سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » ئایندەی حوكمڕانی لە عیراقدا بە ئاراستەیەكی هەڵەدا هەنگاو دەنێت!

ئایندەی حوكمڕانی لە عیراقدا بە ئاراستەیەكی هەڵەدا هەنگاو دەنێت!

ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت، لە پەرتوبڵاویی نێو ماڵەكانی شیعە و سوننە و كورد و ئەوانی تریش و هەبونی ململانێی توندی ناڕەوا لەسەر پۆست و پلەو ئیمتیازاتەكان و نەگونجان و لێك نزیك نەبوونەوەی لایەن و سەركردە سیاسییەكان و پیادەكردنی سیاسەتی رق و كین دژی یەكتریی و هەوڵدان بۆ تێكشكاندنی دۆست و یارو نەیارەكان پێكەوە تەنها لەپێناو سەركەوتنی خوددا، هەوڵی پەراوێزخستن و كەنارگیركردنی یەكتریی و دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسی و دەسەڵات و كاركردن بۆ بچووككردنەوەی یەكتری، هەموو ئەم هەنگاوو نییەت و كردارانە دەچنە چوارچێوەی دوژمنایەتی راستەقینەو ئاشكراشە هەموو دوژمنایەتییەكی ناڕەوا هەمیشە دۆڕاندن و شكست و كارەساتیشی بۆ هەمووان لێ دەكەوێتەوە.
ئەوەی ئێستا لە ناو ساڵۆن و راڕەوەكانی سیاسیی لە عیراق و بەغدادا دەیبینین و هەستی پێدەكەین، لە هەوڵدان بۆ پێكەوەنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كە زۆرترین ژمارەی ئەندام پەرلەمان لەخۆبگرێت و كڕینی ویژدان و هەڵوێستی هەندێك و بەڵێندانی ناڕاست بە هەندێك و فریودان و ساختەكارییش لە واژۆكانیان و زۆر كارو هەنگاوی ناڕەوای تر، هەموو ئەمانە یەك راستیمان پیشان دەدەن كە بریتییە لەوەی كە زۆربەی سیاسییەكانی عیراق تەنها لەخەمی حزب و سەركردە و بنەماڵەكانیاندان نەك نەتەوە و نیشتیمان، لەخەمی بەدەستهێنانی سەروەت و سامان و پلەو پۆست و ئیمتیازاتدان نەك گێڕانەوەی شكۆ و سەروەریی عیراق و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان. تەنها ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە ئایندەی حوكمڕانی لە عیراقدا بەرەو هەڵدێرو بە ئاراستەیەكی نادروست و هەڵەدا هەنگاو دەنێت، نەك بە ئاراستەی بنیاتنانەوەو گەشەپێدان و پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوە، هەنگاو بەرەو تاكڕەویی و قۆرخكاری و پاوانخوازی و گەندەڵی زیاترو نادادپەروەری زۆرتر دەنێت، نەك رێزگرتن لە دەستوور و یاساكان كە بڕوایان بە دیموكراسی و پێكەوەیی سیاسی و سیستمێكی پەرلەمانی و فیدراڵییە.
ئاشكراشە تاوان و لێپرسراوێتی هەموو ئەم هەنگاوە هەڵانە لە ئەستۆی شیعەی زۆرینەدان، چونكە هۆكاری یەكەمن بۆ تێكدانی نێوماڵی عیراق بە گشتی و بەتایبەتیش نێو ماڵی خۆیان. شیعەی زۆرینە مەزهەب لە عیراقدا لە ئێستادا كەس حەسودییان پێ نابات، چونكە دابەشبوون بەسەر چەندین بەرەی ئێران و ئەمریكا و عەرەبی سوننەی كەنداو و تەنانەت توركیاش، ئەوان ئەوەندی لەنێو خۆیاندا تەفروتونابوون و لێك هەڵوەشاون و دڕدۆنگن لەگەڵ یەكتردا، هیچ كات بەم شێوەیە ناكۆك و ناتەبا نەبوون بە درێژایی 15 ساڵی رابردوو.
