکرد، پۆلیس بۆ ئەوەی کۆسپەکانی بەردەمی پاک بکاتەوە ‌هێرشێکی بۆ سەر بەرهەڵستکاران ڕێکخست.

راگەیاندنی باری نائاسایی
ئەلڤارۆ لیڤا ئەندامی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە نیکاراگوا ڕایگەیاند: زیاتر لە ٢٢ ئوتومبێل کە هێزە ئەمنییەکانی لەخۆ گرتبوو هاتۆتە ناوچەکە و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا ١٠ کەس کوژراون کە چواریان لە هێزە ئەمنییەکانن و شەشیان هاوڵاتی مەدەنین، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکەکانی سەر بە حکومەت لە نزیکی شاری «ماسایا» هێرشیان کردووەتە سەر بەرهەڵستکاران و بەچەکی بچوک و قوڕسەوە لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبونەتەوەو باری نائاساییان ڕاگەیاندووە.

جیهان ناڕازییە
هەریەک لە ئەمریکا و بەرازیل و شیلی ناڕەزایی زۆریان بەرامبەر بەو کوشتو بڕەی حکومەت دەربڕیوە و نەتەوەیەکگرتوەکنیش ئیدانەی کردووە، وەزارەتی دەرەوەی بەرازیل ئاشکرایکردوە کە بەشێوەیەک چەکدارەکانی حکومەت و پاسەوانانی سەرۆکایەتی زۆر دڕندانە ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران دەبنەوەو ژمارەیەک زۆر لە پیاوی ئاینی و مامۆستا و ڕۆژنامەنوسانی بەرگریکەر لەمافەکانی مرۆڤ گیراون و لەزیندانەکان ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن.
ڕاپۆرتە هەواڵەکان دەڵێن سەرەتا دروشمی خۆپیشاندەران هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە ناعادیلانەبوو کە لە دژی بەرژەوەندی خانەنشیان و چینەکانی ژێرەوە درابون، بەڵام لە دوای کاردانەوە توندەکانی سەرۆک و دارودەستەکەی ئێستا هاوڵاتیان داوای دەست لەکارکێشانەوەی ستافی سەرۆکایەتی دەکەن و پارتە موعارەزەکانیش پشتیوانیان لێدەکەن.

سەرچاوە: دی ڤێڵت، شپیگل ئۆنلاینە، بی بی سی

 371 جار بینراوە