لاپه‌ڕه‌ی سه‌روه‌ران
شه‌هید مامۆستا غه‌فوور له‌ساڵی 1947 له‌گوندی ژاژڵه له‌دایك بووه، له‌ساڵی 1954-1955 چۆته قوتابخانه‌ی ژاژاڵهی سه‌ره‌تایی، بۆ ساڵی خوێندنی 1959-1960 یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی لیوای سلێمانی خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واو كردووه، بۆ درێژه‌دان به خوێندن چووه‌ته سلێمانی و له‌ساڵی 1960 له‌یه‌كه‌می ناوه‌ندی خوێندوویه‌تی و هه‌ر له‌وساڵه‌شدا په‌یوه‌ندیكردووه به یه‌كێتی قوتابیان ولاوانی كوردستانه‌وه و پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م و له‌سه‌ره‌تای پۆلی دووه‌مدا له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێكیدا ده‌ستگیركران و دوور خراونه‌ته‌وه بۆ باشووری عیراق و لههاشمییه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، پاشان به نه‌خشه‌یه‌كی ژیرانه خۆیان ده‌رباز ده‌كه‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ژاژڵه.
له‌ساڵی 1963 تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی و به نمره‌یه‌كی باشه‌وه سێی ناوه‌ندی ته‌واو ده‌كات و له‌ساڵی 1964 ده‌چێته خانه‌ی مامۆستایان و ساڵه‌كانی خوێندنی یه‌كه‌می ده‌بڕێت و له 1968 ده‌بێته مامۆستای قوتابخانه‌ی ژاژاڵهی سه‌ره‌تایی، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ده‌بێته ئه‌ندامی رێكخراوی ماوه‌ت و دواتر ده‌بێته به‌رێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ماوت، له‌ساڵی 1972 هه‌روه‌ك مامۆستا ئالانی هاوڕێی ده‌یوت له قه‌ندیل چاوی به هێمنی شاعیر ده‌كه‌وێت، كه هه‌ردووكیان له‌هه‌وادارانی كاژیك بوون.
له‌ساڵی 1974 ده‌كرێته لێپرسراوی لق له به‌تالیۆنی 4ی هێزی خه‌بات و له شه‌ڕه‌كانی (سه‌رتیژ و حاجی هۆمه‌ران و ده‌رووی هۆمهراغ) به‌شداری ده‌كات و دوژمن و دۆسته‌كانی شایه‌تی رۆڵی كاریگه‌ریی ئه‌و بوون، له دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی سۆسالیستی كوردیستان رۆڵی كاریگه‌ر ده‌بینێت و سه‌رپه‌رشتی رێكخستنه‌كانی ناو شار ده‌كات.
تا له‌به‌هاری 1978 له‌سه‌ر داوای سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌چێته شاخ و درێژه به خه‌بات ده‌دات، له‌هاوینی هه‌مان ساڵدا له‌گوندی (دڕی)ی ناوچه‌ی ماوه‌ت له‌لایه‌ن لیوای 29ی به‌عسی فاشیسته‌وه گه‌مارۆ ده‌درێن و زۆر به‌دڕندانه هێرشیان ده‌كرێته سه‌ر و له‌ئه‌نجامدا شه‌ش له هه‌ڤاڵه تێكۆشه‌ره‌كانی شه‌هید ده‌بن و مامۆستاش به برینداری و پاش شه‌ڕێكی نه‌به‌ردانه ده‌ربازی ده‌بێت.
له‌پایزی هه‌مان ساڵدا و له‌شه‌وی 6\7 /10/1978 به‌پیلانێكی نه‌خشه بۆ كێشراوی سێ لایه‌نه‌ی هه‌ریه‌ك له‌نوسینگه‌ی به‌ناو رێكخراوی باكووری به‌عس و ئه‌من و ئیستخباراتی سلێمانی و به‌هۆی چه‌ند به‌كرێگیراوێكی خۆفرۆشه‌وه، له پشت گوندی باڵخ شه‌هید كرا و به سه‌ربه‌زییه‌وه چووه ریزی كاروانی شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كانی كورد و كوردستان.
شه‌هید له دوا ئه‌ركه‌كانیدا لێپرسراوی لقی دووی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان و ئه‌ندامی سه‌ركرایه‌تی ی.ن.ك بووه.
مامۆستای شه‌هید له تێكڕای 31 ساڵی ته‌مه‌نی، 18ساڵی به‌خشیوه به خه‌باتی گه‌له‌كه‌ی.
دوای نزیكه‌ی هه‌شت ساڵ و له 18/6/1986 دا، مرادی برایشی كه‌فه‌رمانده‌یه‌كی ی.ن.ك بوو، شه‌هید كرا‌و چووه ریزی كاروانی شكۆدارییه‌وه.
132 جار بینراوە