سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » توركیا و ئەردۆگان بە ناچاری چۆك دادەدەن…

توركیا و ئەردۆگان بە ناچاری چۆك دادەدەن…

توركیا و ئەردۆگان بە ناچاری چۆك دادەدەن لە بەردەم فشارەكانی ئەمریكادا!

•كێشە و ناكۆكیەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی 2003 و پێش 15 ساڵ بەهۆی ڕێگەنەدانی توركیا بە سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ هاتنە ناوەوەی عێراق لە ڕێگەی خاكی توركیاوە.. ئیدی لەو ساتەوە و ساڵ بەساڵ پەیوەندیەكانیان بەرەو خاوبونەوە و كاڵبونەوە و ساردوسڕی دەچوو، لە ماوەی ئەو 15 ساڵەدا چەندین خاڵی ناكۆكی تریش سەریانهەڵدا و هەموانیان پێكەوە بونە هۆی ئەوەی كە لە ئێستادا پەیوەندیەكانی هەردوولا لەو پەڕی خراپیدا بن و هەردوولاش لەسەر زاری وەزیر و سەرۆكەكانیانەوە هەڕەشەی گەمارۆ و سزادانی ئەویتر دەكات و بەكرادارەكیش ئەمریكا فشاری زۆری سیاسی و ئابوری و سەربازی خستۆتە سەر توركیا و كاریگەریەكانیشی لەئێستادا بۆ هەموان ڕوون و ئاشكران.لەو كێشە و گرفت و خاڵە ناكۆكیانەی نێوان توركیا و ئەمریكا بریتین لە:
•كێشەی گروپی خزمەتی فەتحوڵا گویلەن و مانەوەی گویلەن لە ئەمریكا و ڕادەستنەكردنەوەی بە توركیا.
•كێشەی دادگایكردنی پاسەوانە تایبەتەكانی ئەردۆگان لەلایەن ئەمریكاوە.
•كێشەی پشتیوانی توركیا لە گروپە تیرۆریستیەكانی سوریا و عێراق و دەستوەردانێتی لە كێشەی ئەو دوو وڵاتە بە پێچەوانەی سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاوە.
•كێشەی وڵاتی قەتەر لەگەڵ سعودیە و ئەوانی تر و پشتیوانی توركیا بۆ قەتەریەكان.
•كێشەی دامەزراندن و بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی توركیا لەگەڵ هەریەكە لە ڕوسیا و ئێران و دژی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا.
•كێشەی پشتیوانیكردنی توركیا بە ئاشكرا و بەنهێنی لە گروپە تیرۆریستەكان.
•پابەندنەبوونی توركیا بە گەرمارۆ ئابوریەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و بەردەوامبونی لەسەر كڕینی نەوتی ئێرانی.
•كێشەی توركیا لەگەڵ ئەوروپیەكان و مەسەلەی بون بە ئەندام بونی لە یەكێتی ئەوروپادا.
•كێشەی قەتیسكردنی دیموكراسی و ئازادیەكان لە ناوخۆی توركیادا و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی و هەوڵدانی بۆ تاكڕەوی و بچووككردنەوەی هێز و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان.
•كێشەی هەرە سەرەكی توركیاش لەگەڵ دونیای دیموكراسی و ئەوروپی و ئەمریكاشدا بریتیە لە كێشەی كورد و پێشێلكردنی مافە نەتەوەییەكان و ناوزڕاندنیان بە تیرۆریست.
•كێشەی بانكە توركیەكان بە هاوكاریكردنی بانكەكانی ئێران لەمەسەلەی ئاڵوگۆڕی دراودا.
•دواهەمینیشیان كێشەی كڕینی سیستەمی بەرگری موشەكی s400 لە ڕوسیا لەلایەن توركیاوە.
بەم شێوەیە ئەم كۆمەڵە كێشە و گرفتە لەسەر ئاگرێكی هێواش گەشاونەتەوە و گڕیان گرتوە و خەریكە دەست و قاچی ئەردۆگان و توركیای پێوە دەسوتێت،بەڵام ئەوەی بوە هۆكاری هەڵایسانی فشار و شەڕە قسە و تۆمەتباركردنی یەكتری بە ئاشكرا ،دەستگیركردنی قەشەیەكی ئینجیلی ئەمریكی بەناو ((ئەندرۆ بڕۆنسۆن))ی تەمەن 50 ساڵەیی بوو لە كۆتایی ساڵی 2016 دا كە 23 ساڵە لەتوركیا و لەشاری ئیزمیر دەژی و سەرۆكایەتی كەنیسەیەكی بچوك دەكات كە تەنها 25 كەسی باوەڕدار دوای كەوتوون.بەتۆمەتی هاوكاریكردنی گروپی خزمەتی فەتوحوڵا گویلەن و ڕاوەستانی لە پشت كودەتا سەرنەكوتوەكەی ساڵی 2016وە ودواتریش دادگایكردنی بەتۆمەتی تیرۆر و پشتیوانی لە PKK. دادگای توركیا لەدانیشتنی سێیەمیدا ولە 18/7/2017دا زیندانیكردنەكەی درێژكردەوە سەرەڕای داواكردنی ئەمریكا بە ئازادكردنی بەڵام تەنها لەبەر خراپی باری تەندروستی خستیانە ژێر دەستبەسەری زۆرە ملێ‌ لەماڵەكەی خۆیدا.

