سەرەکی » مانشێت » دانیشتنی (نوێنەران) تا 9/15 بە كراوەیی مایەوە

دانیشتنی (نوێنەران) تا 9/15 بە كراوەیی مایەوە

بانگەشەی هەڵبژاردنی کوردستان دواخرا

دانیشتنی یەكەمی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كراوەیی تا رۆژی 15/9/2018، مایەوە، هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیاربوو لەسەعات 12ی شەوی رابردووەوە دەستپێبكات، بۆ رۆژی 11/9/2018، دواخرا.

مەكتەبی سیاسی كۆبۆوە و بڕیاریشە ئەمڕۆ سەركردایەتی كۆببێتەوە
لەلایەكی دیكەوە، ئێوارەی دوێنێ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبۆوە و تاوتوێی دۆخ و پرسە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرا. بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ-ش بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی سەركردایەتیی ی.ن.ك كۆببێتەوە و پرسە گرنگەكان تاوتوێ بكات.

دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران
لە بارەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشەوە، دوێنێ سەرۆكی كاتیی ئەنجومەنی نوێنەران (محەمەد عەلی زەینی وەك بە تەمەنترین پەرلەمانتار)، لەگەڵ نوێنەری فراكسیۆنەكاندا كۆبۆوە.
د.بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بڕیاردراوە دانیشتنی یەكەمی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كراوەیی تا رۆژی 15/9/2018، بمێنێتەوە. وتیشی: بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێن.

بانگەشەی هەڵبژاردن دواخرا
هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن كە بڕیار بوو لە سەعات 12 ی شەوی رابردووەوە دەستپێبكات، یەكێكی دیكەیە لە پرسە گەرمەكانی هەرێمی كوردستان. بۆ ئەو مەبەستە ئێوارەی دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم كۆبۆوە.
دوای كۆبوونەوەكە وتەبێژی كۆمسیۆن رایگەیاند: بڕیاردرا كاتی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن تا رۆژی 11/9/2018 دوابخرێت.

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان
پەیوەست بە دۆخی هەرێمی كوردستان، دوێنێ لە سلێمانی وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەكەش، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندن و وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پرسی پەیوەندییەكانی گۆڕان و پارتی، بەشداریی كورد لە پڕۆسەی سیاسیی عیراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، وتیشی: لە ئێستادا كەشوهەوای كۆمەڵایەتی و سیاسی لەبارنییە و تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك نییە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت. «بارودۆخی كوردستان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گونجاو نییە». ئاماژەی بەوەشدا: بەم نزیكانە جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە و دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و بیروڕاكان، بڕیاری بەشداریی، یان بایكۆتی هەڵبژاردن دەدات، یان هەڵوێستێكی دیكەی دەبێت.
مەحمود محەمەد وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتیش رایگەیاند: پێویستە یەكتربینین و گفتوگۆ هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش رەنگە لیژنەی هاوبەش دروست بكرێت بۆ گفتوگۆ كردن و زانینی بیروڕای یەكتری. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیشەوە، وتی: دیاریكردنی رۆژی 30ی ئەیلول بۆ هەڵبژاردن بە پرس و رای لایەنەكان بووە و پێمانوایە كەشوهەوا لەبارە بۆ هەڵبژاردن و گرفتی تەكنیكی ئەوتۆ لای كۆمسیۆن نییە و كێشەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەوتۆ نییە رێگر بێت لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، «لەگەڵ ئەوەشدا لە بۆچون و هەڵوێستی لایەنەكانی دیكە و بزووتنەوەی گۆڕان تێدەگەین و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیی بەردەوام دەبێت و كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن بۆ چارەسەری كیشەكان».

print

 33 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*