لانیكەم كێشەو ململانێكانیان دەرنەچووبووە دەرەوەی نێو ماڵەكەی خۆیان، بەڵام ئێستا بوونەتە مایەی گاڵتەجاڕیی دۆست و دوژمنەكانیان و لەماوەی ئەم 15 ساڵەی رابردوودا ماهییەتی راستەقینەو رووی راستەقینەی پیلان و نییەتە خراپەكانی خۆیان نیشانداو سەلماندیشیان كە زۆرێك لە هێزەكانی شیعەی عیراق لە ئاست بەڕێوەبردنی دەوڵەتێكی وەك عیراقدا نین.
ئەوان بەكارو كردەوەو هەڵوێستە ناڕۆشن و شاراوەكانیان لەگەڵ سوننەی عەرەب و كوردیشدا هەردوولایان لەخۆیان دوورخستۆتەوە و بەمەش عیراق و ئایندەكەیان خستۆتە بەر مەترسیی لێك هەڵوەشاندنەوەوە.
زۆرێك لە لایەنەكانی شیعەی عەرەب ئێستا گەرەكیانە كە حكومەتێكی زۆرینەی شیعە پێكبهێنێت و هەموو پێكهاتەكانی تر كە كاریگەرن و هاوبەشی راستەقینەی بنیاتنانەوەی عیراقی نوێ بوون، تەریك بكەن و رۆڵ و كاریگەرییان زیاتر بچووك بكەنەوە.
ئەمەش بۆخۆی هەڵەیەكی مێژوویی گەورەیەو بەدەستی خۆیان ئایندەی عیراق و ناو و ناوباگی دەخەنە بەر مەترسیی لێكهەڵوەشان و رووبەڕووی گیروگرفتی زۆری دەكەنەوە كە هیچ پێویستی پێیان نییە.
بەشێكی زۆر لە شیعە دەزانن بەبێ كورد دۆخی سیاسی و ئابووری زۆر خراپەو ئەوان ناتوانن عیراق بپارێزین و یەك و یەكگرتوویی خاك و گەلانیشی بپارێزین. هەروەها بەبێ بوونی هاوپەیمانی و دۆستایەتی راستەقینە لەگەڵ كورددا پشت و پەنایەكی گەورەی لێ دووردەكەوێتەوە، هەمووكات كورد زامنی پاراستن و یەك و یەكگرتوویی خاكی عیراق بووە، هەركات كوردو شیعە لێك جیابوونەوە، مانای جیابوونەوەی كورد و بچووك بوونەوەی عیراق و لێكهەڵوەشانەوەیەتی.
بۆیە تەریككردنی كوردو بەشداری پێنەكردنی لە كوتلەكانیان « كوتلەی سائیرون و نەسر و حیكمە و وەتەنییە و ئوسامە نوجەیفی و توركمان و..هتد كە خاوەنی 177 ئەندامن»، لەگەڵ «كوتلەی دەوڵەتی یاساو فەتح و ئەوانی تردا كە 145 ئەندامن)) و بڕوانەهێنان بە داواكاریی و پڕۆژە رەواكانی كورددا، ئەوا هیچ كات عیراقی شیعە مەزهەب ئۆقرەیی سیاسی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی بەخۆیەوە نابینێت، باشوورو ناوەڕاستی عیراق كە لە ئێستادا لەهەموو رووەكانی سیاسی و ئابووریی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانییەوە ناگاتەوە بە كوردستان، ئەوا بەبێ بوونی كورد لە سیستەمی حوكمڕانی عیراقدا ئەوەندەی تریش لەكەڵك دەكەوێت و هێزو پێزی تێدا نامێنێت.
بۆیە بۆ شیعەكان لە پێش كوردا قازانجە كە جێگەو پێگەی سەنگین و شایستەی كورد بپارێزن و بەدەم داوا رەوا نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانییەوە بێن.