چەكی ئەتۆمی ئەمریكای تیادایە
لە ئێستادا وابڕیارە كە دانیشتنی چوارهەمی دادگا لە 12/10/2018دا بەڕێوەبچێت و زۆریش لە ئەگەرەكان بۆ ئەوە دەچن كە دادگا بڕیاری ئازادكردنی ئەو قەشەیە بدات كە سەرزارەكی و بە ئاشكرا بۆتە هۆی نانەوەی ئەو كێشە و گرفتە گەورەیە لەنێوان توركیا و ئەمریكای بەناو هاوپەیمانی ستراتیژی لەدوای جەنگی دووەهەمی جیهانیەوە و بەهۆی بونی هەردوولا وەك ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆی سەربازیدا بە ڕابەرایەتی ئەمریكا.توركیا یەكێكە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی كە گەورەترین هەڵگیراوی چەكی ئەتۆمی ئەمریكای تیادایە.
•ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر كردنە ئەوەیە كە سیاسەتی ئەمریكا و ئیدارەی سەرۆك ترامپ زۆر بەجدی گەرەكیانە لە پێگە و نفوزی توركیا بدەن لەناوچەكەدا و بچوكی بكەنەوە و بیكەنە وڵاتێكی بێ‌ مەترسی،چونكە زۆر باش دەزانن كە سیاسەتەكانی ئەردۆگان بەپێچەوانەی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانێتی لە ناوچەكەدا بەتایبەتی عەرەبەكانی كەنداو و میسر و ئیسڕائیل و تەنانەت عێراقیش.بۆیە پێدەچێت هەنگاو و سیاسەتە هەڵەو تاكتیكیەكانی ئەردۆگان سەری خۆی و توركیای یەكگرتوش بخوات ،بەوەی قومار بەبەرژەوەندیەكانی لەگەڵ ئەمریكادا دەكات بە پتەوكردنی پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی لەگەڵ ڕوسیا و ئێراندا.بۆیە ئەمریكا و ترامپ گەرەكیانە بەهۆی كێشەی قەشە بڕۆنسنەوە هەموو كێشەكانیان لەگەڵ توركیادا یەكلا بكەنەوەو پاكتاوی حساباتی خۆیانی لەگەڵدا بكەن،ئەوەش لە ڕێگەی :
•سەپاندنی گەمارۆی سیاسی و ئابوری و سەربازی بەسەر توركیادا.
•گوشارخستنە سەر توركیا لەڕێگەی سیاسەتێكی دارایی و نەختینەییەوە كە زیانی گەورە بەتوركیا بگات و بەپراكتیكیش بۆتە هۆی ئەوەی كە نرخی لیرەی توركی لە مێژووی خۆیدا و بۆ یەكەم جار 27% نرخەكەی داببەزێت و 1 دۆلار بەرامبەر 5-6 لیرە بوەستێتەوە و ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی هەڵاوسان و گرانی نرخ و ڕاوەستاندنی زۆرێك لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژیەكان.

