سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » مێرکل: بەم حاڵەوە ناتوانین چەکیان پێ بفرۆشین

سیـاسەتمەدارانی ئەڵمـانیا لە سعودیە نیگەرانن

مێرکل: بەم حاڵەوە ناتوانین چەکیان پێ بفرۆشین

لەو ماوەیە کوژرانی»جەمال خاشەقچی» رۆژنامەنووسی سعودی، لە میدیا و نێوەندی سیاسی وڵاتاندا زۆرترین پانتایی داگیرکرد و ئەو ڕووداوە بوە هۆی پەردە هەڵماڵین لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی بنەماڵەی پادشایەتی سعودی و زوڵم و زۆرداریەکانیان لە خەڵک، بۆیە ئەڵمانیاش زۆر بە دقەتەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکات و لەناو پارتە سیاسییەکاندا، کاردانەوەو هەڵوێستی جیاواز دەرکەوت. میدیای ئەڵمانیش رەخنە لە ئەنجیلا مێرکل و حکومەتەکەی دەگرن، چونکە دەبوایە پێشتر لەکاتی جەنگی یەمەندا هەڵوێستی توندی پیشان بدایە و چەکیان پێ نەفرۆشتایە.

مێرکڵ نیگەرانە
« ئەنجێلا مێرکل» راوێژکاری ئەڵمانیا لە تازەترین لێدوانیدا لەمبارەیەوە ووتی: كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی كارێكی دڕندانەیە، هاوكات بەڵێنیدا ناردنی چەكی ئەڵمانیا بۆ سعودیە ڕابگرێت، تا ئەو كاتەی ڕووداوەكە ڕوون دەبێتەوە، مێركڵ لەمیانی وتارێكدا لە شارۆچكەی ئۆرتینبێرگی وڵاتەكەی سەركۆنەی ڕووداوی كوشتنی خاشقچی كرد و نیگەرانی خۆی وڵاتەکەی دەربڕی.

سیاسەتیان دەگۆڕن
هەروەها ئەندریا نالیس» سەرۆکی پارتی سۆسیالدیموکرات بۆ ڕۆژنامەی» بێلد ئەم زۆنتاک» ڕایگەیاندوە: کە دەبێت لەمەودوا بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەین و چاو بە پەیوەندیەکانمان بخشێنینەوە، بە تایبەتیش لە بواری چەک ڕەوانە کردن، دەبێت سیاسەتمان بگۆڕین.

داوای هەڵوێستی هاوبەشی ئەوروپا دەکرێت
«پیتەر ئەڵتمایەر» وەزیری دارایی ئەڵمانیاش ڕایگەیاند: دەیانەوێت وڵاتانی دیكەی یەكێتی ئەوروپا هەمان ڕێچكەی وڵاتەكەی بگرنە بەر و هەناردەكانی چەكیان بۆ سعودیە ڕابگرن، ئاماژەی بەوەشكرد، رێككەوتنێك هەیە لەناو حكومەتدا كە ئێمە چیتر لەم كاتەدا چەك نانێرین، چونكە دەمانەوێت بزانین چی ڕوویداوە. ئەو وەزیرە ڕوونیشیكردەوە، زۆر گرنگە هەڵوێستێكی ئەوروپی هاوبەشمان هەبێت، هیچ كاریگەرییەك لەسەر سعودیە دروست نابێت ئەگەر هەموو وڵاتانی ئەوروپا یەك هەڵوێستیان نەبێت.

باشترین مشتەری چەکی ئەڵمانیایە
جێگەی ئاماژەیە سعودیە مشتەرییەکی باشی چەکی ئەڵمانیایە و لە سەرەتای ئەمساڵدا حكومەتی ئەڵمانیا ڕازیبوو بە فرۆشتنی چەك بە سعودیە بە بڕی ٤٦٢ ملیۆن دۆلار، كە ئەمەش وا لە سعودیە دەكات دووەمین وڵات بێت دوای جەزائیر كە زۆرترین چەكی ئەڵمانی دەكڕێت،

بایکۆتی دەکەن
« هایکۆماس» وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی ١ ووتی: تا لێکۆڵینەوەکان بە تەواوی بێتاوانی دەسەڵاتی سعودیە لەو ڕووداوە دەرنەخەن ، بەشداری هیچ ڕێوڕەسم و چالاکیەکی سعودیە ناکەم و بایکۆتی کارەکانیان دەکەم، سیاسەتی ئێمە ڕوونە سەبارەت بە دیموکراسیەت و ئازادیەکانی مرۆڤ، نابینە شەریک و دۆستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان.

نەهێڵن دەوڵەتی خراپ هەژمونی خۆیان بنیات بنێن
هەروەها خاتو «ئەنالینابیربوک» سەرۆکی پارتی سەوز پێویستی ڕاگرتنی چەکو تەقەمەنی بۆ سعودیە ڕاگەیاندو ئاشکرایکرد، کە زۆر لە مێژە پارتەکەیان داوای ئەوە دەکات کە ئیدی لە سایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و ماڵوێرانکەر و کانگای شەڕ و ماڵوێرانی، چەکی پێ نەفرۆشرێت و ڕێگای نەدرێت هەژمونی ئاژاوەچیەتی خۆی لەو ناوچەیە پەرەپێ بدات.

