سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌ » گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكات

گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكات

كۆتایی هەفتە

هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سیاسیی گەرم و گوڕدا تێدەپەڕێت و رۆژانە گفتوگۆكانی (پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، گفتوگۆی ناوخۆیی و جموجۆڵی لایەنە سیاسییەكان بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان)، گرنگترین هەواڵ و باسوخواسی نێو هۆڵی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت ئاستی میللیشە.

״قۆناغێكی نوێ دەستپێبكەین״
شەوی 20\21/10/2018، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم ئەنجامی كۆتایی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند كە رۆژی 30/9/2018، بەڕێوەچوو. لەوكاتەوە تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بوونەتە یەكێك لە باسوخواسە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند: داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەم قۆناغێكی نوێ دەستپێبكەین و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدەینەوە. «گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ئەگەرەكانی بەردەممان، ئەوە لە هەموومان دەخوازێ‌ كە كاتی ئەوە هاتووە هەموومان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و بەشداربین لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان».

״پێكەوە كاركردن لەپێناوی بەرژەوەندییە گشتییەكاندا״
هەروەها رۆژی 22/10/2018، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی ١٠٥ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێكدا رایگەیاند: پێویستە هەموو ناكۆكییە سیاسییەكان وەلاوە بنێین ‌و كاربكەین بۆ بەهێزكردنی ناوماڵی كورد، لەناو حكومەت ‌و لەناو پەرلەمان باشترین خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بگەیەنین.
هەروەك سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی رۆژی 21/10/2018، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: سەرباری تێبینییەكان، یەكێتی لەبەر بەرپرسیارێتی ‌و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رازییە. وتیشی: یەكێتی دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم.

یەكێتی دوو وەفد پێكدەهێنێت
رۆژی 23/10/2018-ش لە سلێمانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبۆوە و دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستانی تاوتوێكرد.
بەپێ زانیارییەكانی كوردستانی نوێ لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە بە پێكهێنانی دوو وەفد بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ بەغدا. وەفدەكەی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی عومەر فەتاح ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. وەفدەكەی دیكەش بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتیی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق. هەر بەپێی زانیارییەكان بڕیارە بەم نزیكانە ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆببێتەوە.

پارتی: وەفدێك بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەكان پێك دەهێنین
عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی رەسمیی حزبەكەی ئاماژەی بەوەداوە «پارتی وەفدێكی دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێك دەهێنێت و سەردانی هەموو لایەنەكان دەكەین».

گۆڕان و كۆمەڵ دوابڕیاریان نەداوە
بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیش دوای كۆبوونەوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانیی گۆڕان، سەركردایەتیی‌ كۆمەڵ، دوێنێش كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان كرد و بەپێی لێدوانەكانیان بۆ پرسی بەشداریكردن، یان بەشدارینەكردن لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا، تائێستا دوابڕیاریان نەداوە.
دوای كۆبوونەوەكە د.شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان رایگەیاند: دەزگا پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە تانە لە ئەنجامی راگەیەنراوی هەڵبژاردنی پەرلەمان بدەن. وتیشی: زووە بڕیار لەوە بدەین بەشداریی كابینەی حكومەت دەكەین، یان نا، لەسەر رۆشنایی سكاڵاكانمان و هەڵوێستی پارتی و یەكێتی ئەوجا بڕیار دەدەین.
رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامیش دوای كۆبوونەوەكەی سەركردایەتیی حزبەكەی، رایگەیاند: لەكاتی‌ خۆیدا كۆمەڵ هەڵوێستی‌ لەسەر بەشداریی لە حكومەت رادەگەیەنێت.

یەكگرتوو: دەبینە ئۆپۆزسیۆن
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش هەرزوو خۆی یەكلاكردەوە و بڕیاریدا بەشداریی حكومەتی نوێی هەرێم نەكات و ببێتە ئۆپۆزسیۆن. هەروەك ئەنجامی هەڵبژاردنیشی رەتكردەوە.
رۆژی 22/10/2018، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو كۆبوونەوەی نائاسایی كرد و لە بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هاتووە «ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا بەوەی كە یەكگرتوو لەم خولەدا بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانیی خۆی».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەمیانی پێشوازیی لە ئەلكسەندەر لاڤرینتییڤ نێردەی ...