سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » توركیا چی‌ تریان گه‌ره‌كه‌

خورجە

توركیا چی‌ تریان گه‌ره‌كه‌

1
فه‌قێ‌ قادری‌ هه‌مه‌وه‌ند كه‌ شاعیرێكی‌ سۆفی‌ و خواناس بووه‌ و ماوه‌یه‌كیش قایمقامی‌ بازیان و چه‌مچه‌ماڵ بووه‌، له‌ دێڕه‌ شیعرێكا سه‌باره‌ت به‌ تورك ده‌ڵێ‌ :
هه‌ركه‌سێ‌ به‌ تورك بكه‌رۆ باوه‌ڕ
ئه‌حمه‌ق ئه‌وه‌یه‌ له‌من ئه‌حمه‌ق تر
قسه‌له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ كورد ده‌توانێ‌ چی‌ بۆ تورك بكات، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ تورك و ئه‌ردۆغان له‌وه‌ زیاتر چیان له‌ ئێمه‌و له‌ كورد ده‌وێت له‌ باكورو رۆژئاواش، ئه‌رێ‌ تا كوێ‌ بڕوا به‌وه‌ بكه‌ین تورك له‌وه‌ زیاتر داوای‌ لاره‌ خواریمان لێناكه‌ن، هه‌ڵبه‌ت مه‌سه‌له‌كه‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌ خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌، خۆمان « كه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌كتر دڕین چه‌شنی‌ هه‌ڵۆ « لێ‌ بۆ ئه‌وانی‌ تر « شڕین چه‌شنی‌ په‌ڕۆ «توركیا ده‌یه‌وێت كورد نه‌ك پێكه‌وه‌ نه‌بن و ته‌با نه‌بن، بگره‌ هه‌میشه‌ شه‌ڕی‌ یه‌كتر بكه‌ن، شه‌ڕی‌ كوشتنی‌ یه‌كتر تا كاوێز ئاغایه‌كی‌ دی‌ په‌یدا بێت و بڵێ‌ « هاوار بكه‌نه‌ توركا كورد خائینه‌».
2
ئێستا كه‌ ئه‌ردۆغان به‌ فه‌ڕمی‌ داوای‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵحی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق كردووه‌، سه‌ردانی‌ ئه‌و وڵاته‌ بكات،به‌ باوه‌ڕی‌ من پێویسه‌ دكتۆر به‌رهه‌م هه‌مان شوێن پێی‌ تاڵه‌بانی‌ هه‌ڵبگرێت و داوای‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ئاشتی‌ و گفت و گۆی‌ كوردو تورك بكات، زۆر مه‌زنیشه‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا پێداگری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات یان ئه‌وه‌تا خۆی‌ سه‌ردانی‌ ئاپۆ بكات یان داوا بكات ئابڵوقه‌ی‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵبگیرێت، ئاپۆ جگه‌ له‌ په‌یامبه‌رێكی‌ ئاشتی‌ خواز كه‌سێكی‌ تر نیه‌، هه‌ر به‌ بۆنه‌ی‌ توركه‌وه‌ ئه‌رێ‌ هه‌ژاری‌ موكریانی‌ مه‌به‌ستی‌ كێیه‌ كه‌ ده‌ڵێت :
نۆ مانگه‌ له‌ به‌ر مه‌مكانه‌
دایكی‌ یه‌خسیری‌ توركانه‌
هه‌رچی‌ ده‌یبینێ‌ یه‌خسیره‌
وه‌ك دایكی‌ مل به‌ زنجیره‌
3
له‌ كۆتایدا هه‌رده‌بێت یه‌كێك به‌ر به‌م خوێنڕشتنه‌ بگرێت و ئاشتی‌ به‌رقه‌رار بكات، من تێناگه‌م بۆچی‌ ئه‌م ئه‌ردۆغانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ حه‌ز له‌ رشتنی‌ خوێنه‌، ئاخۆ له‌كوێی‌ قورئان و فه‌رموده‌دا باسی‌ كوشتنی‌ برای‌ هاودین كراوه‌، ئه‌و ده‌ست له‌ مناڵ و ژنیش ناپارێزێت، لێ‌ دیسان خه‌تاكه‌ خۆمانین، ئاخر خۆمان هه‌رگیز به‌ یه‌كه‌وه‌ نین، یانی‌ دوو كورد ناتوانن تا سه‌ر پێكه‌وه‌ بن، ئه‌مه‌ ده‌بێت له‌ هۆكاره‌كانی‌ بكۆڵینه‌وه‌و بزانین بۆ ده‌بێ‌ وابین.
ئه‌رێ‌ كه‌ تورك به‌رده‌وامن له‌ گوشاردروستكردن بۆ سه‌ر كورد، به‌ تایبه‌ت له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان و له‌و بسته‌ خاكه‌ی‌ به‌ خوێنی‌ هه‌زاران كورد له‌ داعش پارێزرا و كورد شه‌ڕی‌ داعشی‌ له‌ بری‌ هه‌موو دنیا كرد، ئه‌دی‌ ئه‌وه‌ بۆ ماكگۆرك هه‌نگاوه‌كانی‌ له‌ قسه‌ تێناپه‌ڕن.

 214 جار بینراوە