دەبێ توند بین بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە
«نۆبەرت ڕۆتگن»سەرۆکی لیژنەی سیاسی پەرلەمان بۆ ڕۆژنامەی « ڤێلت ئەم زۆنتاک» ووتویەتی: دەبێت لەمەودوا بەرامبەر سعودیە زۆر توندبین و نەهێڵین بە ئارەزووی خۆی مافەکانی مرۆڤ پێشێل بکا و خۆشی بە دۆستی ئەوروپییەکان بزانێت، ناوبراو بۆ گۆڤاری» دێر شپیگل» ئەوەشی درکاندوە، کە ئەڵمانیا خەریکی گرتنەبەری سیاسەتێکی تازەیە لە ئاست سعودیە.

گلەیی لەمێرکل هەیە
هەمان کات جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان «ڕولف مونتزینتش» بە ڕۆژنامەی «بایریشە ڕوند فونکت»ی وتوە: دەبێت هەموو جۆرە هەناردەکانی چەک ڕاگیرێ و ڕەخنەشی لە ئەنگێلا مێرکلی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گرتوە، دەرهەق بە مامەڵەی لەگەڵ ئەو سسیاسەتمەدارە بۆ رۆژنامەی «زود دۆیتشە تسایتۆنگ» یش وتویەتی: مێرکل ڕەزامەندی خۆی نیشانداوە پەیوەندی لە بواری سەربازیدا لەگەڵ سعودیە نوێ بکاتەوەو پەیوەندیە بازرگانیەکانیشی بخاتە ئەجێندایەکی تایبەتی و گرنگەوە.

باڵیۆزخانەکەیان بخرێتە ژێر چاودێریەوە
«ئەلمار بروک» سیاسەتمەداری پارتی دیموکراتی کریستیان کە هەمان کات پەرلەمانتاری ئەوروپاشە لە رێی ڕۆژنامەی « بێلد»ەوە داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد کە لە مەودوا بە کامێری تایبەتیەوە چاودێری باڵیۆزخانەی سعودیە لە بەرلین بکرێت و مەترسی ڕوودانی هەر کارەساتێکی وەک ئەوەی خاشقچی بڕەوێندرێتەوەو دەبێت باڵیۆزخانە بخرێتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێری دەزگا ئەمنیەکان.

نابێت وا بە سانایی تێپەڕێت
«ئۆلاف شۆڵز» وەزیری دارایی ئەڵمانیا لەسەر داوای مێرکل لە بەیاننامەیەکدا فرۆشتنی هەموو جۆرە چەکێکی بۆ سعودیە ڕاگرت تا ئەو کاتەی مەسەلەکە بۆهەموو لایەک روون دەبێتەوە،شۆڵز کە هەمان کات جێگری بەرپرسی پارتی سۆسیالدیموکراتیشی ڕوونی کردەوە کە ڕووداوی لەمجۆرە ناکرێت جارێکی تر ڕووبداتەوەو ئەوەی ئێستاش هەروا بە سانایی ڕەت ببێت

ڕاهێنانی پاسەوانی سنورەکانیش ڕاگیرا
وەزارەتی ناوخۆش ڕایگەیاند: لەم مانگەوە ڕاهێنانی پۆلیسی پاسەوانی سعودی ڕادەگرێت، ئەو حەفتا ئەفسەرە شارەزایەش دەهێنێتەوە بەرلین کە بە مەبەستی ڕاهێنانی پۆلیسی سعودی لە ڕیازی پایتەخت خەریکی وانە وتنەوەن، لە بەیاننامەی وەزارەتەکەدا هاتووە کە بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی لە کۆڵەگە سەرەکیەکانی دیسپلینی سوپا و پۆلیسە و نابێت پێشێل بکرێن.

دەخوازن عەیبەکانی بنەماڵە بپۆشن
میدیای ئەڵمانیا بە گشتی ڕەخنە لە حکومەتی ئەڵمانیا دەگرێ کە مامەڵەیەکی دۆستانە لەگەڵ سعودیە دەکا و ئەو سیاسەتە تازەیەی کە ناویشی دەهێنن، پێیانوایە زۆر درەنگە و دەبو زوو بگرایاتەبەر، لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی «فرانکفۆرتە ئەلگێماینە زایتۆنگ» نوسیویەتی: هەموو ڕۆژئاوا بەرژەوەندی ئابوری و بازرگانیان لەگەڵ دەسەڵاتی بنەماڵە هەیە بۆیە دەخوازن و دەپاڕێنەوە کە لە دەرکەوتنی تاوانبارانی ئەو ڕووداوەدا دەسەڵاتی بنەماڵە دەستیان نەبێ و هەوڵ ئەدەن بۆیان بپۆشن، بۆیە مەحاڵە دەستبەرداری ئەو نیعمەتە بن.

ئەوەی ئێستا ئەڵمانیا دەیکات زۆر درەنگە
«فرانکفۆرتە ڕۆندشاو» یش نوسیویەتی: سعودیە دەستێکی خوێناوی لە شەڕ و کوشتاری یەمەندا هەیە و چەکی ئەڵمانیش بە خەستی لەو شەڕانەدا بەکاردێت، ئەوەی ئێستا هەڵوێست بەرامبەر بەو بنەماڵەیە دەنوێنێت، دەبو ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر ئەو هەڵوێستەیان هەبوایە و ئێستا کار لە کار ترازاوە.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

 58 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*