سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » خوشکی بێ برا باخی بێ پەرژینە!

خوشکی بێ برا باخی بێ پەرژینە!

ئەوە پەندێکی کوردیە کە من سەدا سفریش لەگەڵی نیم بەڵام، لە کۆمەڵگا تا کۆمەڵگا ماناو کاریگەریەکەی ئەگۆڕێ.
لە کۆمەڵگای پیاوسالاری هەمیشە پیاو بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو ڕوێکەوە بە نموونەی هێز و دیوار و پەرژین و پارسەنگ بۆ تەواوی خێزان دانراوە، بەبێ ڕەچاوکردنی کچ و ژنە بوێرو بەتوانا و بەهێزەکانی خێزانەکەی.
زۆرجار کوڕێکی کاڵفامی تێنەگەیشتوو و پێنەگەیشتوو لەسەر خوشکە سەلار و ژیرو بەتواناکەی فەرزکراوەو تواناو لێهاتووی کچەکە کپ کراوە، بەلایانەوە شەرم بووە کچێکی بە توانا لەو خێزانە هەڵکەوێ لە کاتێکا لە چەند کوڕێک دانەیەکی بوێرو خاوەن هەڵوێست و مەردی تێدا هەڵنەکەوتووە.
ئەو خوشکەی لە برایەکانی بوێرترەو دەنگ لە ناهەقیەکان هەڵدەبڕێ و مست لە درێشە ئەدا، زۆر لەو برایانە مەردترە کە هەمیشە بە تەنیشت دیوارەوە ئەڕۆن نەوەک شتێکیان بەرکەوێ و دەستیان بە کڵاوە چڵکنەکەیانەوە گرتووە تا نەفڕێ و مێشکی بۆگەنیوی دواکەوتوویان لەژێر کڵاوەوە دەرنەکەوێ.
برا ئەگەر وەک لە کۆمەڵە( گا)ی پیاوسالاری ناوی نراوە پەرژین خۆ ئەبێ بتوانێ داکۆکی لە خوشک بکا، پاڵپشتی بێ، بیپارێزێ، ترسی حزب یا پلەو پۆست و دەسکەوت یا خێزان و هیچ شتێکی تر خوشکی نەخاتە لاوە بۆ هیچ کەس و لایەن و هۆیەک.
هەقە شەرم بیانکرێ کاتێک ئەو برایانە ئەبینن کە هەمیشە پشت و پارسەنگن بۆ خوشکەکانیان و هاوسەری نموونەیین بۆ خێزان و باوکی کراوەو دڵسۆزن بۆ کچەکانیان.
لەو کۆمەڵگایانە دەرکەوتنی کچ و ژنی سەرکەوتوو سێبەشی ئەگەڕێتەوە بۆ پیاوی مەردو بیرفراوانی خێزانەکەیان و لەسایەی پیاوی کەلەپووچ و دواکەوتووش چەندین ژنی بەهرەوەر و بەتوانا یا لەژێر ئەشکەنجەی پیاوی تری دڕندە یا حزبی فاشیدان و برا ترسنۆکە بێ هەڵوێستەکانی وەک کیسەڵ ئەچنەوە قاوغ و بۆ تاهەتایە سەرشۆڕی بۆ خۆیان تۆمارئەکەن.

 300 جار بینراوە