شیعەكان لەگەڵ سوننەكانیشداو تەنانەت لەگەڵ مەسیحی و توركمانەكانیشدا پەیوەندیی و دۆستایەتیان زۆر توندوتۆڵ نییە و تەنها وەك مقاش و بۆ بەرژەوەندیی كاتی و تاكتیكی خۆیان لەگەڵیاندا رێككەوتوون، بۆیە پێكەوەنانی هەر هاوپەیمانیی و كوتلەیەكی پەرلەمانی بەم شێوەیەی ئێستاو بەبی بوونی میساقێكی شەرەف و نووسراو و بڕواپێهێنەر، هەرگیز چارەنووسی سەركەوتن نابێت، بەڵكو زۆر لاوازو فشەڵ و بێ پشتیوانی جەماوەریی و شەقامی عەرەبی دەمێنێتەوە، بەڵگەش بۆ ئەم راستییە، سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی بەسرەو باشوور و بەغدایە لە رۆژی 4/9/2018وە كە زۆر بە توندیی و وەڵامدانەوەكانی دەسەڵاتدارانیش بە گوللە و توندوتیژتریی، هێندەی تر شكستی هەردوو هاوپەیمانیی و كوتلە عەرەبیەكانی «شیعە و سوننە»ی دەرخست.
بەدڵنیاییش لە ئایندەشدا هەروا دەمێنێتەوە، چونكە هەمووانیان گومانیان لە یەكتریی هەیە و هیچكامیان راستگۆیانە دەستی كاركردن و برایەتی و ئاشتی بۆ ئەویتر درێژنەكردووە، هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت كە بە ناچاریی رووبكەنەوە كوردو تەنها كورد لاسەنگی هاوكێشەكەی نێوانیان راستدەكاتەوە، خۆشبەختانەش كورد وەكو زۆرینەی «یەكێتی و پارتی» و ئەگەر ئەوانی تریش بێنە پاڵیانەوە، هێشتا سیاسەتێكی راست و پشوودرێژییەكی باشیان نواندووەو تەسلیمی هیچ لایەكیان نەبوون و ئەوەندەی لە هەوڵی بەدەستهێنانی گەرەنتی رەسمی و نووسراودان بۆ مافە رەوا نەتەوەییەكانی كورد، نیو هێندە پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكانیان بەلاوە گرنگ نەبووە، كە ئەمەش تائێستا خاڵی سەركەوتن و بەهێزیی كوردە. بۆیە ئەگەر زۆرینەی شیعەی عەرەب و تەنانەت سوننەكانیش گەرەكیان بێت 4 ساڵی ئایندە ساڵانێكی ئارام و ئۆقرەیی بێت بۆ هەمووان، دەبێت هەر لەگەڵ كورددا رێكبكەون و بە هەمووانیش عیراق بەڕێوەبەرن، ئەگەرنا ئەوا هەرلایەو رێگاو ئاراستەی خۆی هەڵدەبژیرێت و ئەوكاتیش تۆمەتباری سەرەكی تەنهاو تەنها شیعەی عەرەبەكان دەبێت. چونكە ئیرادەی راستەقینەی عیراقیان دۆڕاندووەو هەرلایەكیان بوونەتە لایەنگریی ئێران یان ئەمریكا كە ئەوانیش شەڕی بەرژەوەندیی خۆیان دەكەن لەسەر حسابی خاك و گەلانی عیراق و بەمەش تەنها درزی نێوان و جیاوازییەكانیان گەورەتر كردووە نەك یەك و یەكێتی و یەكگرتوویی عیراق. بۆیە ئەم پێشبڕكێ ناشەریفانەیەو ئەم ماراسۆنە نەبڕاوەیەی هەردوو كوتلەی عەرەبی شیعە، ئاراستەی كاركردن و بیركردنەوەیەكی هەڵەیەو ئایندەی عیراق بەرەو تاریكی و لێڵی زیاتر دەڕوات و لەكۆتاییشدا بەزیانی گەورەی هەمووان كۆتایی دێت.
Nawzad_mohandis@yahoo.com

 344 جار بینراوە