خورجە

كۆر و مۆر

1
دەشتەكەی گەرمیان كاكی بە كاكی
یاری لێ‌ نەبێ‌ وێران بێ‌ خاكی
نازانم ئەو بەیتە فۆلكلۆریە تەواوە یان نا، بەڵام دەزانم ئەو عاشقەی ئەم نزایەی كردووە، ئەوەندە بە دڵ كردویەتی ئێستاش دوای 30 ساڵی خشت لە ئەنفال، هێشتا ئەو گەرمەسێرە بۆنی وێرانەو نەهامەتی لێدێت، لە قوڵایی ئەو گەرمەسێرەدا لە كۆرو مۆر، لەو گوندەی بەعس داری لە سەر بەردی نەهێشت و خەڵكەكەی تارو مار كرد، ئاگرێك دەسوتێت، سوتانی ئەو ئاگرە هەڵقرچانی دڵی ئەو دایكانە نیە كە مەرگ و چاوەڕوانی خۆیان و ئەنفال كوڕو كچەكانیانی لە ژیان شاردەوە، سوتانی ئەو ئاگرە پەیامێكە بۆ هەموو ئەوانەی ئێستا كوردستان بەڕێوە دەبەن، ناكرێت لەوە تێنەگەن كە پێكەوە بون كوردەكە دەگەیەنێتە كەناری ئارام، سەرەتای بەیەكەوە بون دادگەریە، دادگەری لەوە هەیەو هی هەمووانە .
2
كۆرو مۆری ئەنفالكراو ئەمجارە لە ڕێی حیكایەتەكانی ئەنفالەوە نا، لەڕێی نەوت و غازەوە هاتوەتە نێو دیرۆكەوە، مرۆڤ ئەگەر بۆ سەردانیش رووبكاتە ئەو هەردە كاكی بە كاكیەی گەرمیان،خەیاڵی دەفڕێت بۆ لای گۆرانیەكانی سەلاح داودەو حوسێن عەلی و حەسەن گەرمیانی، ئەو گۆرانیانەی ئەوان دەیچڕن دەڵێی بە تەنێ‌ بۆ ئەم هەڵەت و دەشت و دەرە دەبن و بۆ شوێنی تر نا، ئێستا لە كۆرو مۆر كەس قەتارو ئەڵاوەیسی ناڵێت، مەقامەكانی گەرمەسێر لە ئەنفالەوە بەرەو نوگرە سەلمان و زەبی و عەر عەر راپێچكراون و كەسیش برینەكان ساڕێژ ناكات،كۆرو مۆر لە سەر نەخشەی جیهانە، بەڵام كەس ئاوڕی لێ‌ نەداوەتەوە.
3
لەم رۆژانەی بەرێ‌ بە نیازی سەردانێكی ئەو دەشت و دەرە لە مەرقەدەكەی شێخ حەسەنی قەرە چێوارەوە تا چاو بڕكات بە سەرابی نیشتمانا هەڵزنام، بەر لەسی ساڵ كۆرو مۆرو هەموو ئەو گوندانەی گەرمەسێر ئاوەدان بون، ئەو گوندانە لە نێو تانك و تۆپی دوژمندا ژیانیان دەكردو سرودەكانی شۆڕشیان دەچڕی، «سرودەكانی ئەی شەهیدان و هۆكاكی پێشمەرگەو ئەی رەقیب « دوای ئەو هەموو ساڵە ئەو ناوچەیە پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زیاترو ئاوەدانكردنەوەیە، ئێستا لەوێندەر نەوت و غاز دەردەهێنرێن، بەڵام هەزاران وشە، ناوی شوێن، پەندو بەیت و بالۆرە، ناوی گوڵ و كانی و دەشت و دەرلە نێو دەچن، ئەمەش لە دەستدانی فەرهەنگێكی گەورەی گەرمە سێرە.
كانیەكەی بەرماڵ زیخ دانە دانە
یارم دانیشتوە زوڵف ئەكا شانە

 559 جار بینراوە