سەرەکی » وەرزش » مۆندیالی روسیا ده‌ریخست میدیای وه‌رزشیمان نییه‌!

مۆندیالی روسیا ده‌ریخست میدیای وه‌رزشیمان نییه‌!

زاگرۆس نانه‌كه‌لی

مۆندیالی رووسیای 2018 به‌هه‌موو باشی وخراپییه‌كانیه‌وه‌ كۆتاییهات، میدیاكان ومیدیاكارانی وه‌رزشیش له‌ دژی یه‌ك هه‌موو شته‌كانیان پێچه‌وانه‌بوو، یه‌ك ده‌یگووت له‌ناو جه‌رگه‌ی رووداوین، ئه‌وی تر ده‌یگووت ئێمه‌ تاكه‌ میدیای كوردین، ئه‌وی تر ده‌یگوت هه‌واڵ و زانیارییه‌ گرنگه‌كان له‌شاشه‌ی ئێمه‌وه‌ ببینن، كه‌چی كه‌سیان له‌(64) یاری مافی یه‌ك چركه‌ گرته‌ی یارییه‌كانیان نه‌بوو، كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كانیش حه‌فله‌ی به‌لاش بوو، بۆیه‌ به‌عه‌زێك میدیاكاری وه‌رزشی په‌تای خۆبه‌زلزان و لووت به‌رز و عانه‌ كۆكردنه‌وه‌ و لافی شوێنی كار و بێزاركردنی خه‌ڵك له‌ سۆشیال میدیا، ئه‌مانه‌ به‌سه‌ركه‌وتن هه‌ژمارده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌تێكرایی مۆندیال به‌ كه‌ناڵی ئاسمانی و نێوخۆییه‌کانیشه‌وه‌ نه‌مانتوانی خانمێكی وه‌كو(ڤیكی سباركس) دروست بكه‌ین تا ببێت به‌ یه‌كه‌مین خانمی كۆمێنتاری وه‌رزشی له‌مێژووی مۆندیال.
له‌م مۆندیاله‌دا زیاتر له‌چه‌ند جارێك په‌یامنێران وپه‌یاممێیانی وه‌رزشی تووشی گێچه‌ڵ سێكسی(گێچه‌ڵی سێكسی-التحرش الجنسی- Sexual harassment) بوونه‌وه،‌ ئه‌م باسه‌ له‌ تیڤی و رادیۆ و رۆژنامه‌و گۆڤار و ماڵپه‌ڕو په‌ڕه‌ی ئه‌لكیترۆنی، چه‌ندین ریپۆرتاژ و راپۆرت و دیمانه‌ و پانێڵی بۆ كرا، په‌یامنێره‌كانی وه‌رزشی و لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی ده‌روونی و رۆژنامه‌نووسانی ناودار به‌م شێوه‌یه‌ باسی گێچه‌ڵی سێكسی بۆ سه‌ر ژنان وپیاوانی میدیاكاری وه‌رزشی ده‌كرد» یه‌كێک ده‌یگووت وازیان لێ بێنن كاره‌كانیان بكه‌ن، پێویسته‌ ئێمه‌ دژی ئه‌و كاره‌ بوه‌ستینه‌وه‌، پیاوه‌كانیش تووشی گێچه‌ڵی سێكسی ده‌بنه‌وه‌ چونكه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی نێرینه‌ین و وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌‌و بیرۆكه‌یه‌كیان له‌ هزر چه‌قیوه‌ که ‌به‌ ئاره‌زووی خۆیان هه‌ڵسوكه‌وت به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه‌ بكه‌ن، یه‌كێکی تر ده‌یگووت كێچه‌ڵی سێكسی دژی پیاو و ژن ره‌تده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ پێشێلكاری تاك و ئیراده‌ی مرۆڤه‌كانه‌، په‌یامنێرێكی كچ به‌ پیاوێك ده‌ڵێ ئه‌و كاره‌ مه‌كه‌ رێگه‌ت پێناده‌م رێزی خۆت بگره‌.
من دید و بۆچوونم هه‌یه‌ له‌م دیارده‌ نه‌خوازراوانه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌و كاته‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌یامنێره‌كانی وه‌رزشی راسته‌وخۆ كاره‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ قۆستنه‌وه‌ی كرده‌وه‌ ناشیرنه‌كانیان ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ‌پاڵنه‌ریشیان یان بۆ خۆشییه‌ و یاخود گاڵته‌جاڕن، یاخود مه‌ی خواردۆته‌وه‌ یان مرۆی زۆر سێكسین، یاخود شكاندنی شكۆی خه‌ڵك به‌ گاڵته‌ وه‌رده‌گرێت، یان ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌كاتی خۆشییه‌كانیان خۆیان بیرده‌چێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ شكۆی مرۆڤه‌كان له‌ هه‌ر ره‌گه‌زێك بێت پارێزراو بێت، ئه‌وه‌ی زۆرم لا جوان بوو كاتێك په‌یامنێرێكی ژاپۆن که‌ پیاو بوو له په‌خشی‌ راسته‌وخۆدا ژنێك ماچیكرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌و كاره‌ی به‌رانبه‌ری كرا، ووتی: بینه‌رانی خۆشه‌ویست داوای لێ بردن ده‌كه‌م له‌وه‌ی روویدا!.
ئینفانتینۆی سه‌رۆكی فیفاش ده‌ڵێ:مۆندیالی رووسیا سه‌رکه‌وتووترین مۆندیال بووه‌ له‌ مێژوودا، ئه‌وه‌ لای من سه‌یره‌ كه سه‌یریش نییه‌، چونكه‌ ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ مۆندیالدا رویاندا میدیاكانی خۆمان و میدیاكارانی وه‌رزشی ئه‌سڵه‌ن به‌ پێوویستیان نه‌زانی باسی بكه‌ن، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك به‌بابه‌تێكی(شه‌رم، عه‌یب، ئابڕو)ی بزانن‌، بۆیه‌ باسی ناكه‌ن، كێ ده‌ڵێ زانیتیان ئه‌م شتانه‌ روویداوه‌؟ سه‌یر تریش له‌ سه‌یره‌كان لێدوان وهه‌واڵی وه‌رزشی وام بینی ته‌نها له‌ میدیای كوردی هه‌بوو!، له‌سه‌یره‌كانیش سه‌یر و سه‌یران تر ئه‌وه‌بوو، به‌ر له‌ ده‌سپێكی مۆندیال به‌(20) رۆژێك له‌گه‌ڵ كه‌سێك سه‌ردانی باڵیۆزی روسیامان كرد له‌ هه‌ولێر بۆ فیزه‌ی روسیا بۆ مۆندیال، فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ لیستی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی عێراقی له‌ فیفا ده‌رهێنا ته‌نها بۆ هه‌وێنیش ناوی كوردێكی تیا نه‌بوو! ته‌نها ناوی وابزانم دوو رۆژنامه‌نووسی خه‌ڵی به‌غدای تیابوو، بۆیه‌ بێ ئاگای له‌ گێچه‌ڵی سێكسی و هه‌واڵی بێ بنه‌ما و لیستی رۆژنامه‌نووسانی عێراق له‌ فیفا ده‌ریخست كه‌ ئێمه‌ میدیا وه‌رزشی و میدیاكاری وه‌رزشیمان نیه.

 41 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*