سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ره‌خنه‌ی پڕاكتیكی یان قسه‌ی گشتی؟

ره‌خنه‌ی پڕاكتیكی یان قسه‌ی گشتی؟

وه‌ڵامێك بۆ نه‌جات نوری

مه‌حمود نه‌جمه‌دین

له‌ سه‌رده‌می پاره‌ زۆرییه‌كه‌دا كه‌ پاره‌ ته‌خشان و په‌خشان ده‌كرا، گه‌لێك وتاری له‌م شێوه‌یه‌ له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ده‌نووسران كه‌ قسه‌ی گشتی بوون و هیچ گه‌نده‌ڵێكیان تۆمه‌تبار نه‌ده‌كرد بۆ نموونه‌: گه‌نده‌ڵی ئه‌م وڵاته‌ی وێران كردووه‌. یان گه‌نده‌ڵی ده‌ستی ناوه‌ته‌ بینه‌قاقای خه‌ڵك. جا ئه‌م جۆره‌ نووسینانه‌ زۆرجار له‌ لایه‌ن گه‌نده‌ڵه‌كانه‌وه‌ ده‌نووسران، بۆ مه‌به‌ستی خۆ ده‌ربازكردن و ئه‌ستۆپاكی. هاوكات هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیش بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌وێری ره‌خنه‌یان لی بگری. بۆیه‌ ئه‌و هه‌موو وتار و نووسینه‌ی به‌ ناوی گه‌نده‌ڵی و چاره‌سه‌ركردنی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ نووسران هیچ سوودێكیان به‌ كۆمه‌ڵی كورده‌واری نه‌گه‌یاند.
جێگای داخه‌ ئه‌م جۆره‌ نووسینانه‌ بۆ دنیای رۆشنبیریی بپه‌ڕێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ساڵانێكه‌ له‌ نائاماده‌یی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا هه‌ندێك بابه‌ت ده‌نووسرێن هیچ خزمه‌تێك به‌ دنیای ئه‌ده‌بی كوردی ناكه‌ن، بابه‌ته‌كان زۆرتر گشتین. بۆ نموونه‌ ده‌نووسری ئه‌ده‌بی كوردی له‌ قه‌یراندایه‌، حاڵی شیعر زۆر خراپه‌. رۆمان بووه‌ به‌ گاڵته‌ی منداڵان… ئه‌م جۆره‌ نووسینانه‌ش خزمه‌ت به‌ ئه‌ده‌بی كوردی ناكه‌ن، چونكه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌نییه‌، ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی شتێكی دیكه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی باش و خراپ. له‌ ده‌ره‌وه‌ی ستایش و پێیاهه‌ڵدان و شكاندنه‌وه‌. ره‌خنه‌ ده‌بی له‌ چوارچێوه‌ی میتۆدی ئه‌ده‌بی و رێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا بنووسری. ئه‌مه‌ش ئیشی ئه‌و ره‌خنه‌گرانه‌یه‌ كه‌ ساڵه‌هایه‌ سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌ بواری ره‌خنه‌دا، ده‌بی ئه‌وان بێن به‌رهه‌می نووسه‌رێك بهێنن و شیكاری بكه‌ن و به‌ گوێره‌ی میتۆدی ئه‌ده‌بی هه‌ڵیسه‌نگێنن، نه‌ك وه‌كو نه‌جات نوری له‌ وتاره‌كه‌یدا كه‌ له‌ ژێر ناوی « له‌پێناوی ئه‌ده‌بێكی باشتردا» له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌ () رۆژی () بڵاوبۆته‌وه‌، هه‌ر سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌ی به‌قسه‌ی نیچه‌ و ئیمام جه‌عفه‌ری سادق ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ ده‌بوو نووسه‌ر به‌ قسه‌ی تۆدۆرۆڤ و عه‌بدوڵڵا غوزامی و رۆڵان بارت، یان له‌ ژێر رۆشنایی ئامۆژگاری نووسه‌ره‌ داهێنه‌ره‌كانی جیهاندا ده‌ستیپیبكردایه‌. ئیمام جه‌عفه‌ری به‌سته‌زمان چوزانی رۆمان و چیرۆك چییه‌.
هه‌رچی نووسینه‌كه‌شه‌ سه‌رله‌به‌ری قسه‌ی ئاسایی و رووكه‌شە كه‌ به‌ڕای من زیاده‌ن و هیچ خزمه‌تێك به‌ رۆماننووس و چیرۆكنووسه‌كان ناكه‌ن. من دووجار ئه‌م وتاره‌م خوێنده‌وه‌ رسته‌یه‌كی میتۆدیم نه‌بینی پێمان بڵێ كام رۆمانه‌ خراپه‌ و بۆچی خراپه‌. كام رۆمانه‌ باشه‌ و بۆچی باشه‌. ئه‌م قسانه‌ گشتین، بۆیه‌ من گومانم هه‌یه‌ كاك نه‌جات شاره‌زایی له‌ میتۆد و رێسای رۆمان و چیرۆك هه‌بی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر شاره‌زایی هه‌بوایه‌ و لێی بزانیبایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌ی نه‌ده‌كرد و ده‌هات رۆمانێك له‌و رۆمانه‌ خراپانه‌ی هه‌ڵده‌بژارد و شیكاری بۆ ده‌كرد و كه‌موكوڕییه‌كانی نیشانده‌دا.