ئەمریكا توانیویەتی
•پێنەدان و دواخستنی فڕۆكەی F35ی ئەمریكی بە توركیا.
•سەپاندنی سزای دارایی و ئابوری بەسەر هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی توركیادا.
•زیادكردنی تەعریفەی گومركی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ سەر هەریەكە لە ئاسن بەڕێژەی 50% و ئەلەمنیۆم بەڕێژەی 20%ی توركیاكە ئەمەش زیانی گەورە دەدات لە توركیا و داهاتەكانی.
بەم شێوەیە ئەمریكا توانیویەتی كە ئابوری توركیا لاواز و پەك بخات و هێواش هێواش چۆكی پێ دابدات،سەرەڕای ململانێ‌ و بەرگریەكانی توركیا،بەوەی كە توركیا وادەبینێت كە ئەم سیاسەت و گەرمارۆیانەی ئەمریكا كاتین،و ئەمریكا ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت چونكە توركیا وادەبینێت كە:
•پێگەی ئەمریكا لاوازبوە لەسەر ئاستی دونیا و ناوچەكە بەهۆی زیادبوونی بڕی قەرزە دەرەكیەكانی.
•دابەزین و كەمبونەوەی مامەڵەی بازرگانیە نێودەوڵەتیەكان بە دۆلاری ئەمریكی.
•كەمبونەوەی پشكی ئەمریكا لە ئابوری جیهاندا.
ڕازی دەبێت
بەڵام ئەوەی كە چاودێران و شارەزایانی ئابوری بۆی دەچن ئەوەیە كە توركیا ناتوانێت تاسەر و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك بەرەنگاری ئەم هەموو فشار و گوشارە سیاسی و ئابوری و ئەمنیانەی ئەمریكا ببێتەوە و لەكۆتاییدا بەناچاری لەبەردەم ئەمریكادا چۆك دادەدات و ڕازی دەبێت بە ئازادكردنی قەشە ئەمریكیەكە وەك مەرجی یەكەمی سەرۆك ترامپ و ئەمریكا و دواتریش جێبەجێكردنی هەموو مەرجەكانی تری ئەمریكا لە سوریا و عێراق و ناوچەكەشدا بەبەرژەوەندی خۆی و وایلێدەكات كە پشتبكاتە ڕوسیا و ئێران و جارێكی تر ببێتەوە پاسەوانی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی لاوازتر لەجاران .ئەمەش دوای ڕێكەوتی 4/11 دێت كە گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بە فەرمی پێدەنێتە واری جێبەجێكردنەوە و دەیسەپێنێتە سەر وڵاتانی جیهان و كۆمپانیا ئابوریەكان كە پابەندبن پێوەی.بۆیە زۆر نزیكە لەدانیشتنی كۆتایی دادگای توركیادا لە 12/10دا قەشە ئەمریكیەكە ئازادبكرێت و ئەمەش دەبێتە سەرەتایەك بۆ ڕەواندنەوە و تواندنەوەی بەستەڵەكی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكا و توركیاو جارێكی تریش ئەمریكا بەبەهێزی لە ناوچەی جێگە نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوەستێتەوە و بەرگریش لە بەرژەوەندی و دۆستەكانیش دەكات دژ بەهەر هەڕەشە و گوڕەشەیەكی دەرەكی چ لە ئێرانەوە بێت یان لە توركیاوە،هەردوولاش توركیا و ئێران باش دەزانن كە ئەم هەموو شەڕ و گوشارانەی ئەمریكا بۆ سەریان بە سەروەت و سامانی وڵاتانی عەرەبی كەنداو جێبەجێدەكرێت و ئایندەی دەسەڵات و پێگەی ئەمریكاشی پێدەپارێزرێت،بەڵام بەناچاریش دەبێت ملبدەن و چۆك دابدەن لەبەردەم هەژموون و شەپۆلی ڕاماڵێنەر و ڕووخێنەر و نغرۆكەری ئەمریكادا وەك زلهێزێكی دونیا.

 428 جار بینراوە