ده‌بوو پێش هه‌موو شتێك پێناسه‌ی رۆمانی باش و خراپی بۆ بكردینایه‌ و ئینجا له‌ ژێر رۆشنایی ئه‌و پێناسه‌یه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی پڕاكتیكی بۆی بسه‌لماندینایه‌ كام رۆمانانه‌ باشن و كامانه‌ خراپن به‌بێ گوێدانه‌ هه‌ڵوێستی نووسه‌ره‌كانیان. چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ خراپه‌كانی تووڕ بدایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی رۆمانی كوردی، چونكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بێت قسه‌كانی له‌ هه‌وادا ده‌مێننه‌وه‌ و كه‌س گوێیان لی ناگرێت و نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر خۆی دروست ده‌كات كه‌ توانای ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ پڕاكتیكییه‌ی نییه‌.
ئه‌گه‌ر قسه‌كردن له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی به‌بی به‌ڵگه‌ نووسه‌ر رووبه‌ڕووی دادگا بكاته‌وه‌ خۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر رۆمان نووسه‌ر رووبه‌ڕووی هیچ مه‌ترسییه‌ك ناكاته‌وه‌، كه‌واته‌ قسه‌ی گشتی له‌سه‌ر رۆمان چ هونه‌رێكی تێدایه‌ خۆ هه‌موو كه‌سی ئه‌گه‌ر كۆڵكه‌نووسه‌ریش بێت قسه‌ی گشتی ده‌زانێ.
هه‌ر كه‌سیك ئه‌گه‌ر خوێنده‌وارییه‌كی چاكیشی نه‌بی ده‌توانی به‌رهه‌می خه‌ڵكی ره‌فز بكات و هیچی تێناچێت، به‌ڵام كاتێك به‌بی به‌ڵگه‌ ره‌فزی بكات و قسه‌یه‌كی جیدی نه‌بێ ته‌نیا یه‌ك شت ده‌سه‌لمێنی ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ لێی نازانی. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می كه‌سێكیش ستایش بكرێت ده‌بی به‌ڵگه‌ی په‌سه‌ندكردنی هه‌بێت، ده‌نا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستخۆشی ده‌رناچی و نه‌خوێنده‌واره‌كانیش ده‌توانن ده‌ستخۆشی بكه‌ن، كه‌ به‌رده‌وام ده‌یكه‌ن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ قسانه‌ی وه‌كو وتاره‌كه‌ی نه‌جات نوری ناچنه‌ چوارچێوه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ و نووسینه‌كه‌ی نووسینێك نییه‌ سوودی هه‌بی بۆ ئه‌ده‌بی كوردی. به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی گه‌لێك به‌رهه‌م نووسراون و به‌بی ده‌نگی تێپه‌ڕیون. كه‌ ده‌بوو ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی قسه‌ی هه‌بی له‌سه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مانه‌. قسه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌دح و زه‌م. ئه‌وه‌ ره‌خنه‌ نییه‌ ئێمه‌ بێین بڵێین وڵاته‌كه‌ پڕ بووه‌ له‌ رۆماننووس. جا با پڕبێت له‌ رۆماننووس، بۆ خراپه‌؟ خۆ رۆماننووس تیی ئێن تی پێ نییه‌. یان بڵێین به‌ فه‌رده‌ چیرۆكی خراپ بڵاوده‌بێته‌وه‌ و به‌ دوو دێڕیش خراپی چیرۆكێك ده‌سنیشان نه‌كه‌ین، ئه‌م جۆره‌ نووسینانه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ سوودیان نییه‌ ره‌خنه‌گرێك كه‌موكوڕی چیرۆكێك ده‌ستنیشان بكات، كه‌ نه‌ك نووسه‌ری چیرۆكه‌كه‌ بگره‌ ده‌یان چیرۆكنووسی دیكه‌ش سوودی لێ ده‌بینێ.
ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌خنه‌گرێكی شاره‌زا بێت رۆمانێك به‌ ده‌قیقی هه‌ڵبژێرێ و دوور له‌ مه‌سه‌له‌ی سۆزداری شیكاری بۆ بكات. ئه‌م رۆمانه‌ ئه‌گه‌ر جوانه‌ بۆچی جوانه‌، ئه‌گه‌ر خراپه‌ و ناچێته‌ چوارچێوه‌ی رۆمانه‌وه‌ بۆچی خراپه‌. ده‌بێ ره‌گه‌زه‌كانی رۆمانی تێدا بدۆزرێته‌وه‌» رووداو، گێڕانه‌وه‌، پلۆت، كاره‌كته‌ر و ره‌هه‌نده‌كانی كاره‌كته‌ر، ره‌هه‌ندی ده‌روونی و فیزیكی و كۆمه‌ڵایه‌تی…» كه‌شف بكرێت، نه‌ك به‌ مه‌سه‌له‌ی سۆزداری قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت ئه‌م رۆمانه‌ جوانه‌ یان ناشیرینه‌. جاری واهه‌یه‌ بابه‌تێك به‌ ناوی رۆمانه‌وه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ به‌لای خوێنه‌ره‌وه‌ جوانه‌، زمانه‌كه‌ی جوانه‌، گێڕانه‌وه‌كه‌ی جوانه‌.. به‌ڵام رۆمان نییه‌، رۆمانیش هه‌یه‌ رێسای رۆمان سه‌د ده‌ر سه‌د ته‌واوه‌، به‌ڵام رۆمانه‌كه‌ سه‌رنجڕاكێش نییه‌، یان سه‌ختگیره‌ و خوێنه‌ر ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ت.
له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ڕای من ئه‌و وتاره‌ی نه‌جات نوری خزمه‌ت به‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ناكات، چونكه‌ ئه‌و به‌گشتی قسه‌ ده‌كات و نایه‌ت بابه‌تێك یان رۆمانێك یان یه‌ك چیرۆك هه‌ڵبژێرێت و قسه‌ی له‌سه‌ر بكات و شیكاری بۆ بكات. كه‌ كه‌موكوڕییه‌كانی چین؟ ئه‌مه‌ش پێم وایه‌ هێنده‌ی كاری ره‌خنه‌گره‌ كاری كاك نه‌جات نییه‌ كه‌ هیوام وایه‌ بێنه‌ مه‌یدان و قسه‌ی خۆیان هه‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ده‌نووسرێن، چونكه‌ نه‌بوونی ره‌خنه‌ دواجار گوناهی ره‌خنه‌گره‌كانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆمان هه‌یه‌، چیرۆك هه‌یه‌، ساڵانێكه‌ چیرۆك و رۆمانی زۆر ده‌نووسرێ و بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و به‌بێ ده‌نگی ده‌ڕوات و ره‌خنه‌گره‌كان ناڵێم هه‌ر قسه‌یان نییه‌، به‌ڵام بواری ره‌خنه‌ كزه‌ و كه‌مترین قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ده‌كرێ. ره‌خنه‌گر نابێت گوێ بدات به‌وه‌ی خاوه‌نی رۆمانه‌كه‌ عاجز ده‌بێ یان رقی لێ هه‌ڵده‌گرێ، چونكه‌ هه‌ر به‌رهه‌می كه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نووسه‌ره‌كه‌وه‌ نامێنی و به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بییه‌ و هه‌ركه‌س ده‌یخوێنێته‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكات. به‌تایبه‌تی ره‌خنه‌گره‌كان. به‌ڵام قسه‌ی ئاسایی نا، به‌ڵكه‌ ره‌خنه‌ و شیكاری و ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕییه‌كان، یان نیشاندانی جوانییه‌كانی ئه‌و ده‌قه‌، نه‌ك قسه‌ گه‌لێك كه‌ زۆرجار ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی مه‌دح و ستایشكردنن به‌ ده‌ستیاو.
قسه‌ی كۆتاییشم ئه‌وه‌یه‌ ره‌خنه‌گری جدی بێنه‌ پێشێ و به‌ پێوه‌ری ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی شیبكه‌نه‌وه‌ به‌ به‌رهه‌مه‌كانی به‌نده‌ و نه‌جات نوری و هه‌موو ئه‌و رۆمان و چیرۆكانه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی نووسراون. نه‌ك به‌م شێوه‌ نووسینه‌ی نه‌جات نوری كه‌ من پێم وایه‌ ئه‌م قسانه‌ خزمه‌تی ئه‌ده‌بی كوردی ناكات و به‌ڵكه‌ ئه‌وانه‌ی خراپ ده‌نووسن به‌سه‌رخۆیانی ناهێنن، ئێ كه‌ ناویان نه‌هاتبێ ئیدی بۆچی خۆیان هه‌ڵقورتێنن. له‌ كۆتاییدا رێزی زۆرم بۆ هاوڕێم نه‌جات نوری هه‌یه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌م خه‌مخۆرییه‌ بۆ ئه‌ده‌بی كوردی. كه‌ من پێموایه‌ نه‌جات نوری بۆ خۆشی قوربانی ئه‌و دۆخه‌یه‌، خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك رۆمان و كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كه‌مترین ئاوڕی لێداوه‌ته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەزانی چۆن حەزدەکەم هەڵوەرێم؟

‎ئاوات حەسەن ئەمین ‎حەز دەکەم .. کاتێ ‎وەختی ماڵئاواییم دێت ...